هه‌واڵه‌كانی عێراق
ژینگە

عێراق هەوڵەکانی زیادده‌كات بۆ گواستنەوەی ئه‌و خێزانانەی بەر لافاو کەوتوون

خالید تائی

منداڵێكی ئاوارە لە کەمپی خازه‌ری باکوری عێراق ده‌بینرێت، کە بەر باران و بای بەهێز کەوتووە لەم وێنەیەدا کە 11 نیسان بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: چالاکوانی مەدەنی موهەنەد عومه‌ری]

منداڵێكی ئاوارە لە کەمپی خازه‌ری باکوری عێراق ده‌بینرێت، کە بەر باران و بای بەهێز کەوتووە لەم وێنەیەدا کە 11 نیسان بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: چالاکوانی مەدەنی موهەنەد عومه‌ری]

حکومەتی عێراق هەوڵە فریاگوزارییەکانی زیادكردووه‌ بۆ گواستنەوەی بە هەزاران خێزان لە ناوچە زیانبارەکان به‌هۆی لافاو و بارانی بەلێزمەوه‌ لە کەمپی ئاوارەكان و گوندەکانی نزیك روبار و دەریاچە و دۆڵەکان.

بەرپرسانی ناوچەکە هەڵمەتێکی به‌رفراوانیان دەستپێکردووە بە بەشداریی هێزە ئەمنیەکان بۆ گواستنەوە و کۆمەکی خێزانە زیانبارەکان.

چەند هەفتەیەك لە باران لەگەڵ توانەوەی بەفر لە تورکیا و ئێرانی دراوسێ تاڕادەیەك چوار ئەمبارەکەی عێراقی پڕکردۆتەوە و روبارەکانی دیجلە و فوراتی هه‌ستاندووه‌.

بەڕێوبەری بەنداوی سه‌رسار، کەریم حەسەن وتی لە سامەڕا، باکوری بەغدا، ره‌وتی ئاو لادراوه‌ بۆ نێو ئەمبارە سروشتیەکان لە دەریاچەی سەرسار بەڕادەی وا کە چەند دەیەیەکە نەبینراوە.

کەمپێکی کاتی لە پارێزگای سەلاحەدین دامەزرێنراوە بۆ لەخۆگرتنی دانیشتوانی ئەو گوندانەی بەر لافاو کەوتوون لە بارانه‌ بەلێزمەكانی ئەمدواییانەدا لە عێراق. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

کەمپێکی کاتی لە پارێزگای سەلاحەدین دامەزرێنراوە بۆ لەخۆگرتنی دانیشتوانی ئەو گوندانەی بەر لافاو کەوتوون لە بارانه‌ بەلێزمەكانی ئەمدواییانەدا لە عێراق. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

حەسەن پێنجشەممە (11 نیسان) بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "لەمڕۆدا بەنداوی سەرسار باڵاترین ئاستی ئاو بەخۆیەوە دەبینێت لە مێژووی خۆیدا."

وتی: "ئەو ئاستەمان نەبینیووە لە دروستکردنەوەیە ساڵی 1956، واتە لە 63 ساڵدا."

لێزمەباران ژمارەیەك خێمەی لە کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای نەینەوا بەر لافاو داوە و راماڵیوە و دانیشتوانی گوندە دوورەدەستەکان کە لە نزیك سەرچاوە ئاوییەکانن گیریانخواردووە.

هەزاران خێزان زیانبار بوون

یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی لە کاروباری لقەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، عەلی عەباس جەهانکیر وتی وەزارەته‌كه‌ "بەشێوەیەکی بەهێز بەشدارە لە هەوڵە نیشتیمانیەکاندا بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی باران و لافاوەوە لەڕێی پرۆگرامێکی کتوپڕی تایبەتەوە کە پێشتر ئاماده‌كراوه‌".

بە دیارونای وت: "وەزارەتەکەمان و وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان هەیە." وتیشی نوێنەرایەتی وەزارەت کاردەکات لەگەڵ شانەی قەیرانەکانی حکومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییەکانی لافاو.

وتی وەزارەت بە هەزاران کەسی گواستۆتەوە كه‌ له‌ رۆخی روبار و چەمه‌كان ده‌ژین یان زیك به‌ جێگا بەرزەکان.

بەگشتی 2,300 خێزان لە سه‌رانسه‌ری عێراقدا زیانیان بەرکەوتووە، لەنێویاندا 500 خێزان لە پارێزگای میسان، 300 خێزان لە سەلاحەدین و 100 خێزان لە واسیت.

وتی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی گوندە بەر لافاو کەوتووەکان بەردەوامن، وەك هەوڵەکان بۆ دابینکردنی شێڵتەر، گواستنەوەی دەستبەجێی خۆراك و کاڵای فریاگوزاریی وەك به‌تانی و راخەر و شمەکی چێشتلێنان.

دۆخەکە 'کۆنترۆڵکراوە'

جەهانکیر وتی ریسکی لافاو لەئێستادا کەمدەبێتەوە و دۆخەکە "کۆنترۆڵکراوە"، لەبەرئەوەی جۆگەی نوێ کراونەتەوە بۆ گۆڕینی ئاراستەی ئاوەکە بۆ نێو گۆم و دەریاچە سروشتیەکانی وەك سەرسار و رەزازە و حەبانیە.

وتیشی بەرپرسان پاڵپشتی بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان دابیندەکەن بە نۆژەنکردنەوە و جێگرتنەوەی خێمە زیانبارەکان و ئاماژەیکرد بەوەی دەیان خێمە لە کەمپی گەیارە، له‌ باشوری موسڵ گۆڕدراون.

جەهانکیر وتی ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق کەمبۆتەوە بۆ 1.5 ملیۆن لە شەش ملیۆنەوە لەکاتی شەڕدا دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

وتی: "زۆربه‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ی ماونەته‌وه‌ خه‌ڵكی نەینەوان و بەشێوەیەکی کەمتریش پارێزگاکانی سەلاحەدین و ئەنبار."

وتیشی وەزارەت هەوڵدەدات بۆ زاڵبوون بەسەر ئه‌و ئاستەنگانه‌دا كه‌ رێگری ده‌كه‌ن له‌ گه‌ڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان، لەنێویاندا "نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی لە ناوچە ئازادکراوەکان و تێکدانی تەواوی زۆر ماڵ لەکاتی شه‌ڕه‌كه‌دا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500