هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

بارانی بەخوڕ لافاو هەڵدەستێنێت لە کەمپی ئاوارەکانی ئیدلیب

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

کچێكی سوری لەناو ئاوی لافاودا وەستاوە کە لەبەردەم خێمەکەیدا کۆبۆتەوە لە کەمپی ئاوارەکان نزیك سەراقیب. [خاوەنی وێنە: هیشام ئیدلیبی]

کچێكی سوری لەناو ئاوی لافاودا وەستاوە کە لەبەردەم خێمەکەیدا کۆبۆتەوە لە کەمپی ئاوارەکان نزیك سەراقیب. [خاوەنی وێنە: هیشام ئیدلیبی]

چالاکوانێکی ناوخۆیی وتی بارانی بەخوڕ لە ئیدلیب نەهامەتی زیاتری بۆ دانیشتوانی کەمپی ئاوارەکان هێناوە کە خێمەکانیان لافاو بردوونی دوای بارانێکی زۆر و زۆربوونی ئاوی رووبارەکان.

چالاکوان هیشام ئیدلیبی بە دیارونای وت رەوشەکە بەهۆی نەبوونی خواردن و هاوکاری پزیشکی و کۆمەکی مرۆییەوە خراپتربووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کارەکانیان لە هەرێمەکەدا کۆتایی پێدەهێنن.

وتی ئاوارەکان کە لە دێهاتەکانی باشوری حەلەب و رۆژهەڵاتی ئیدلیبەوە هاتوون چەند کەمپێکی نافەرمییان دروستکرد لە چەندین بەشی ئیدلیب، بەتایبەتی لە ناوچەیەکی نزیك سەراقیب.

ئەم شەپۆلەی ئاوارەیی زیاتر لە ساڵێك لەمەوبەر دەستیپێکرد و بەردەوامیشە بەهۆی تۆپبارانی بەردەوامی ناوچەکان لەلایەن رژێمی سوریا و میلیشیاکانییەوە.

دانیشتوانی ئەم کەمپە ئاوارەیەی لافاوی تێدا هەستا لە نزیك شاری سەراقیب هیچ کۆمەکێکی مرۆییان وەرنەگرتووە. [خاوەنی وێنە: هیشام ئیدلیبی]

دانیشتوانی ئەم کەمپە ئاوارەیەی لافاوی تێدا هەستا لە نزیك شاری سەراقیب هیچ کۆمەکێکی مرۆییان وەرنەگرتووە. [خاوەنی وێنە: هیشام ئیدلیبی]

منداڵان هەوڵدەدەن جۆگه‌له‌ دروستبکەن بۆئەوەی رێڕه‌وی ئه‌و ئاوه‌ بگۆڕن كه‌ دوای باران بارینێکی زۆر كۆبۆته‌وه‌. [خاوەنی وێنە: هیشام ئیدلیبی]

منداڵان هەوڵدەدەن جۆگه‌له‌ دروستبکەن بۆئەوەی رێڕه‌وی ئه‌و ئاوه‌ بگۆڕن كه‌ دوای باران بارینێکی زۆر كۆبۆته‌وه‌. [خاوەنی وێنە: هیشام ئیدلیبی]

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا دانیشتوانە ئاوارەکە کەوتوونەتە "رەوشێکی خراپەوە"، چونکە کەمپەکان بوون بە یەکپارچە قوڕاو.

ئیدلیبی وتیشی دانیشتوانی کەمەپەکان خێمەکانیان ده‌بینن چۆن ژێرئاو ده‌كه‌ون یان رەشەبای توند ده‌یانڕفێنێت.

کۆمەکی کەم

ئیدلیبی وتی زیاتر لەوەش ئاوارەکان بەدەست نەبوونی پێداویستییەکانی ژیانەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی نەبوونی هۆكانی گەرمکردنەوە و بەتانی و جلوبەرگی زستانه‌ و چاودێری پزیشکی و بڕێکی کەم خواردنیشیان لەبەردەستدایە.

وتی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ رەوشی نالەباری ئابووریی خۆیان و بەشێکی دیکەشی پەیوەندی هەیە بە نەبوونی کۆمەك لە رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە مرۆیی و پزیشکییەکانەوە.

بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو بەربەستانەدا، دانیشتوانی کەمپەکە میتۆدی سەرەتایی بەکاردەهێنن بۆئەوەی ئه‌و ئاوی باران و قوڕاوەی لە کەمپەکاندا کۆبوونەتەوە بپاڵێون، ئەمەش لەڕێی هەڵکەندنی جۆگه‌له‌ و چاڵ بە ئامێری دەستکرد.

ئیدلیبی وتی هەرچەندە ئەمە هاوکاربووە "بەڵام زۆر کاریگەر نەبووە بۆئەوەی بەتەواوی کارەکە ئەنجامبدرێت بەهۆی زۆریی بڕی ئاوی بارانەکەوە".

وتی ئەو بڕە کۆمەکەش كه‌ لەلایەن دانیشتوانەکەوە دەدرایە ئاوارەکان بڕدراوە بەهۆی شەڕ لەناوچەکە و ژمارەیەکی زۆری بازگەکانی تەحریر شامیش، کە بەبێ هۆ خەڵك ده‌ستگیرده‌كه‌ن.

وتیشی: "تەحریر شام هیچ هاوکاریەکی ئاوارەکانی نەکردووە، هەرچەندە بەزەبری هێز کۆنترۆڵی خۆی سەپاندووە بەسەر ناوچەکەدا و رێگربووە لە هاتنی کۆمەکی مرۆیی."

ئیدلیبی وتی ئاوارەکان زۆر نیگەرانن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزا و نەخۆشیەکانی دیکەی ئەم وەرزە لە کەمپەکاندا و ترسیشیان هەیە لە تەندروستیی بەساڵاچووەکان، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500