فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی حەشارگەیەکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لە زنجیرە چیاکانی مەکحول بۆردوومانکرد، ئیدارەی ناوخۆیی شارۆچکەی شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند پێنجشەممە (28 ئازار).
ئۆپەراسیۆنەکە بەشێك بوو لە هەڵمەتی گەڕانی هێزەکانی عێراق بۆ پاکردنەوەی چیاکانی مەکحول و ناوچە شاخاوییەکانی دیکەی شارۆچکەکە لە پاشماوەکانی داعش.
سەرۆكی شارەوانی شارۆچکەی شەرگات، عەلی داودە بە دیارونای وت فڕۆکەکانی هاوپەیمانان به پشتبهستن به زانیاری هەواڵگری عێراقی چەند هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامدا بۆسهر بنکەیەکی نهێنی داعش لە چیاکانی مەکحول.
وتی حەشارگەکە بەتەواوی لەناوبرا و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه 9 چەکداری داعش "لە هێرشە ئاسمانییەکەدا کوژران".
وتیشی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە هێزەکانی عێراق هەڵمەتێكی بەرفراوانی گەڕانیان دهستپێكردووه بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی داعش لە ناوچە شاخاوییەکانی شەرگات.
ههروهها وتی جگە لە چیاکانی مەکحول، هەڵمەتەکە چەند ناوچەیەکی شاخاوی و دێهاتیشی گرتۆتەوە وەك گوندەکانی خانوکە و نەمل و زاویە و مەشاك.
داودە وتی: "هێزەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین لەگەڵ پۆلیسی شەرگات و سەڵاحەدین و فەوجی تاکتیکی یەکەی هێزەکانی سوات بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، جگە لە فەوجی 15ی هێزەکانی حەشدی عەشائیری."
وتی هێزەکانی عێراق ناوچە بەرفراوانە شاخاوییەکان و گوندەکان گەڕان و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه 6 تونێلی داعش لە چیاکانی خانوکە لەناوبران کە خواردن و کەلوپەلی ماڵ و جل و بەرگیان تیادابوو.
وتی هەڵمەتەکە بەردەوامە و لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدینەوە سەرپەرشتی دەکرێت و وتیشی هێزە ئەمنییەکان "خاڵی پاسەوانییان داناوە لەنزیك چیاکانەوە و پۆلیسێکی زۆریش لەو شوێنانە دامەزراون."
هەڕەشەی داعش 'بهشێوهیهكی بەرچاو کەمیکردووە'
داودە وتی: "مەترسی تیرۆریستی بەرچاو کەمیکردووە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە بەردەوامەکان."
وتی بەگوێرهی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، "پاشماوەکانی داعش لە ناوچە شاخاوییەکان لە 30 چەکدار تێپەڕناکات."
وتیشی: "هێزە ئەمنییەکانی عێراق و دەزگاکانی هەواڵگری ناسنامەی ئەو چەکدارانە دەزانن." ههروهها وتی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
داودە وتی شاری شەرگات "رەوشێکی ئەمنیی ئارام" بەخۆوە دەبینێت و ئەمەش یەکەمجارە بەو شێوەیەیە لە پێنج ساڵی رابردوودا.
وتیشی هەندێك گوندی دوورەدەست وەك کانوس لە باکوری سەڵاحەدین و ناوچەکانی نزیك به دورگەی حهزهر ئاگاداری زیاترییان پێویستە، "بەڵام رەوشی ئەمنی لەوێ لەباشبووندایە".