بەرپرسێکی حکومەت دەڵێت پیشەسازی بەرهەمهێنانی سەربازی لە چەند ساڵی رابردوودا هاتۆتەوە مەیدان بە کردنەوەی هێڵە نوێکانی بەرهەمهێنان کە بەرهەمی سەرەتایی سەربازی بۆ هێزە چەکدارەکان دابیندەکەن.
وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی، عەبدولواحید شەمەری بە دیارونای وت: "پلانێك هەیە بۆ نوێکردنەوەی ئەم کەرتە."
وتی ئەوەش لەگەڵ بڕیاری تێكهڵكردنی 14 کۆمپانیای پیشەسازی سەربازیدا هات له یهك یهكهدا بهناوی کۆمپانیای پیشەسازییە سەربازییە گشتییەکان.
وتی حکومەت دامەزراندنی کۆمپانیاکەی پهسهندکرد لە ئابی 2015، کە ناوی ئەوکاتەی کۆمپانیای پیشەسازییە سەربازییەکان بوو، لە 2016 دەستکرا بە دروستکردنی هاوەنە سەرەتاییەکان و موشەکی 107 میلیمیتەر.
شەمەری وتی لە چەند ساڵی داهاتوودا، پیشەسازی سەربازی سەرنجی لەسەر بەرهەمهێنانی ئامێرەکانی شەڕ دەبێت لەگەڵ چەکی سوك و چەکی بچوك.
وتی سەرەتای ئەمساڵ کۆمپانیای پیشەسازییە سەربازییە گشتییەکان دەستیکرد بە دانانی سەر "چوار هێڵی بەرهەمهێنان پێکەوە".
وتی ئەوەش هێڵێکی بەرهەمهێنان بوو بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبیلی سەربازی، دوو هێڵیش بۆ دروستکردنی مینی دژ به زریپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەگەڵ هێڵێكی چوارهم بۆ دروستکردنی چەندین هاوەنی جۆراوجۆر.
شەمەری وتی: "ئەو ئامێرەی ئۆتۆمبیلی زریپۆشی سەربازی دروستدەکات توانای دروستکردنی 180 ئۆتۆمبیلی لەوجۆرەی هەیە لە ساڵێکدا بەهاوکاری کەرتی تایبەت."
وتیشی: "وەزارەتەکە هەوڵدەدات ئهو کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانهی ناوبانگ و ئەزموونی بەرزیان هەیە بۆ لای خۆی راکێشێت بۆ وەبەرهێنان لە پیشەسازی سەربازیدا."
ههروهها وتی: "تەنیا پێویستمان بە هاوکاری دارایی هەیە بۆ ئەوەی هێڵی بەرهەمهێنانی دیکە دابنێین و بەرهەمەکان جۆراوجۆر بکەین. دهستمان گهیشتووه به چەند کۆمپانیایەك و زۆر پابەندین بە وەبەرهێنانەوە."
شەمەری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه وەزارەتەکە بەشداریدهكات لە پێشانگای ساڵانەی ئەمنی و بەرگریدا لە پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا، کە تێیدا چەندین بەرهەمی سەربازی و تەکنیكی نمایشدەکرێن.
وتی: "ئامانجمان بەدەستهێنانی بەرهەمی سەربازی پێشکەوتووە بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی دامهزراوە سەربازییەکانمان."
کەمکردنەوەی هاوردەی سەربازی
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت: "پشتمان بەو هەوڵانە بەستووە بۆ ئەوەی پێویستییەکانی هێزەکانمان دابینبکەین لەڕووی بەرهەمهێنانی سەربازییەوە."
وتی هێنانەوە مەیدانی بەرهەمهینانی سەربازی ئابوری نیشتمانییش دەبوژێنێتەوە، چونکە ئەوکاتە پێویست بە هاوردەکردنی چەك و ئامێرە سەربازییەکان ناکات و هەلی کار دروست دەبێت لە دەزگاکانی بەرهەمهێنانی سەربازیدا.
خەفاجی وتی: "توانامان هەیە هەنگاوبنێین بۆ دروستکردنی بەرهەمی پێشکەوتووی سەربازی، چونکە شارەزایی و کەشی بەرهەمهێنانیش هەردووکیان هەن، تاکە بەربەست تەنیا سەرچاوە داراییەکانە."
وتیشی: "پیشەسازییە سەربازییەکانمان هەنگاویان ناوە بۆ دروستکردنی موشەك و چەکی مامناوەند و سوك کە هێزەکانمان پێیان پڕچککراون."
ههروهها وتی: "هیوامان وایە ئاستی بەرهەمهێنان زیادبکات و جۆربەجۆر ببێت، چونکە ئەوە دەبێتە پشتیوانییهکی دیکە بۆ توانا سەربازییەکان."
ئهی وههابیهكان، ئێوه تێرۆریستن.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت