وەك پێکهاتەیەکی سەرەکی لە پارێزبەندیی ئەمنی بەدرێژایی سنووری عێراق-سوریا، فەیلەقی تۆپخانەی عێراق رێگریی کردووە لە دزەکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) وپێگەکانی گروپەکەی لەنێو سوریادا کوتاوە.
لە هێرشێکی 28 کانونی یەکەمدا، فەیلەقی تۆپخانە تۆپبارانێکی سەختی ئامانجەکانی داعشی کرد لە شارۆچکەی شەعفە و هەجینی سوریا.
چەند هێرشێکی تۆپبارانی پێشتر یارمەتی داخستنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی دابوو کە ئەندامانی داعش دەیانقۆستەوە بۆ هاتنە ناو عێراقەوە و بوونە هۆی گەمارۆدانی گروپەکە لە بەشێکی بچوکی سوریادا، خۆرهەڵاتی روباری فورات.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، عەمید یەحیا رەسوڵ وتی: "فەیلەقی تۆپخانە بەردەوامە لە كردنه ئامانجی جوڵەی دوژمن یان حەشارگەکانی لەنێو سوریادا." ئاماژەیکرد بەوەش كه تۆپباران هێندەی هێرشە ئاسمانیەکان گرنگ بووە.
بە دیارونای وت: "زۆرکات ئەم جۆرە چەکە بەکاردەهێنین بۆ رێگری لەوەی داعش گردببنهوه [نزیك بە سنوور] و پلانی چالاکی تیرۆریستی دابنێن لە وڵاتەکەماندا."
رەسوڵ وتی: "تۆپخانەی عێراقی کاریگەریی روونی جێهێشتووە لە لەناوبردنی پێگەکانی تیرۆریستاندا لەکاتی شەڕەکانی رزگاریدا." ئاماژەیکرد بەوەش كه لەئێستادا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی سنوور لەگەڵ سوریا.
باش راهێنراو و چەکدارکراو
رەسوڵ وتی لهگهڵ راهێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی فەرەنسیەکان، فەیلەقی تۆپخانە بەشداریدەکات لە راهێنان بە چەکی راستەقینەوە بۆ باشترکردنی شارەزایی سەربازان دەربارەی تۆپخانەی پێشکەوتوو، ههروهها بەئامانجکردنی ورد و دروست.
وتیشی: "پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە بەهێزکردنی فیرقەی تۆپخانە." ههروهها وتی ئەمە باشترکردنی چەکەکانیشیان دەگرێتەوە.
وتی: "وەزارەتی بەرگری کاردەکات بۆ دابینکردنی دوایین و پێشکەوتووترین چەکهكانی تۆپباران،" لەنێویاندا M198 هاویتزەر، کە تۆپێکی 155 ملیمییه كه دهكرێت رابكێشرێت و مەودای هاویشتنی 22 کیلۆمەترە.
پسپۆڕی ئەمنی، جاسم حەنون بە دیارونای وت فەیلەقی تۆپخانە باشتربوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی پاڵپشتیی شاندی راهێنانی تایبەتمەندی فەرەنساوە.
وتی: "راهێنەرانی فەرەنسی توانای سەربازانی تۆپخانەی عێراقییان بەرزکردۆتەوە لەڕووی تیۆری و پراکتیکیەوە،" لەگەڵ دابینکردنی ئامێری وردبینیی زیرەك کە شوێنپێهەڵگرتن و چاودێریکردنی بە هەماهەنگی لهگهڵ مانگێکی ئاسمانیی فەرەنسی دهكرێت.
وتیشی: "سەربازانمان هێرشی پیشەیی ئەنجامدەدەن دژی ئامانجە تیرۆریستییەکان لە بەری سوریا، بەبێ ئەوەی هیچ دەرفەتێك بە داعش بدەن سنوور ببەزێنێت."
حەنون وتی فەیلەقی تۆپخانە لەئێستادا ئامادەتر و وریاترە و دەتوانێت لە ناوچە بیابانییە دوورەدەستەکان جێگیربێت بۆ تێکشکاندنی حەشارگەکانی داعش.
داعش لە سوریا گەمارۆدراوە
حەنون وتی: "داعش ژمارەیەك جبەخانەی چەك و شوێنی هەڵگرتنی خۆراکیلەدەستداوە، لەگەڵ فەرماندەیی کۆنترۆڵ و راهێنان و کارگەی ئامادەکردنی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە خۆرهەڵاتی سوریا لە ئەنجامی هێرشی تۆپخانەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا."
وتیشی فەیلەقی تۆپخانە، لەگەڵ یەکە سەربازییەکانی دیکە کە لەسەر سنوور جێگیركراون، "پشتێنەیەکی ئەمنیی تووندیان دروستکردووە کە بە خەندەق و کامێرای چاودێری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پتهوکراوە".
ههروهها وتی پلانی زیاتر هەیە بۆ بەهێزکردنی ئەمنیەت بەدرێژایی سنوور.
وتی: "لەئێستادا فیرقەی سەربازیی زیاتر و فەوجێکی دیکە لە دەزگای دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی هەیە کە پێشبینی دەکرێت لەسەر سنوور جێگیر بکرێن بۆ بەهێزکردنی پاراستنی سنوور و ئەنجامدانی دەستێوەردانی کتوپڕ."
قائیمقامی قائیم، ئەحمەد دولێمی بە دیارونای وت فەیلەقی تۆپخانە ئامادەییەکی بەهێزی هەیە لە شارۆچکەی قائیمی سەر سنووری عێراق.
وتی: "سەربازانی فەیلەقی تۆپخانەی عێراق و هاوتا فەرەنسیەکانیان بەردەوام چاویان لەسەر دوژمنە و هەمیشە هێرشدەکەنە سەر شوێنەکانیان و گردبوونەوەکانیان لەو ناوچەیەی هاوسنوورە لەگەڵ قائیم لە سوریا."
دولێمی وتی: "داعش هێرشی کوشندەی كراوهتهسهر بەدەستی ئەو سەربازانە." وتیشی ئامانجهكانی داعش لهنێوان هەجین و باغۆزدا لە سوریا كراونهته ئامانجی تۆپبارانی چڕ و هێرشی ئاسمانی.
ئهمه چیه؟
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت