سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) مامەڵەی خراپ بەو پارەیەوە دەکات کە بەخشەرە ناوخۆیی و بیانیەکان دابینیانکردووە بۆ فریاگوزاریی لافاو، تا پاڵپشتی دارایی دابینبکات بۆ کارنامەی دەرەکی و پارە بداتە گروپە چەکدارەکانی سەر بەخۆی، پسپۆڕان و چاودێران وتیان.
وتیان لەکاتێکدا دەیان هەزار ئێرانی بەردەوامن لە مەینەتکێشان بەهۆی کارەساتی لافاو و بارانه بەلێزمەكانی نیسانەوە، ئەو پاڵپشتیەی بەمەبەستی یارمەتیدانیان دانراوە، بەکاردەهێنرێت بۆ پارەدان بە گروپەکانی سەر بە پاسداران لە عێراق و یەمەن و سوریا.
توێژەرێكی ناوهندی شەرق بۆ توێژینەوە ناوچەیی و ستراتیژییەکان، فەتحی سەید کە پسپۆڕە لە کاروباری ئێراندا، وتی: "بەئاشکرا، پاسداران هەموو ئەو کۆمەکە داراییە دابەشناکات بۆ ئەو ئێرانیانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە."
بە مەشاریقی وت دوای پشکنین، ئەوە ئاشکرایە کە بڕی ئەو کۆمەکەی دابەشکراوە بەسەر خەڵکدا هاوتای ئەو بڕە نیە کە گەیشتۆتە دەست ئێران.
وتی ئەم ناهاوتاییە دەکرێت بۆ پاسداران بگەڕێنرێتەوە، کە دەستیگرتووە بەسەر "هەزاران دۆلاردا کە بۆ خەڵکانی زیانلێکەوتووی لافاوهكان نێردراون".
روونیکردەوە لەکاتێکدا زۆر لەو حساب بانکیە ئێرانیانەی کرانەوە بڕێکی زۆر بەخشینیان پێگەیشت، بەرپرسانی ئێرانی دایانخستن و پارەکانیان گواستەوە بۆ پاسداران.
پاساوی ئەم هەنگاوەیان ئەوە بوو کە حسابەکان مۆڵەتی گەیشتنی کۆمەکی داراییان پێنەگەیشتووە و وتیان تەنیا هەندێك گروپ، لەنێویاندا مانگی سووری ئێرانی، ئەو مافەیان هەیە.
وتی زۆر وڵات کۆمەکی پێویستیان بەخشێوە بە ئێران سەرەڕای جیاوازی سیاسییان لەگەڵ ئەو رژێمە، چونکە نیگەرانیی مرۆییان خستۆتە پێشەوە.
وتی سعودیە و ئیمارات بەشدارییان کرد بە بڕێکی زۆری کۆمەك، هەروەك عەمان و کوەیت و ئاماژەیکرد بەوەی بڕی دابەشکراو زۆر کەمترە لەوەی نێردراوە.
وتیشی: "راگەیاندنی ناردنی کۆمەك لەلایەن سوریاوە بۆ ئەوانەی زیانیان پێگەیشتووە بووە جێی گاڵتەپێکردن لەلایەن ئێرانیەکانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا،" بەجۆرێك بەکارهێنەران دەیانووت پارەی بەخشراو لهڕاستیدا بۆ خەڵکی ئێران بووە.
خەڵکی ئێران تووڕەن
نوسەرێكی بهرههڵستی رژێمی ئێران و شیکاروانی سیاسی، عەلی نەریمانی بە مەشاریقی وت: "خەڵکی ئێران توڕەن لە کۆنترۆڵی پاسداران بەسەر [پرۆسەی] سیاسیدا لە ئێران و دهسهڵاتی بەسەر تەواوی وردەکارییەکانیدا، جا هەر چیەك بێت."
وتی دەستێوەردانی پاسداران سەردەکێشێت بۆ "دابەشکردنی پارەی کۆمەك یان تەنانەت شمەکی خۆراکی بەخشراو" بە خەڵکی ئێران لەلایەن چەندین وڵات و رێکخراوە مرۆییەکانی جیهان و نەتەوە یەکگرتوەکان و دەزگاکانیانەوە.
ئاماژەیکرد بەوەی بەکارهێنانی میلیشیا عێراقیەکان لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری و کردنەوەی رێگەکان بەو ئۆتۆمبیلە گەورانەی دابینیانکردوون "لەلایەن ئێرانیەکانەوە بەفراوانی رەخنەی لێگیرا".
وتی ئەمە لەبەرئەوەی میلیشیاکان زیاتر بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن پاسدارانەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن "ههروهها لۆژیکی نیە کە پاسداران [خۆی] ئۆتۆمبیلی گەورە و بلدۆزەری نهبێت بۆ کردنەوەی رێگاکان"، لەکاتێکدا پارە دەداتە میلیشیا عێراقیەکان لە پارەی خەڵکی ئێران.
نەریمانی وتی بێگومان لافاوەکە "فەرامۆشکردنی فراوانی ئەرکی حکومەتی ئێرانی دەرخست بەرامبەر خەڵکی ئێران".
وتی لەکاتی کارەساتی سروشتیدا هەموو وڵاتان كۆمهكی وڵاتانی دیکە دەكەن، بەڵام وڵاتانی زیانبەرکەوتوو بەشێوەیەکی ئاسایی خۆیان بڕێکی گەورەی کۆمەکەکە دابیندەکەن.
وتی بەڵام لە دۆخی ئێراندا، ئەو کۆمەکەی دابەشکرا بۆ ناوچە زیان بەرکەوتووەکان بە لافاو لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە بەخشرا، لەگەڵ هەندێك وڵاتانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکان.
وتیشی: "بۆنمونە کوەیت پردێکی هەوایی دامەزراند بۆ گواستنەوەی خۆراك و کۆمەکی تەندروستی و کاڵای لۆجستی بۆ یارمەتیدانی ئهو ئاوارانهی ناوچە بەر لافاو کەوتوەکانیان جێهێشتبوو."
دزینی پارەی خەڵك
پارێزەری سوری، بەشیر بەسام بە مەشاریقی وت خەرجی بڕێکی زۆر پارەی بەردەوامی پاسداران بۆ گروپەکانی سەر بەخۆی لە دەرەوەی ئێران "دزییەکی ئاشکرایە لە پارەی خەڵکی ئێران".
وتی لەگەڵ ئەو کۆمەکەش کە دەیداتە مەدەنیەکان لە سوریا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی و پاڵپشتی سەربازیی بەردەوامیشی بۆ رژێمی سوریا، هەروەها سووربوونی لەسهر دامەزراندنی کارگەی چەك و کەمپی سەربازی لە سوریا.
وتیشی خۆراك و پارەی لە ئێرانەوە هێنراو لە زۆر بەشی پارێزگای دێرەزووری سوریا دابەشکراون.
وتی: "ئەوە شتێکی ئاسایی یان عەقڵانی نیە پارەی خەڵك بنێریتە دەرەوە بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکانت لەکاتێکدا خەڵکەکەت دەرگیری کارەساتێکی تێکشکێنەرن و پێویستیان بە کۆمەکی دارایی و لۆجستی و كۆمهكی مرۆیی هەیە."
بەسام وتی: "ئەمە ئاشکراترین بەڵگەیە بۆ سیاسەتی تاوانکارانەی پاسداران کە بەرژوەندی [بهدوکەوتنی] ئامانجە سیاسییەکانی دەخاتە پێش بەرژەوەندی ناوخۆ و بەرژەوەندی خەڵکەوە."