دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق دووشەممە (15 نیسان) رایگهیاند كه سەرکردەیەکی باڵای "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و سێ یاریدەدەری کوژران لە ئۆپەراسیۆنێکی دابەزین لە فڕۆکەوە لە چیاکانی حەمرین لە پارێزگای دیالە.
وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆریزم، سەباح نوعمان وتی هێزێكی تایبەتیان ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی ئەنجامدا لە قوڵایی چیاکانی حەمرین کە بووە هۆی کوشتنی سەرکردەی داعش لە دیالە، محەمەد سەلمان داود.
نوعمان بە دیارونای وت کوژراوەکە هاوڵاتییهكی عێراقی بوو كه "والی" حەمرین بووە و لەگەڵ سێ یاریدەدەری کوژرا.
وتی هێرشەکە "بە هاوئاهەمگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری عێراق ئەنجامدرا بە پشتیوانی فڕۆکەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی".
نوعمان وتی: "تیرۆریستەکە والی شارۆچکەیەکی باکوری بەغدا بووە و دواتر چۆتە ناوچەی مقدادیە لە دیالە و بووە بە فەرماندەی چیاکانی حەمرین."
وتی داود بەرپرسیاربووە لە وەرگرتنی خۆکوژەکان لە نەینەوا و کەرکوك و سەڵاحەدین و پلانیداناوە بۆ هێرشە خۆکوژییەکان.
وتیشی کوژرانی ئەو سەرکردە باڵایە مانای "گورزێکی بەئازارە بۆ پاشماوەی تیرۆریستەکان".
هێرشەکانی داعش بەرپەچدرانەوە
نوعمان وتی بەر لە ئۆپەراسیۆنەکەی یەکشەممە ئۆپەراسیۆنێك لە ئاستێکی باڵادا ئەنجامدرا لە چیاکانی حەمرین کە بووە هۆی بەرپەچدانەوەی "پیلانێکی تیرۆریستی گەورە".
ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن فڕۆکەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانیکران.
وتی: "فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، لەسەر زانیارییەکانی نوسینگهی هەواڵگریی دەزگای دژە تیرۆریزم، هێرشی ئاسمانی چڕیان بۆ سهر حەشارگەکانی داعش لە ناوچەکە ئەنجامدا."
ئۆپەراسیۆنەکە چوار رۆژی خایاند، كه هێزەکان بە پەڕەشوت دابەزین و ئاگریانبەردا لە 15 پەناگەی داعش. لەنێویاندا بنکەیەك هەبوو کە بۆ دەرکردنی گۆڤاری پروپاگەندەی داعش بەناوی النباء بەکاردەهێنرا.
وتی 12 چەکداری داعش لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژران و چەندین دەستە چەك و ئامێر و "بەڵگەی گرنگ" و چەند کۆمپیوتەرێكیش دەستیانبەسەرداگیرا.
نوعمان وتی تیمێکی تایبەت ئێستا پشکنین بۆ کۆمپیوتەرهكان و بەڵگەکان دەکات.
وتی ئۆپەراسیۆنەکە "دوای یەك مانگ چاودێریكردنی تیرۆریستەکان ئەنجامدرا، کە وایاندەزانی لە دەرەوەی دیدی هێز و سەرچاوەکانمانن".
نوعمان وتی زیاتر لەوەش، هێرشێکی گەورەی داعش بەناوی "تۆڵەی داگیرکاری شام" بەرپەچدرایەوە.
وتی چەکدارانی داعش "پلانیان هەبوو چەند هێرشێکی توندوتیژانه لە وڵاتەکەدا ئەنجامبدەن بۆ وەڵامدانەوەی شکستیان لە سوریا و وەك هەوڵێك بۆئەوەی بیسەلمینن کە هێشتا ماون".
وتیشی: "دەزگای دژە تیرۆریزم بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە لەناکاوە پێشتر پلانبۆکراوەکانی دژ بە پاشماوەکانی [داعش]."
ئهم ههواڵانه زۆر باشن!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت