به‌رپرسانی ئه‌منی له پارێزگای ئه‌نبار ئۆپهرسیۆنهكانیان چڕكردۆته‌وه بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) له قووڵایی بیابانی خۆرئاوای پارێزگاكه‌دا، نزیك سنووری سوریا.
ئه‌وان دا‌واشیان له دانیشتوان كرد له ناوچه بیابانه دووره‌ده‌سته‌كان دووربكه‌ونه‌وه بۆئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه نه‌كرێنه ئامانج.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار، نه‌عیم كهعود سێشه‌ممه (16 نیسان) به دیارونای وت بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك هه‌فته، هێزه ئه‌منییه‌كان چه‌ند هێرشێكی ئاسمانی و زه‌مینییان له‌دژی فه‌رمانده و حه‌شارگه‌كانی داعش ئه‌نجامداوه له قووڵایی بیاباندا.
ناوبراو وتی ئۆپهرسیۆنهكان به هاوبه‌شی له‌نێوان فه‌رماندیی ئۆپه‌رسیۆنه‌كانی ئه‌نبار و جه‌زیره له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی هێزه تایبه‌ته‌كانی پۆلیسی پارێزگاكه ئه‌نجامده‌درێن، به پشتیوانی ئاسمانیی سوپای عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی.
پۆلیسی ئه‌نبار له 12 نیسان ناوی سێ خۆكوژی داعشی ئاشكراكرد كه له ئۆپه‌راسیۆنێكی ئه‌مدواییه‌دا له ناوچه بیابانییه‌كه‌ی خۆرئاوای حوسه‌ینیه كوژران -- موسته‌فا حه‌یالی، ئه‌بو هاجیر سنجاری و ئه‌بو به‌شیر محه‌مه‌دی.
دوو تیرۆریستی مه‌ترسیدار كه له‌لایه‌ن دادگاوه داواكرابوون، له هه‌مان ئۆپه‌راسیۆندا ده‌ستگیركران -- ریاد كامیل شهتران مه‌راوی (رهبادی) و عه‌بدولسه‌لام محه‌مه‌د موعهلهیم كه‌ربولی -- له‌گه‌ڵ گروپێك گومانلێكراودا.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی پۆلیس، ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه بریتیبوون له "وێرانكردنی پێنج خانوو، سووتاندنی ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبیل و ماتۆڕ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ژماره‌یه‌ك چه‌ك كه به تیرۆریسته‌كان بوون."
جموجۆڵه گومانلێكراوه‌كان ده‌ستبه‌جێ ده‌كرێنه ئامانج
كهعود وتی: "ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه ئه‌منییه رێپێگرانه جموجۆڵه‌كانی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعشیان سڕكردووه كه ماونه‌ته‌وه و له بیاباندا خۆیان حه‌شارداوه." وتیشی: "به‌رده‌وام ده‌بن تا دواهه‌مین تیرۆریست ده‌كوژرێت."
ناوبراو وتی راپۆرته ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه پاشماوه‌كانی داعش "ته‌واوی جموجۆڵه‌كانیان وه‌ستاندووه و له هه‌ر بارودۆخێكدا، به هیچ جۆرێك ناچنه ده‌ره‌وه‌ی ناوچه گشتییه‌كان".
وتیشی: "هه‌ر جموجۆڵێك یان چالاكییه‌كی گومان‌لێكراو ئێستا ده‌ستبه‌جێ دیاریده‌كرێت و ده‌كرێته ئامانج له‌لایه‌ن فڕۆكه و یه‌كه سه‌ربازییه‌كانه‌وه كه به‌شێوه‌كی زۆر له ناوچه بیابانییه‌كان جێگیركراون." داواشی له دانیشتوان كرد له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان هاوكاری بكه‌ن بۆ پته‌وكردنی دۆخی جێگیری پارێزگاكه.
هه‌روه‌ها وتی: "ئامانجی هێرشه چڕه‌كان پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌یه له هه‌ر چه‌كدارێك یان شانه‌یه‌كی تیرۆریستی و خزاندنیانه ناو كونه‌كانی خۆیان تا مردن و رێگرتن له هه‌ر هه‌لێكی رزگاربوونیان."