رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) پێگەکانی خۆی قایمدەکات لە دوایین ناوچەی ژێردەستی لە خۆرهەڵاتی سوریا و پارێزگای دێرەزوور بە بەکارهێنانی گروپێك مەدەنی وەك قەڵغانی مرۆیی، چالاکوانێكی ناوچەکە وتی.
چالاکوانی بواری راگهیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، عەمار ساڵح بە دیارونای وت ئەو مەدەنیانەی توانییان هەڵبێن لە ناوچەكهی ژێردەستی داعش لەم چەند رۆژهی رابردوودا بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیان وتووە کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان ناتوانن ناوچەکە جێیبهێڵن، چونکە لەلایەن ئەو گروپە توندڕەوەوە دەستبەسەرکراون.
ساڵح وتی بەگوێرەی ئەو مەدەنیانەی توانیویانە هەڵبێن، ئەوانهی بەزۆر هێڵراونەتەوە لە ناوچەکە وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنرێن بۆ بەرگرتن بە هێرشەکان دژیان.
وتی داعش "دەزانێت هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات ژیانی مەدەنیەکان ناخەنە مەترسییەوە" و ئاماژەیکرد بەوەی ئەم هەنگاوە کاریگەریی هەبووە لە هێواشکردنەوەی پێشڕەویی سەربازی بەڕادەیەکی بەرچاو لە چەند رۆژی رابردوودا.
خێزانەکان دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی ئاوارەکان
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێرشەکانیان چڕکردۆتەوە لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، هەزاران مەدەنی بەلێشاو هاتوونەتە ناوچەکە.
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، زیاد لە 36,000 کەس، كه زۆربەیان ژن و منداڵی خێزانەکانی داعشن، لە کانونی یەکەمەوە لهڕێی ئەو راڕەوە مرۆییانەوە هەڵاتوون کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دایمەزراندوون.
روانگەکە رایگەیاند ئەو ئامارەیه 3,200 چەکداری داعشیش لەخۆدەگرێت.
بەڵام لەکاتێکدا سەرەتای مانگی رابردوو هەر رۆژەی بە سەدان کەس دەگەیشتنە ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەو شەپۆلە زۆر کەمبۆتەوە.
ساڵح وتی ئەو خێزانانەی توانیویانە بە یارمەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵبێن، گوێزراونەتەوە بۆ کەمپی ئاوارەکان.
وتیشی ئەم خێزانانە لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدان بۆ دڵنیابوون لە هەر خێزان و کەسێك کە نەیتوانیوە هەڵبێت و دهكرێت لەنێو ئەوانەدا بێت کە داعش وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریاندەهێنێت.
ساڵح وتی هەوڵەکانی دهرپهڕاندنی داعش لەئێستادا كورتبۆتهوه بۆ چاودێری، ئۆپەراسیۆنی نیشانگر و دەستنیشانکردنی راڕەوی سەلامەت بۆ مەدەنیە ماوەکان.
وتیشی: "ئەو هێرشە ئاسمانیانەش کە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە ئەنجامدەدرێن وادیارە سەلامەتی مەدەنیەکان لەبەرچاوبگرن چونکە کەمتربوونەتەوە و هێرشدهكهنه سەر چەند ئامانجێکی بە وردی دیاریکراو."
ساڵح وتی هاوکات ئەندامانی داعش لە هیچ شوێنێك نابینرێن، کە بەشێوەیەکی ئاسایی مانای وایە لە تونێلی ژێرزەمینیدا خۆیان شاردۆتەوە، کە لەلایان شێوازێکی باوە.
بەگوێرەی ئەو ئەندامانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە نزیك بە ناوچەكهی داعش جێگیرکراون، ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێری تەنیا جارناجارێك جوڵەی ژنانی داعش دەبینن.