هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

نزیکەی 14,000 قوربانی داعش لە گۆڕی بەکۆمەڵدان لە عێراق

خالید تائی

پاشماوەی مرۆڤ لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دەبینرێت کە لە قەزای حەویجەی کەرکوك لە 18 کانونی یەکەم هەڵدرایەوە. [خاوەنی وێنە: فه‌رمانده‌یی پۆلیسی فیدراڵی عێراق]

پاشماوەی مرۆڤ لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دەبینرێت کە لە قەزای حەویجەی کەرکوك لە 18 کانونی یەکەم هەڵدرایەوە. [خاوەنی وێنە: فه‌رمانده‌یی پۆلیسی فیدراڵی عێراق]

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، پاشماوەی لانیکەم 14,000 قوربانی دەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە گۆڕی بەکۆمەڵدا لە سەرانسەری عێراق نێژراون و دەسەلاتدارانیش بەدەوامن له‌ هەڵدانەوەی گۆڕی نوێ.

لە 18 کانونی یەکەم، پۆلیسی فیدراڵی گۆڕیکی بەکۆمەڵی دۆزییەوە لە قەزای حەویجەی رۆژئاوای پارێزگای کەرکوك.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، مەعن حەمدانی، بە دیارونای وت شوێنی گۆڕەکە دەکەوێتە نزیك گوندی ئەبو جیس لە ناوچەیەك کە پێیدەڵێن دارستانی به‌عیر لە سنووری ئیدارەی عەباسی.

حەمدانی وتی گۆڕە بەکۆمەڵەکە ئێسك و پروسکی ئەو کەسە نەناسراوانەی تێدایە کە لەلایەن داعشەوە کوژراون کاتێك حەویجەیان لەژێردەستدا بوو.

شارەزایانی عێراقی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پارێزگای سەڵاحەدین هەڵدەدەنەوە لە نیسانی 2018 کە پاشماوەی ئەو عێراقیانەی تێدابوو کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ کوژراون. [خاوەنی وێنە: بەڕێوەبەرێتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق]

شارەزایانی عێراقی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پارێزگای سەڵاحەدین هەڵدەدەنەوە لە نیسانی 2018 کە پاشماوەی ئەو عێراقیانەی تێدابوو کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ کوژراون. [خاوەنی وێنە: بەڕێوەبەرێتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق]

وتیشی: "ژمارەی تەواوی ئەو قوربانیانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا نێژراون نازانرێت بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەکانمان پاشماوەی نزیکەی 70 کەسی تێدایە."

هەروەها وتی پشکنینی سەرەتایی شوێنەکە جلوبەرگی دڕاوی دەرخست کە دەریدەخات هەندێك لە قوربانیان مەدەنی بوون و تەنانەت لەوانەیە ژن و منداڵیشی تێدابێت لەگەڵ سەربازان.

حەمدانی وتی هەندێك پارچە تەلیش لە شوێنەکە دۆزرانەوە کە چەکداران بۆ بەستنەوەی قوربانیان بەکاریانهێناوە پێشئەوەی سەریانببڕن یان لە نزیکەوە گولـلەبارانیان بکەن.

وتیشی ئەو گۆڕە یەکێکە لە زۆربەی ئەو گۆڕانەی لەدوای تێکشکانی داعش دۆزراونەته‌وە و "رەنگدانەوەی دڕندەیی ئەو گروپە و ئه‌و تاوانانەیە لە دژی دانیشتوانی عێراق ئەنجامیانداوە."

زیاتر لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق هه‌ن

راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 6 تشرینی دووەم ئاشکرایکرد کە 202 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق دۆزراونەته‌وە و پاشماوەی ئەو خەڵکەیان تێدایە کە لەلایەن داعشەوە کوژراون.

زۆربەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەکەونە پارێزگاکانی کەرکوك، نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەدین.

حەمدانی وتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەکانی نێوخۆییان ئاگادارکردۆتەوە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵە نوێیەکە بپارێزن و دەستکاری نەکەن بۆئەوەی هیچ بەڵگەیەك ون نەکەن کە ده‌شێت داعش تاوانبار بكات."

شاندێکی فەرمی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافه‌كانی مرۆڤی عێراق، دەزگای هەواڵگریی کەرکوك و دەزگای کاروباری شەهیدان لە 20 کانونی یەکەم شوێنی گۆڕەکەیان پشکنی.

قائیمقامی حەویجە، سەبحان جبوری وتی هێزە ئەمنیەکان و هێزه‌ خێڵه‌كیه‌كان گۆڕەکەیان دۆزیەوە دوایئەوەی بارانی بەخوڕ پاشماوەی ئەو کوژراوانەی بەدەرخست کە لە چاڵێکدا نێژرابوون.

جبوری بە دیارونای وت ئیدارەکەی دەستبەجێ دەسەڵاتدارانی حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی سەبارەت بە گۆڕەکە ئاگادارکردەوە و پشکنینی سەرەتایی ئەنجامدرا.

وتیشی: "ئێمە چاوەڕێی گەیشتنی تیمە تایبەتمەندەکانین بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکە و زانینی ژمارەی قوربانیان و چۆن و کەی کوژراون و بزانین ئەوانە کێن، لەڕێگەی ئەنجامدانی پشکنینی بۆماوەیی بۆ پاشماوەکان."

ژمارەی نەزانراوی قوربانیان

جبوری وتی داعش بەشێوەی هەڕەمەکی مەدەنیانی کوشتبوو، بەتایبەتی ئەوانەی هەوڵیاندەدا لە سنووری ژێردەستی هەڵبێن یان ئەوانەی لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان خزمەتیان کردبوو.

وتیشی: "سەختە بزانین چەند کەس لەسەردەستی ئەو تیرۆرستانە ژیانیان له‌ده‌ست دا لەکاتی کۆنترۆڵکرنی شارەکانماندا. ئەوان بەشێوەیەکی دڕندانە قوربانیانیان کوشت و تەرمەکانیشیان لەشوێنی نادیار ناشت."

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ، عەلی بەیاتی، بە دیارونای وت گۆڕە بەکۆمەڵەکەی حەویجە دوایین گۆڕی بەکۆمەڵە کە دۆزراوەتەوە و ئاماژەشی دا بەوەی كه‌ "یەکێکە لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی هەڵنەدراوەتەوە".

وتیشی سەرجەمی ژمارەی قوربانیان به‌ نزیکەی 14,000 کەس دەخەمڵێنرێت و ئاماژەشی دا بەوەی زۆر پێدەچێت گۆڕی بەکۆمەڵی تریش بدۆزرێنەوە.

هەروەها وتی پاشماوەی 1,258 قوربانی لە 28 گۆڕی بەکۆمەڵی هەڵدراوەدا لادراون کە چواریان لە دیالە و یەکێکیان لە نەینەوا و 23یان لە سەڵاحەدین بوون.

پلانەکان بۆ هەڵدانەوەی هەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان

بەیاتی ئاماژەی بەوە کرد كه‌ هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ کاریکی ئاسان نیە.

وتیشی: "هەندێك لە گۆڕەکان پڕن لە مین و دەبێت پێش کردنەوەیان پاکبکرێنەوە."

وتی: "هەروەها کێشەی کەمیی پارە و تیمی شارەزای نێوخۆییش هەیە کە بتوانن پاشماوەکان بەبێ تێکەڵکردن لاببەن یان تێکدانی شوێنی تاوانەکە."

هەروەها وتی پێویستیش هه‌یه‌ بە پشکنینی بۆماوەیی کە بۆ دۆزینەوەی قوربانیان بەکاردێت.

حکومەتی عێراق لە 4 کانونی یەکەم رایگەیاند "پلانێکی تۆکمە"ی داڕشتووه‌بۆ هەڵدانەوەی سەرجەم گۆڕە بە کۆمەڵەکان لەمساڵدا".

بەیاتی وتی هەڵدانەوەی ئەو شوێنانە دەستیپێکردووە "بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتیەکان و یاسای عێراقی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ".

وتیشی بۆ ئەنجامدانی ئەمە بە رێکوپێکی، کۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ، دەزگای شەهیدان، دەسەڵاتدارانی پزیشکی دادوەری، ئەنجومەنی دادگای باڵا و پۆلیسی نێوخۆیی دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسانە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500