هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

بەرپرسانی عێراقی: قەدەغەکردنی 'هۆشداری خێڵەکی' کاردەکات

عەلا حسێن لە بەغدا

ئەفسەرانی پۆلیس لە کۆنفرانسێكدا دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەککەی عەشایەری لە 28 تشرینی دووەمی 2018. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی زیقار]

ئەفسەرانی پۆلیس لە کۆنفرانسێكدا دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەککەی عەشایەری لە 28 تشرینی دووەمی 2018. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی زیقار]

لەوکاتەوەی بەرپرسانی عێراق "هۆشداری خێڵەکی"یان بە کردەیەکی تیرۆریستی پۆلێنکردووە، ئەو کردە کوشندەیە کە زۆرجار دەکرا، لە کەمبوونەوەدایە، بەرپرسان رایانگەیاند.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە 8 تشرینی دووەم نەریتێکی کۆنی خێڵەکیی ناسراو بە دەککەی عەشایەری (هۆشداری خێڵەکی) وەك کردەی تیرۆریستی پۆلێنکرد کە سزاکەی بەگوێرەی یاسای ژمارە 13 ساڵی 2005 ی دژە تیرۆریزمە.

ئەم هەنگاوە، کە بەشێكە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ سنووردارکردنی خاوەندارێتی چەك و باشترکردنی ئاسایشی ناوخۆ، سزای تێدایە کە دەکرێت زیندانی هەتاهەتایی یان تەنانەت سزای مەرگیش بێت.

دەککەی عەشایەری نەریتێکە هۆزە عێراقیەکان بەکاریاندەهێنا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری. ریشسپییە خێڵەکییەکان لایەنە ناکۆکەکان دەهێننە بەرامبەر یەك بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە، بەڵام گەر لایەنێك شکستی هێنا لەوەی ئامادەی کۆبوونەوەکە بێت، هۆزی بەرامبەر دەتوانێت تەقە لە ماڵەکەی بکات.

کۆنفرانسێك لەلایەن پۆلیسی زیقاره‌وه‌ لە 28 تشرینی دووەمی 2018 تاووتوێی کاریگەرییە نەرێنیەکانی دەککەی عەشایەری دەکات. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی زیقار]

کۆنفرانسێك لەلایەن پۆلیسی زیقاره‌وه‌ لە 28 تشرینی دووەمی 2018 تاووتوێی کاریگەرییە نەرێنیەکانی دەککەی عەشایەری دەکات. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی زیقار]

ئەمە بۆتە هۆی رووداوی وا کە دەیان پیاوی خێڵەکیی چەکدار لەبەردەم ماڵی ئەندامێكی خێڵی بەرامبەردا کۆدەبنەوە و بەر فیشەکی دەدەن، كه‌ زۆرجار کاریگەریی کوشندەی دەبێت.

دەزگا ئەمنیەکانی عێراق پێشتر خۆیان بەدووردەگرت لە رێگرتن لە "دەککە"، وایاندەبینی نەریتێکی کۆنی خێڵەکییە و دەترسان كاردانەوەی هەبێت گەر قەدەغەی بکەن.

بەڵام دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵی له‌ پارێزگاکە لە 19 نیساندا رایگەیاند لەوکاتەوەی پۆلێنکراوە بە کردەیەکی تیرۆریستی، کردەی دەککە لە پارێزگای زیقار بەڕێژەی له‌سه‌دا 80 کەمیکردووە لە شارەکان و له‌سه‌دا 20 لە گوندەکان.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای زیقار، عەبدولڕەحمان تائی وتی: "ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە دەبوو زۆر پێشتر بدرایە." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ پۆلێنکردنی دەککە بە کردەیەکی تیرۆریستی "دەستوەردان نیە لە نەریت و باوەڕی خێڵەکیدا".

بە دیارونای وت زۆربەی سەرۆك خێڵەکان پشتگیریی بڕیارەکە دەکەن، چونکە وایدەبینن کردەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە.

سنووردارکردنی خاوەندارێتی چەك

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم كەعود بە دیارونای وت بڕیارەکە "بەشێکە لە هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ کۆتاییهێنان بە بڵاوبوونەوەی چەك لەنێو کۆمەڵگەی عێراقدا".

وتی هەندێك کەس سودی خراپیان لە نەرمیی دەوڵەت بینی بۆ ئەنجامدانی کردەی نایاسایی "بە پاساوی ئەوەی نەریتی خێڵەکیین، ئەمە قبوڵناکرێت و لە ئاسایشی نیشتیمانی دەدات".

کەعود وتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکان رێنمایی نوێیان دەرکردووە بۆ سنووردارکردنی هەڵگرتنی چەك، بەتایبەتی لەئێستادا کە ئاسایش باشتربووە لەوکاتەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) شکستیهێناوە.

وتی خێڵەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە شەڕکردندا دژی داعش و پاڵپشتیكردنی هێزە ئەمنیەکان، "بەڵام ئەمە مانای ئه‌وه‌ نیه‌ کۆنترۆڵی چەك و رێگرتن له‌وه‌ی چەك بکەوێتە دەستی کەسە یاخییەکانه‌وه‌ فه‌رامۆشبكرێت".

یاسای دژە تیرۆریزمی عێراق

پسپۆڕی یاسایی، حەیان خەیات بە دیارونای وت یاسای دژە تیرۆریزمی عێراق ئەوە دیاریناکات چ کردەیەك کاری تیرۆریستیە، بەڵام "بنه‌ما گشتییەکان دیاریدەکات کە هەموو ئەو کردانەن کە هاوڵاتیان دەتۆقێنن".

وتی بە ناساندنی دەککە بە کردەیەکی تیرۆریستی، ئەنجومەنی دادوەری بڕیارەکەی لەسەر بنەمای "پێویستی بۆ رێگرتن لەو کردەیە دا کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنیەتی هاوڵاتیان و کەمبایەخکردنی سەروەریی دەوڵەت".

خەیات وتی بەبڕوای ئەو، ئەمە "لێکدانەوەیەکی زیرەکانە بوو کە تەریبە بە جەختکردنەوەی دەوڵەت لەسەر جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە دەزگا ئەمنیەکان".

داوایکرد بەدەستهێنانی چەك سنوورداربێت بۆ ئه‌و چه‌كانه‌ی مۆڵەتی یاسایی هەڵگرتنیان هەیە و ئاماژەیکرد بەوەی ئەمە یارمەتی دادوەری دەدات بۆ دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی تاوانباران لە دۆخێکدا کە تاوان ئەنجامبدرێت.

وتی ئەمە دەشبێتە رێگر بۆ ئەوانەی "دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان لەژێر پەردەی پەیوەندیدا بە خێڵێك یان گروپێكی چەکدارەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500