نوسەر و رۆماننوسی عێراقی عەللا مەشزوب لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە شەممە (2 شوبات) کوژرا لەکاتێکدا دەگەڕایەوە له کۆڕێکی ئەدەبی لە ناوەندی شاری کەربەلای پیرۆز.
پۆلیسی شارەکە رایگەیاند كه ئەنجامدەران، کە پێشتر نزیك بە ماڵەکەی خۆی چاوەڕوانیان دەکرد، 13 فیشەکیان پێوەناوە پێش ئەوەی بە ماتۆڕ هەڵبێن.
دوای تاوانەکە، پۆلیسی کەربەلا رایگەیاند كه تیمێکی باڵای دیاریکردووە بۆ لێکۆڵینەوە و بەڵێنی دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی داوە.
لهكاتێكدا پۆلیس یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا نکۆڵی كرد لە دەنگۆی دەستگیرکردنی هیچ تۆمەتبارێك، رایگهیاند: "هێزە ئەمنیەکان و ئەندامانی هەواڵگریی نهێنی بەخێراییهكی زۆر و پرۆفیشناڵییەکی مەزنەوە کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران."
پێش ئەوە، پۆلیس داوای لە هاوڵاتیان و راگەیاندن کرد کە "وردبن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و نەبنە نێچیری دەنگۆكان تا کاریگەرییان نهبێت بۆسەر رەوتی لێکۆڵینەوەکان".
بیرمەندانی عێراقی توڕەیی دەردەبڕن
تیرۆركردنهكه بووە هۆی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی توڕەیی لەنێو جەماوەر و بازنە کلتوری و حکومییەکاندا.
گروپێك بیرمەند و نوسەر و رۆژنامەوان جەستەی مەشزوبی 51 ساڵیان ناشت لە شاری کەربەلا رۆژی یەکشەممە لەنێو هاواری سەرکۆنەکردنی تیرۆركردنهكهدا.
تازیەباران گردبوونەوەیەکیان کرد و داوایان لە بەرپرسان کرد ئەنجامدەران بدۆزنەوە و رادەستی دادگایان بکەن.
نوسەرێكی هاوڕێی، عەلی لەفتە سەید، لە کاردانەوەیدا بۆ تیرۆركردنەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئەمە کوشتنی وشەیە -- وشەی ئازاد و راستگۆ و جوان."
ئەحمەد سەعداوی -- کە سەرکەوتنی رۆمانەکەی "فرانکشتاین لە بەغداد" سنوورەکانی عێراقی بڕیوە -- لە پهیجی فەیسبوکی خۆی دابارییە سەر تاوانباران.
سهعداوی نوسی: "بەڕاستی دەبێت ترسنۆك بن كه تەقە لە کەسێك بکەن کە تەنیا وشە و خەونی هەیە."
وتیشی: "شەرمەزاری بۆ بکوژان -- وه شەرمەزاری بۆ دەسەڵاتداران، گەر نەیاندۆزنەوە و دەستبەجێ دادگاییان نەکەن."
یەکێتی نوسەرانی عێراقیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
سکرتێری گشتی یەکێتییەکە، ئیبراهیم خەیات بە دیارونای وت: "تیرۆرکردنی مەشزوب بۆتە هۆی قەڵسبوون و ئازار لەنێو هەموو كایهی كهلتووریدا."
وتی ئەم تاوانە نیگەرانی دەهێنێتە کایەوە دەربارەی ئەمنیەت، بەتایبەتی کە لە شارێکی ئارام و ناوچەیەکی کۆندا روویداوە کە بەڕووی بیانیاندا داخراوە و کامێرای چاودێریی لێیە.
وتیشی: "داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی کەربەلا دەکەین بەخێرایی لەم تاوانە بپێچێتەوە و بکوژان دەستگیربکات."
خەیات وتی: "دووپاتی دەکەینەوە کە لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە و خێرامان دەوێت و دەبێت ئەنجامەکانیش بخرێنە بەردەم جەماوەر بە هەموو وردەکارییەکانەوە."
مەشزوب دژی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بوو
قوربانیەکە یەکێكە لە ناسراوترین نوسەرانی عێراق. لە 2008ەوە، چەندین كۆمهڵه چیرۆك و رۆمانی بڵاوکردۆتەوە، لەنێویاندا: نۆستالژیا، کۆڵانی بێوەژنان، تاوانێك لەسەر فەیسبوك، پشێوی لە وڵات و بەغدا پیردەبێت.
نوسینەکانی مەشزوب، کە دکتۆرای هەیە لە هونەرە جوانەکاندا، بوێرانه بوون لە دەرخستن و رەخنەگرتندا لە کێشە و نیگەرانیەکانی هاوڵاتیانی وڵات.
چەندین خەڵاتی عێراقی و نێودەولەتی پێبەخشراوە بۆ نوسینەکانی.
جگه له چالاکی ئەدەبی، قوربانیەکە بەشداریشیکردوە لە چەندین خۆپیشاندانی جەماوەریدا و داوای باشترکردنی خزمەتگوزاری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردووە.
هەروەها ناسراوە بە پۆستەکانی فەیسبوکی دژی سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق و لایەنە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.
تیرۆرکردنی مەشزوب ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی تیرۆرکردنی کەسایەتیە جەماوەرییەکان و چالاکوانە مەدەنییهكان و رۆژنامەوانان لە عێراق کە لەم چەند مانگەی دواییدا سەریهەڵداوە.
گروپەکانی پەیوەندیدار بە تارانەوە تۆمەتبارکراون بەوەی لەپشت ئەم تیرۆركردنانەوەن.
ههموو ئهوانهی دژی ئێران دهوهستنهوه چارهنوسیان كوشتنه بهدهستی ئهو میلیشیایانهی لهلایهن ئێرانهوه پشتیوانیی داراییان دهكرێت. ئامانجهكه بێدهنگكردنی خهڵكه تا زاڵمهكانی لایهنه جیاوازهكان بهردهوامبن لهسهر زهوتكردنی ئازادیهكانی خهڵك و تیرۆركردنی هزریان!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت