پلانێکی فراوان بهڕێوهیه بۆ بنیاتنانەوەی ئەو خانووانهی رووخان لەکاتی شەڕدا دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە موسڵی کۆن، شانهی قەیرانی پارێزگای نەینەوا سێشەممە (23 نیسان) رایگەیاند.
شانهی قەیران لەلایەن سەرەکوەزیران عادل عەبدولمەهدییەوە پێكهێنرا بۆ بەڕێوەبردنی نەینەوا دوای لەسەرکارلادانی پارێزگار نوفەل حەمادی مانگی رابردوو.
پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بە لادانی حەمادی لە پۆستەکەی دوای ئەوەی 100 کەس مردن لەکارەساتی بەلەمێكداکە بووە هۆی شەپۆلێك لە خەم و توڕەیی.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی شانهكه، عەلی مەحمود بە دیارونای وت: "پرۆگرامی گەشەی نەتەوە یەکگرتوەکان تا ئەمدواییانە بنیاتنانەوەی 1,000 خانووی تەواکردوە لە موسڵی کۆن."
رێكخراوهكهی نهتهوه یهكگرتووهكان، بە هاریکاری لەگەڵ بەڕێوبەرێتیەکانی شارەوانی موسڵ و شارەوانیەکانی دیکەدا، دەستیکردووە بە بنیاتنانەوەی 4,000 خانووی رووخاو لە ناوچەکە.
وتیشی: ئەم هەوڵانە "بەشێکن لە پلانێکی گهوره بۆ بنیاتنانەوەی تەواوی 15,000 خانوو لە [موسڵی کۆن]".
وتی بەرپرسان چاوەڕێن ئەو پلانە شەش مانگییە چەندین گەڕەك بگرێتەوە، لەنێویاندا جامیع کەبیر، مەیدان، زەنجیلی، رەئس کور، شێخ فەتحی، کەوازین و سەرجەخانە.
وتیشی بنیاتنانەوەی ئەم خانوانە "یارمەتی هەزاران خێزان دەدات کە ئێستا لە کەمپەکاندا دەژین تا بگەڕێنەوە گەڕەکەكانی خۆیان و کۆتایی بەو قەیرانی ئاوارەییە بێنن کە بۆ زیاتر لە دوو ساڵه بەردەوامه".
وتی خێزانە ئاوارەکان بەسهر زیاتر لە 13 کەمپدا دابەشبوون کە زیاتر کەوتوونەتە باشوری موسڵ.
لەنێویاندا کەمپەکانی دیبەکە، سەلامیە و حەمام عەلیل، کە لەئێستادا زیاد لە 150,000 خێزانی ئاوارەیان تێدایە لە موسڵ و شارەکانی دیکەی نەینەواوە.
دەستپێکی بنیاتنانەوە
مەحمود وتی شانهی قەیران چەندین پرۆژەی بۆ مۆڵەتوهرگرتن پێشکەشكردووه بە وەزارەتی پلاندانان لە کەرتی جیاوازی خزمەتگوزاریدا وەك بەشێك لە پلانی گەشەپێدانی ساڵانەی پارێزگای نەینەوا.
وتی پرۆژەکان بنیاتنانەوەی ژێرخان و خزمەتگوزاری گشتیی وەك تۆڕی ئاو و کارەبا، رێگەوبان، پرد، پەروەردە، چاودێری تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتییان تێدایە.
حکومەتی عێراق له 16 نیسان رایگەیاند كە نزیکەی 626 ملیار دینار (525 ملیۆن دۆلار)ی دابینکراوە بۆ پشتیوانیكردنی سەقامگیری و بنیاتنانەوەی پارێزگای موسڵ.
مەحمود وتی شانهی قەیران، کە ئێستا بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکە "هەوڵی جێبەجێکردنی تەواوی پرۆژەکان و زیندووکردنەوەی کەرتی ئاوهدانكردنهوه دەدات".
تیمە مەیدانیەکان پێکهاتوون بۆ سەرپەرشتیکردنی پێشڕەویی پرۆژەکان و پێشکەشکردنی راپۆرتی وەرزییانە دەربارەی قۆناغەکانی جێبەجێکردن.