شەڕی تووند روودەدات لە ناوچەیهكی شاری حەلەب لەنێوان میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) و میلیشیاکانی سەر بە روسیادا، چالاکوانێکی حەلەب بە دیارونای وت.
چالاکوان ئەحمەد سالم وتی پێکدادانە نوێکان دوای شەپۆلێکی نوێ لە توندوتیژیدێن لەنێوان هەردوولادا کە ماوەی مانگێكە بەردەوامە و لانیکەم 19 کەس بەهۆیانەوە كوژراون.
بە دیارونای وت توندوتیژییەکە بۆتە هۆی دووبەرەکی لە ناوچەکە کە کاریگەریی تووندی هەیە لەسەر ئهو مەدەنیانهی "نیمچە گەمارۆدراون".
وتی شەڕی کۆنترۆڵكردنی ناوچەکانی باشوری خۆرهەڵاتی شاری حەلەب ئێوارەی پێنجشەممە (25 نیسان) لەنێوان لیوای ئیمام باقری سەر بە پاسداران و لیوا قودسی سەر بە روسیادا دەستیپێکرد.
پێکدادانەکان بەردەوامیی ئەو شەڕەن کە ماوەی نزیکەی مانگێکە بەردەوامە لەنێوان میلیشیاکانی سەر بە ئێران و روسیادا بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگای حەلەب.
فڕۆکەخانەکان لەژێردەستی پاسداراندان
سالم وتی شەڕەکە لەئێستادا لە بەرژەوەندی پاسدارانە، کە میلیشیاکانی توانیویانە کۆنترۆڵی تەواوەتی فڕۆکەخانەی سەربازی نەیرەبی نێودەوڵەتی له حەلەب بکەن و میلیشیاکانی سەر بە روسیا لەو ناوچەیە دەربکەن.
وتی: "پۆلیسی سەربازیی روسیاش نەماوە لە ناوچەکە و لەدەوری دوو فڕۆکەخانەکە، کە پێشتر لەوێ بوونیان هەبوو."
سالم وتی "مەدەنیەکان باجی ئەمە دەدەن،" چونکە شارەکە دابەشبووە لەنێوان دوو لایەندا و گەڕان و دەستگیرکردن دووبارە ئەنجامدەدرێن هەرکات کەسێك هەوڵی هاتوچۆ بدات لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.
وتیشی میلیشیاکانی سەر بە روسیا لەئێستادا کۆنترۆڵی خۆرئاوای حەلەب و بەشێك لە خۆرهەڵاتی حەلەب دەکەن، لەگەڵ ناوچەکانی مەعادی، باب نەیرەب، فیردەوس و ساڵحین.
هاوکات میلیشیاکانی سەر بە پاسداران کۆنترۆڵی ناوچەكانی دەوروبەری شارەکە دەکەن لە باکوری خۆرهەڵاتی حەلەب، لەنێویاندا قەزاکانی سولهیمان، حەلەبی، حەیدەریە، خالیدیە و جەمعیە زەهرا و ئهو ناوچانهی كهوتوونهته سهر هێڵی نێوان گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان.
وتیشی: "هێزەکانی سەر بە رژێم بەهیچ شێوەیەك دەستێوهردان ناكهن بەڵام بەشێوەیەکی ئاشکرا مەیلیان بەلای میلیشیاکانی سەر بە پاسداراندایه، هەرچەندە هێزەکانی رژێم لێیان قەدەغەکراوە بچنە ئهو ناوچانهی لەلایەن پاسدارانەوە کۆنترۆڵکراون."