حکومەتی ناوخۆیی ئەنبار دەرگای کردۆتەوە بۆ وەبەرهێنان بۆ ئەوەی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان لە پارێزگاکە خێراتر بێت لە سەردەمی دوای رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"دا.
بەرپرسان بە دیارونایان وت حکومەت "دیدگایهكی ستراتیژی" گرتۆتهبهر بۆ گەشەپێدان لە رەمادی کە پایتەختی پارێزگاکەیە، بۆ گۆڕێنی بۆ ناوهندێكی وەبەرهێنان.
سەرۆكی شارەوانی رەمادی، ئیبراهیم عهوسهج وتی: "حکومەتی ناوخۆیی ئەنبار دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی ئەو دیدگایه بە دەستپێکردنی چەندین پرۆژەی گەورە کە لەڕووی ئابورییەوە خزمەتدەکەن بە پارێزگاکە و وڵاتەکە بە گشتی."
وتی: "تاکە رێگا بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەوەی لە تیررۆیزم بەجێماوە دەستخستنی سەرکەوتنە لە گەشەکردندا لەڕێی وەبەرهێنانەوە." جەختیشیکردەوە لە کاتی کەمیی بودجەدا "ئەو بژاردەیە دەبێتە کارێكی پێویست".
وتیشی ئەنبار دەوڵەمەندە بە وزە و کانزا و سەرچاوەی مرۆیی، ئەوانەش بەیەکەوە لەگەڵ رەوشی ئەمنیی سەقامگیر ئەو کەشە دەخوڵقێنن کە وەبەرهێنان رادەکێشیت.
راکێشانی سەرمایە
وتی: "چەندین پرۆژەی گەورەی گەشەپێدان و ستراتیژیمان لە پلانەکانماندا هەیە کە دەکرێت رەمادی بگۆڕێت لە شارێکەوە کە تێدهكۆشێت خۆی دەربازبکات لە میراتی تیرۆریزم ببێتە گەورەترین بنکەی ئابوری کە سەرمایە و وەبەرهێنان رابکێشێت."
عهوسهج وتی بنکەیەکی سێ نهۆمیی بازرگانی دروستدەکرێت لە ناوچەی شەقامی موستەودهع لە ناوەڕاستی رەمادیدا، کە شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبیل و باخچهش لەخۆدەگرێت.
وتی پرۆژەکە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە پارەکەی بۆ دراوە و نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە كە لە ماوەی دوو ساڵدا دەدرێت.
وتیشی جگە لەوەی هەلی کار درووست دەکات، داهاتیش دەهێنێت بۆ ئەنبار و بەرپرسانیش هیوایان وایە پرۆژەکە "ترسی وەبەرهێنەران نەهێڵێت" لەسەر رەوشی ئەمنی لە پارێزگاکە.
وتی ئەنبار "قەڵەمبازی گەورە" بەخۆوە دەبینێت لە چالاکییەکانی بنیاتنانەوەدا، بەتایبەتی لە سێکتەری کەرتە گشتیییەکانی ئاو و کێڵگەی وزە وەك کێڵگەی گەرمی هیت کە ئێستا کەوتۆتەوە کار، ئەمە جگە لەوەی قوتابخانەکانیش چاکدەکرێنەوە.
لە 20 شوبات، حکومەتی ئەنبار رایگەیاند كه دەرگای کردۆتەوە بۆ وەبەرهێنان لە "گەورەترین ناوهندی بازرگانی" لە وڵاتەکەدا.
بینای رەمادی بولهڤارد لەسەر 280 دۆنم زەوی دروستدەکرێت لەناوچەی کیلۆ 5 لە رۆژئاوای رەمادی.
سەرۆکی دەزگای وەبەرهێنان لە ئەنبار، موهەنەد نوعمان وتی: "ئەمە پرۆژەیەکی گەورەیە و حکومەتی ئەنبار هیوای وایە جێبەجێیبکات وەك بەشێك لە دیدگا ستراتیژیەکەی."
وتیشی بەرپرسانی ناوخۆیی دەیانەوێت دەرگا واڵابکەن بۆ وەبەرهێنان لە پرۆژەی رەمادی بولهڤاردا، چونکە چەندین مۆڵ لەخۆدەگرێت لەگەڵ بنکەی تەندروستی و ئوتێل و شوێنی یاری.
وەبەرهێنان کلیلە
چەند پرۆژەیەك لە رەمادی کە لەلایەن داعشەوە تێکدرابوون چاکراونەتەوە.
نوعمان وتی: "دوو بینای نیشتەجێبوونمان چاکردۆتەوە (کە 300 یەکەی نیشتەجێبوونیان لەخۆگرتبوو) بینای نیشتەجێبوونی فاروقیشمان چاکردۆتەوە، کە 500 یەکەی نیشتەجێبوونی لەخۆگرتووە."
وتیشی کارگەیەکی خشت دروستکراوە و کەلوپەلەکانی بنیاتنانەوە بۆ رەمادی دابیندەکات لەگەڵ نەخۆشخانەیەكی 50 قەرەوێڵەیی.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، تەها عەبدولغەنی بە دیارونای وت: "دیدگای حکومەتی ئەنبار بەندە بە هەلی وەبەرهێنانەوە و راکێشانی وەبەرهێنان بۆ رەمادی و شارەکانی دیکە لە ئەنبار، ئەمەش بۆ ئەوەی شارەکان بگۆڕێت لە قۆناغی پاراستنی ئەمنییەوە بۆ قۆناغی وەبەرهێنان."
دوای رزگارکردنی ئەنبار لە داعش، هەوڵهکان چڕکراونەتەوە لە پرۆژەکانی پێكهێنانی ئاشتەوایی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا بۆ دانیشتوانەکە.
عەبدولغەنی وتی: "ئێستا تۆپەکە هاتۆتەوە گۆڕەپانی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان. چونکە کەشێكی [باشمان] هەیە بۆ وەبەرهێنان و توانای ئابوریش بەڵێنبەخشە و بەهیواین کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان راکێشێت."
وتی: "کەمیی پارەی نهختینه گەورەترین ئاستهنگه" كه رووبهڕووی گەشەپێدان لە ئەنبار بۆتەوە، "بۆیە وەبەرهێنان باشترین رێگایە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئهم کێشەیهدا".
دهتوانن ژماره تهلهفۆنێكم بدهنێ بۆ پهیوهندیكردن به دهسهڵاتی وهربهرهێنانهوه له ئهنبار؟
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت