هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

حیزبوڵا لەژێر فشاری نوێدایە بەهۆی سزاکان و بەتیرۆریست ناساندنی پاسدارانه‌وه‌

نوهاد تۆپالیان لە بەیروت

پشتیوانانی حیزبوڵا وێنەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی روحوڵا خومەینی و رابەری باڵا عەلی خامەنەئی هه‌ڵده‌گرن لەکاتی ئاهەنگێكدا بۆ یادکردنەوەی 40 ساڵەی شۆڕشی ئێرانی لە ناوچەیەکی باشوری بەیروت لە 6 شوبات. [ئەنوەر عەمرو / ئاژانسی فرانس پرێس]

پشتیوانانی حیزبوڵا وێنەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی روحوڵا خومەینی و رابەری باڵا عەلی خامەنەئی هه‌ڵده‌گرن لەکاتی ئاهەنگێكدا بۆ یادکردنەوەی 40 ساڵەی شۆڕشی ئێرانی لە ناوچەیەکی باشوری بەیروت لە 6 شوبات. [ئەنوەر عەمرو / ئاژانسی فرانس پرێس]

تۆڕێکی لوبنانی تۆمەتبارکراو بە شۆردنەوەی ملیۆنان دۆلار بۆ "سه‌رۆكبانده‌كانی مادەی هۆشبەر" و یارمەتیدانی دارایی حیزبوڵا پێنجشەممە (11 نیسان) لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە سزادرا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

وەزارەتی دارایی رایگەیاند كه‌ هاوڵاتی لوبنانی قاسم شەمسی خستۆتە لیستی رەشەوە، لەگەڵ دوو قەوارەی پەیوەندیدار: "رێکخراوی شەمس بۆ پارەشۆردنەوە" و خزمەتگوزارییه‌كی ئاڵوگۆڕی دراو به‌ناوی شەمس، لە لوبنان.

وەزارەته‌كه‌ رایگەیاند: "قاسم شەمس و تۆڕی نێودەوڵەتی پارەشۆردنەوەکەی بە دەیان ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا ده‌جوڵێنن كه‌ لە بازرگانیی نایاسایی ماددە هۆشبەره‌كانه‌وه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌ له‌خزمه‌تی سه‌رۆكبانده‌كانی ماددەی هۆشبەردا و ئاسانکاریش ده‌كه‌ن بۆ جوڵەی دارایی بۆ حیزبوڵا."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە كه‌ تۆڕی شەمس هاتوچۆ به‌ پارە ده‌كات له‌نێوان چه‌ند وڵاتێكدا، لەنێویاندا ئوسترالیا، بەرازیل، کۆڵۆمبیا، فەرەنسا، ئیتالیا، لوبنان، هۆڵەندا، ئیسپانیا، ئەمریکا و ڤەنزوێلا.

جێگری وەزیری دارایی، سیگاڵ ماندێلکەر، وتی سزاکان بەشێکن لە "کەمپینێك بۆ رێگرتن لە حیزبوڵا و لایەنگرانی تیرۆریزم لە جیهاندا لە سوودبینین لە توندوتیژی و گەندەڵی و بازرگانیی مادەی هۆشبەر".

نوسینگەی کاڵا بیانیەکانی وەزارەته‌كه‌ رایگەیاند كه‌ نوسینگه‌ی شه‌مس بۆ ئاڵوگۆڕی دراو بە مۆڵەت کاردەکات لەژێر سەرپەرشتیی بانکی ناوەندی لوبناندا "سەرەڕای گومانی کۆنی بەرپرسانی ئەمریکا لێی" له‌ شۆردنەوەی پارەیه‌كی زۆر.

وەزارەته‌كه‌ رایگەیاند كه‌ پابەندە بە کارکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی "بۆ رێگەنەدان بە قاچاخچیانی ماددەی هۆشبەر، شۆرەرەوەی پارە و گروپە تیرۆریستیەکانی وەك حیزبوڵا بۆ نێو سیستمی دارایی لوبنان".

لەم هەفتەیەدا ئەمریکا سزاکانی زیادکرد لەسەر ئێران بە ناساندنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) وەك رێکخراوێکی تیرۆریستی بۆ کەمکردنەوەی داهاتەکانی و گوشینی دارایی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی وەك حیزبوڵا.

بە تیرۆریست ناساندنی پاسداران کێشە بۆ حیزبوڵا دروستدەکات

پسپۆڕانی لوبنانی وتیان لەکاتێکدا حیزبوڵا توشی ئاستەنگی دارایی زۆر بۆتەوە، ناساندنی پاسداران به‌ تیرۆریست لەلایەن ئەمریکاوە ئەو میلیشیایە تووشی قەیران دەکات.

بەڕێوەبەری ناوه‌ندی توێژینەوە و راوێژکاریی لوبنانی، حەسەن قوتب بە مەشاریقی وت: "لاوازبوونی توانا داراییەکانی ئێران لە ئەنجامی سزا داراییەکاندا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای بۆ پشتگیریکردن و بەکارهێنانی حیزبوڵا."

وتی بە تیرۆریست ناساندنەکەی ئەمریکا توانای پاسداران بۆ کارکردن ئاڵۆزدەکات.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ پێشتر لەم هەفتەیەدا، سندوقی نەختی نێودەوڵەتی رایگەیاند ئابوری ئێران لەمساڵدا بە قەبارەی فراوانی لەسەدا 6 کەمدەکات، کە خراپترین ئەدایەتی لە لەوکاتەوەی بەڕێژەی 7.7 لە سەدا لاوازبوو لە 2012.

دوایین ئامار پیشانیدا كه‌ لاوازبوونی پێشبینیكراو خراپتر بووه‌ وه‌ك له‌و رێژەی 3.6 لەسەدایه‌ی لە تشرینی یەکەمدا هه‌بوو، لەکاتێكدا سزاکانی ئەمریکا زیانی گه‌وره‌ له‌ کەرتی نەوتی ئێران ده‌ده‌ن.

قوتب بە مەشاریقی وت کێشە داراییەکانی ئێران "ده‌رده‌كه‌ون له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتیوانیی ئێراندا بۆ حیزبوڵا".

لە وتەیەکی 8 ئازاردا، سەرۆکی حیزبوڵا حەسەن نەسروڵا ددانی نا بە کێشە داراییەکانی حیزبەکەیدا لە ئەنجامی سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداوی عەرەبیدا و ناساندنی حیزبەکەی بە گروپێکی تیرۆریستی.

قوتب وتی نەسروڵا داوای لە پشتیوانانی حیزبوڵا کرد بۆ کۆمەکی دارایی تا کاریگەریی سزاکان کەمبکاتەوە و ئاماژەیکرد بەوەی میلیشیاکە ماوەیەکە سیاسەتی دەستپێوەگرتنی دارایی جێبەجێدەکات.

روونیشیکردەوە كه‌ میلیشیاکە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و موچەی دابینکراو بۆ چەکداران و خێزانەکانیانی کەمکردۆتەوە.

حیزبوڵا 'لە چنگی قەیرانێكی داراییدایە'

قوتب وتی ناساندنی پاسداران بە گروپێکی تیرۆریستی "یارمەتی خراپترکردنی دۆخی دارایی حیزبوڵا دەدات و بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی هه‌ژمون و چالاکییە تیرۆریستیەکانی لە ناوچەکەدا".

وتی ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن لەدژی میلیشیاکە لە لوبنان.

پسپۆڕێکی دارایی کە نەیویست ناوی بهێنرێت وتی میلیشیاکە "لەئێستادا لە چنگی قەیرانێكی داراییدایە بەهۆی کەمکردنەوەی پاڵپشتی دارایی ئێرانه‌وه‌".

بە مەشاریقی وت ناساندنی پاسداران بە تیرۆریست زەبرێکی کوشندەیە بۆ ئێران و ئاماژەیکرد بەوەی ئێران دەکەوێتە ژێر فشاری زۆرەوە و دۆخی حیزبوڵا خراپتر دەبێت.

وتیشی بودجەی حیزبوڵا "ساڵێك لەمەوبەر دەخەمڵێنرا به‌ 350 ملیۆن بۆ 500 ملیۆن دۆلار ساڵانە، كه‌ بەشێك لە پشتگیریی دارایی لە ئێرانەوە ده‌هات و بەشەکەی دیکەی لە ئەمریکای لاتین و هەندێك وڵاتانی باشوری ئەفریقاوە دێت".

وتی بەڵام لەوکاتەوە، سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کە بەسەر کەس و کۆمپانیاکانی پشتیوانانی حیزبوڵادا سەپێنراون بوونه‌ته‌ هۆی "وەستاندنی پشتیوانی دارایی بۆ حیزبەکە".

کاریگەری بۆ سەر بنکەی پشتیوانی حیزبوڵا

رۆژنامەوان حازم ئەمین بە مەشاریقی وت پێش بە تیرۆریست ناساندنی پاسداران لەلایەن ئەمریکاوە، پشتیوانە سەرەکیەکانی حیزبوڵا قاسم تاجەدین و ئەعزەم تەباجە لە لیستی تیرۆریستی جیهانییدا بوون.

وتی: "چاوەڕوانی وردەکاریی زیاتری سزاکان و کاریگەرییانین بۆ سەر کەس و کۆمپانیاکان، بەڵام ئەوە روونە کە حیزبوڵا بەهۆی ئەمەوە کاریگەریی دەکەوێتە سەر."

بەگوێرەی ئەمین، میلیشیاکە "وا خەریکە هەست بە زەبری دۆخی ئابوری دەکات لە ئێران کە بەشێوەیەکی روون لە لوبنان هەستی پێكرا، چونكه‌ حیزبوڵا بەشێوەیەکی ئاشکرا باس لە کورتهێنانی سەرچاوە داراییەکانی دەکات".

ئەمین وتی باسکردن لە کورتهێنانی دارایی لەلایەن نەسروڵاوە "تەنیا دەستپێکێکە".

وتی سەختییە داراییەکانی حیزبوڵا "وا بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری دەخەنە سەر بنکە جەماوەرییەکەی" و وتیشی کاریگەرییەکە رۆژ بە رۆژ سەختتر دەبێت و پشتیوانە جەماوەرییەکەی حیزبەکە ده‌كه‌وێته‌ له‌قی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500