هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پۆلیسی خۆجێی ئاسایشی پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەدەست

عەلا حسێن لە بەغدا

فەرماندەی پۆلیسی زیقار لە 9 کانونی دووەم بنکەی پۆلیسی فیدا دەکاتەوە دوای نۆژەنکردنەوەی. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی زیقار]

فەرماندەی پۆلیسی زیقار لە 9 کانونی دووەم بنکەی پۆلیسی فیدا دەکاتەوە دوای نۆژەنکردنەوەی. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی زیقار]

وەك ئاماژەیەکی باشتربوونی ئاسایش لە پارێزگاکانی عێراق، فەرماندەییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان بەمزوانە دەستدەکەن بە رادەستکردنی ئەرکی ئاسایش بە هێزەکانی پۆلیسی خۆجێی، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

بەگوێرەی پلانە نوێکە، کە حکومەتی عێراق بەنیازە ئەمساڵ جێبەجێی بکات، رادەستکردنی ئەرکی ئاسایش لە پارێزگاکانی باشورەوە دەستپێدەکات و دواتر درێژدەبێتەوە بۆ تەواوی پارێزگاکانی عێراق.

لەئێستادا فەرماندەییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان ئەرکی ئاسایشیان لە ئەستۆیە لە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا، بەشێوەیەکی گشتی هەر فەرماندەییەك ئەرکی پاراستنی پارێزگایەکی پێدراوە، جگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رافیدەین، کە لە یەك کاتدا ئەرکی پاراستنی ئاسایشی چوار پارێزگای پێدراوە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رافیدەین، لیوا عەلی ئیبراهیم زەبون کە سەرپەرشتی ئاسایشی پارێزگاکانی زیقار، موسەننا، میسان و واسیت دەکات لە باشوری عێراق، وتی وردەکاریی پلانەکە هێشتا لە زنجیرەیەك کۆبوونەوە و كۆنفرانس لەگەڵ فەرماندەکانی پۆلیسی ناوچەکان تاوتوێ دەکرێت.

بە دیارونای وت: "رادەستکردنەکە بە چەند قۆناغێك بەڕێوەدەچێت، بە پارێزگاکانی باشور دەستپێدەکات و دواتر تەواوی پارێزگاکانی دیکە دەگرێتەوە، بەپێی خشتەیەكی زەمەنی کە تەمموز تێپەڕناکات."

وتی پۆلیسی خۆجێی هەر پارێزگایەك تەواوی ئەرکی ئاسایش دەگرێتە ئەستۆ، ئاماژەیکرد بەوەی وەزارەتی ناوخۆ وەك خاڵی پەیوەندی دەبێت و رێنمایی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە پێدەگات، کە سەرپەرشتی دەکرێت لەلایەن فەرماندەی هێزە چەکدارەکانەوە.

زەبون وتی: "رۆڵی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکان دواتر سنووردار دەکرێت بۆ چاودێری و سەرپەرشتی و تۆمارکردنی راپۆرتی دەوری دەربارەی دۆخی ئەمنی هەر پارێزگایەك."

وتیشی هاوکات، سوپا بەردەوامدەبێت لە پیادەکردنی ئاسایش لە دەرەوەی شارەکان و سنوورەکانی عێراق.

هه‌روه‌ها وتی: "پۆلیسی خۆجێی هەموو ئەو ئەرکانە دەگرێتەئەستۆ كه‌ پێشتر لەلایەن فەرماندەییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانەوە جێبەجێدەکران، لەنێویاندا پاراستنی ئاسایشی دەزگاکانی حکومەت و جێبەجێکردنی یاسا و بەدواداچوون بۆ کەسە داواکراوەکان."

بەرپرسی پۆلیس لە هەر پارێزگایەك، لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگا -- کە له‌ زۆر حاڵه‌تدا خودی پارێزگارە -- دەسەڵاتی ئەمنی باڵا دەبن لە هەر پارێزگایەك.

حکومەتە خۆجێیەکان 'ئامادەن'

بەرپرسانی حکومەتە خۆجێیەکان پێشوازییان لە پلانەکە کرد و وتیان بەتەواوی ئامادەن بۆ لەئەستۆگرتنی ئەرکە ئەمنیەکان سەرەڕای کورتهێنانی ستاف و ئۆتۆمبیل.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، حەسەن واریوش بە دیارونای وت: "حکومەتی خۆجێی ئەنبار و پۆلیس ئامادەن بەتەواوی ئەرکی ئاسایش بگرنەدەست لەجیاتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان.”

واریوش نیگەرانیی دەربڕی دەربارەی ژێرخانی لاوازی پۆلیس، نەبوونی ئامرازی پێویست و کورتهێنانی ستاف.

وتیشی: "بەڵام، هێشتا دەتوانین ئەرکە ئەمنیەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان وەرگرین بەهۆی هەوڵەکانی پۆلیس و هاریكاریی دانیشتووانه‌وه‌.” جه‌ختیشی كرد له گرنگیی راپۆرتدانی دانیشتووان له‌ هه‌ر جوڵه‌یه‌كی گومانلێكراو یان كه‌‌سانی گومانلێكراو به‌ پۆلیس.

وتی حکومەتی خۆجێی پێشتر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرەکوەزیرانی پێشوو حەیدەر عەبادی لە تەمموزی 2018، تاوتوێی پلانی حکومەتی فیدراڵیان کردبوو بۆ پاڵپشتیکردنی هێزی پۆلیسی زیقار بە ئامێر و کارمەند.

واریوش وتی ماوەیەکە حکومەتی خۆجێی کاردەکات بۆ بەهێزکردنی ئەرکە ئەمنیەکان بەجیا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، ئاماژەیکرد بەوەی پلانی هەبوو بۆ دەستخستنی سیستمی کامێرای چاودێریی ئەمنی پێشئەوەی قەیرانی ئابوری رووی تێبکات.

پشتیوانی کۆمەڵایەتی بەهێز

شیکاروانی سیاسی، وەسام سەید تاهیر بە دیارونای وت پارێزگاکانی باشور چەندین فاکتەری به‌هێزیان هەیە کە یارمەتی بەڕێوەبردنی ئاسایشی ناوخۆیان دەدات بەبێ پێویستبوون بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان یاخود سوپا.

وتی: "گرنگترین فاکتەری به‌هێز لەم پارێزگایانە پێکهاتەی خێڵەکی و یەکێتیی کۆمەڵایەتی نێوانیانە،" کە دەبیتە هۆی پێکهاتنی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان لە پارێزگاکە.

تاهیر وت: "هیچ سیستمێکی ئەمنی بەبێ پشتگیریی خەڵكی [ناوچەکە] سەرکەوتوو نابێت یان بەبێ ئەو زانیارییانەی دانیشتوان دەیدەن." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ لە پارێزگاکانی باشور هەردوو مەرجەکە هەن.

هه‌روه‌ها ئاماژەیکرد بە هەوڵی هەواڵگریی گەشەکردوو لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانه‌وە لە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا، "کە بۆتە رەگەزێکی گرنگ لە شکستهێنان بە هێرشی تیرۆریستی پێشئەوەی رووبدات و هه‌روه‌ها بۆ بەتەڵەوەکردنی باڵاترین سەرکردەكانی تیرۆریستان لە وڵاتدا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500