ئابوری

ئێران دۆلار لە عێراقەوە ئاودیودەکات بۆ خۆلادان لە سزاکان

حەسەن عوبەیدی لە بەغدا

image

پیاوان لە بازاڕی دراوی بەغدا دەبینرێن. [حەسەن عوبەیدی / دیارونا]

ئێران هەوڵێکی ئامانجداری دەستپێکردووە بۆ ئاودیوکردنی دراوی جێگیر [واته‌ ئه‌و دراوه‌ بیانییانه‌ی به‌هایان جێگیرتره‌ وه‌ك دۆلار] لە عێراقەوە لە هەوڵێكدا بۆ خۆلادان لە سزاکانی ئەمریکا، بەوجۆرەش توانای بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار شکستپێدەهێنێت، پسپۆڕانی عێراقی بە دیارونایان وت.

تۆماری مه‌زادی رۆژانه‌ی دراوه‌ جێگیره‌كانی بانکی ناوەندی عێراقی خستنەناوەوەی 140 بۆ 163 ملیۆن دۆلاری رۆژانە پیشاندەدات بۆ نێو بازاڕەکانی عێراق لە سەرەتای 2018وە، به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی بانكه‌كه‌.

ئەمە بەشێکە لە پلانی راگەیەنراوی بانکەکە بۆ راگیرکردنی توانای دیناری عێراقی و رێگرتن لە لاوازیی بەهاکەی، بەجۆرێك 34 کۆمپانیا و بانك مۆڵەتی پێشینەیان هەیە لە مامەڵەکردن و کڕینی دراوی جێگیردا.

بەڵام لەم چەند مانگەی دواییدا بەهای دینار باشتر نەبووە.

image

پۆشاك و شمەك دەبینرێن لە بازاڕێکی گەڕەکی کەرادەی بەغدا. [حەسەن عوبەیدی / دیارونا]

بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایه‌كی گواستنه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕی دراو، کە مۆڵەتی بانکی ناوەندی هەیە و داوایکرد ناوی نەهێنرێت، وتی: "ئێرانیەکان راستەوخۆ بەرپرسیاری ئەو ئاڵۆزییەی بازاڕ و ناجێگیریی دیناری عێراق و دیارنەمانی دۆلاری ئەمریکین."

بە دیارونای وت: "رۆژانە چەندین رێگە بەکاردەهێنن بۆ کێشانەوەی دۆلار له‌ بازاڕ."

وتی لەجیاتی مانەوە و دەستاودەستکردن لە بازاڕەکانی عێراقدا "دراوی جێگیر دیارنامێنێت و دەگوازرێتەوە بۆ ئێران" بە چەندین شێواز.

وتی لەهەندێك دۆخدا، باندەکان بەبڕی زۆر دۆلار لە کۆمپانیاکان دەکڕن.

وتی لە دۆخی دیکەدا، کۆمپانیا ئێرانیەکانی ئاسن، چیمەنتۆ، پارچەکانی ئۆتۆمبیل، کاڵای کارەبایی و خۆراك "له‌سه‌دا 20 بۆ 25 داشکاندن دەکەن گەر پارەکە بە دۆلاری ئەمریکی بدرێت".

وتی بۆ سوودبینین لەم داشکاندنانە، عێراقیەکان دینار بە دۆلار دەگۆڕنەوە بۆ شتکڕین.

وتیشی: "لە بەرامبەردا ئەم کۆمپانیانە شێوازی لاڕێ بەکاردەهێنن بۆ خۆلادان لە بانکی ناوەندی و گواستنەوەی بڕی دراوی بەهادار بۆ تاران بەشێوەیەکی رۆژانە."

گەندەڵی لە خاڵە سنورییەکان

بەگوێرەی ئەو بەڕێوبەرە جێبەجێکارە هەندێك بەرپرس و لێکۆڵەری ئەمنی لە خاڵە سنورییەکان "لەم چالاکیە تاوانکارییانەوە تێوەگلاون".

وتی ئەم مامەڵانە زیانیان بە هاوڵاتیانی عێراقی گەیاندووە، کە بەگشتی باشتر دەبوو بۆیان گەر بەهای دیناری عێراقی به‌رزببوایه‌ته‌وه‌.

پەرلەمانتاری عێراقی، ماجدە تەمیمی کە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانە لە 2017 هۆشدارییدا لەوەی هه‌رچی دراوی جێگیر هەیە لە عێراق کێشراوەتەوە "لەڕێی مامەڵەی هاوردەی دروستكراوه‌وه‌".

بەمدواییانەش، پەرلەمانتاری عێراقی لە دیالە هومام تەمیمی لە 15 کانونی دووەم ئاماژەیکرد بە کەیسی گومانلێکراوی گەندەڵی و قاچاخ لە یەکێك لە دوو خاڵە سنوورییەکەی دیالە لەگەڵ ئێران.

ته‌میمی داوای لە حکومەتی عێراق کرد شەڕی گەندەڵی سەر سنوورەکان بکات.

پەرلەمانتاری عێراقی عالیە نوسەیف بە دیارونای وت: "حکومەت پێویستی بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی به‌رفراوان هەیە بۆ چاودێریکردنی دەروازە سنوورییەکان." وتیشی دەبێت تەرکیز بخاتە سەر ئەو دەروازانەی کە بەردەوام سکاڵای چالاکی قاچاخیانیان لێ تۆمارکراوە.

وتی: "گومان لەوەدا نیە هەندێك لە کارمەندانی دەروازە سنوورییەکان تێوەگلاون و دەبێت شەڕی [بەرپرسە] گەندەڵەکان بکەین وەك چۆن شەڕی تیرۆریستان دەکەین."

بەرپرسی دەزگای دەروازە سنورییەکان، کازم عەقابی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا 12 شوبات ئاماژەیکرد بە کێشەی گەندەڵی لە دەوازە سنورییەکانی وڵات.

وتی: "نکۆڵی لەوە ناکرێت کە حاڵەتی گەندەڵی هەیە لە دەزگای دەروازە سنوورییەکاندا، وەك هەر دەزگایەکی حکومیی دیکە."

وتی ئەمە وایکردووە عێراق بچیتە هەرە خوارەوەی تۆماری لیستی گەندەڵیی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی و ئاماژەیکرد بەوەی دەزگاکە لە هەنگاوەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوامدەبێت.

قاچاخچێتی زیان لە ئابوری عێراق دەدات

عادل عەلی لە ژووری بازرگانی بەغدا وتی هه‌موو جۆرێك له‌ شمەك و کاڵاكان بەردەوام به‌ قاچاخ ده‌هێنرێنه‌ ناو عێراقه‌وه‌ لەڕێی سنووری ئێرانەوە و "دراوی جێگیریش لە عێراقەوە دەچێتە ئێران".

بە دیارونای وت: "چەند میلیشیایەك سەرپەرشتی ئەم چالاکیانە دەکەنله‌وانه‌ [چالاکی] بەقاچاخهێنان بۆ نێو عێراق و لێدان لە هێزی بازاڕ بە کێشانەوەی دراوی جێگیر لێی."

ئەسیل نوجەیفی کە سەرکردەی هاوپەیمانێتی قەراری عێراقیە، وتی ئێرانیەکان سامانی عێراقیان وشككردووه‌ و توانای بوژانەوەی کەرتەکانیان نەهێشتووە و رێگرن لە کامڵبوونیان بەوەی پشت بە هاوردەی ئێرانی ببەستن.

ئەندامێكی پارتی دیموکراتی کوردستان، حەمە ئەمین وتی قاچاخ توانای ئابوریی شارەکانی هەرێمی کوردستانی نەهێشتووە، لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

بە دیارونای وت: "ئێرانیەکان لە بەری خۆیانەوە سنوور بۆ هەر کەسێك دەکەنەوە کە هەر شتێکی بوێت به‌ قاچاخ بیهێنێته‌ ناو عێراقه‌وه‌، لەبەرئەوەی دەزانن [قاچاخچیەکان] دۆلار لەگەڵ خۆیان ده‌به‌نه‌وه‌."

وتی بانکی ناوەندی دەبێت چارەسەری نوێ بدۆزێتەوە، نەك تەنیا مەزادکردنی دراوی جێگیر، تا رێگربێت له‌ دابه‌زینی بەهای دیناری عێراقی.

بانکی ناوەندی هەموو ئاڵوگۆڕێکی دۆلاری لەلایەن بانك و کۆمپانیا بیانیەکانی دراوەوە وەستاندووە لەبەر ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێندراون.

لە بەیاننامەیەکی بانکەکەدا هاتووە: "دوای بڕیارێکی کارگێڕیی بانکی ناوەندی عێراق، کردەی ئاڵوگۆڕ و مامەڵە لەگەڵ لقی بانکە ئێرانییەکان بە دۆلار قەدەغەیە."

تشرینی دووەمی رابردوو، بانکی ناوەندی رایگەیاند فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی لەڕێی بانکە نیشتیمانیەکانەوە رادەگرێت بەو عێراقیانەی پلانی گەشتیان هەیە بۆ ئێران.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئه‌مه‌ وتارێكی درۆ و تایه‌فه‌گه‌رانه‌یه‌. ئه‌مه‌ راست نیه‌.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌