بهگوێرهی بەرپرسانی عێراقی، راپۆرتە هەواڵگرییەکانی عێراق ئاستێکی بەرزی شەڕی ناوخۆ لەنێو پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا دەردەخەن لە پارێزگای دیالە، بەهۆی بەرزیی ئاستی گوشار و پەرتبوونی ناوخۆیی و ورەی نزمەوە.
بەڕێوبەری پۆلیسی دیالە، لیوا فەیسەڵ عەبادی بە دیارونای وت: "پاشماوەکانی داعش کە خۆیان شاردۆتەوە کشاونەتەوە بۆ ناوچە دوورەدەستەکان، بەتایبەتی لە زێی وەقف، گردەکانی حەمرین و قەزای عەزیم."
وتی: "تەنیا گروپی بچوکی کەمتر لە 100 ئەندامی داعش ماونەتەوە." ئاماژەیکرد بەوەش كه ئەم یاخییانە زیاتر لە ئەشکەوتەکانی کەنارەکانی پارێزگاکەن.
عەبادی وتی: "ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئەم ئەندامانە وایکردووە تەنیا لە دۆخی نیگەرانی و گوشاری دەروونیدا بمێننەوە، چونکە سەرچاوە مرۆیی و داراییەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و چیتر كاریگهرییان نیە."
وتیشی هێزی ئاسمانی عێراق و هێرشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی "داعشیان کردووە بە گروپی پەرتەوازە کە توانای خۆڕێکخستنەوە و بنیادنانەوەی خۆیان نیە".
وتی فشاری دەرەکی پەرتەوازەیی زیاترکردووە و وایکردووە پێکدادان لەنێو گروپەکەدا دروستبێتو وتیشی زانیاری هەواڵگری ئاماژە بە زیادبوونی شەڕی ناو ریزەکانیان دەکات.
ههروهها وتی ئەمە زیاتر بەهۆی تاوانبارکردنی یەکدییەوە روودەدات لەنێو ئهو سەرکردە یان ئەندامانهدا کە یەکتر تۆمەتباردەکەن بە خیانەت، یاخیبوون یان دەرکردنی بڕیاری تاکلایەنە.
عەبادی ئەندامانی داعشی ناوزەدکرد بە کەسانێك کە "پرهنسیپ و بەها یان بیروباوەڕیان نیە" و وتیشی کە ئەوان "لە هەموو سووچەکانی دونیاوە دابەزیون تا بیروباوەڕی مەرگ و وێرانكاری لە وڵاتەکەماندا بڵاوبکەنەوە".
وتی: "ئەمڕۆ لە مەیدانی شهڕدا تێکمان شکاندوون و بەدوایان دەکەوین تا دوا هەناسەیان و پشونادەین تا بەتەواوەتی تێکیان نەشکێنین."
وتیشی پۆلیسی عێراق هەموو شتێك دەکات کە پێی بکرێت تا دیالە بپارێزێت لە هەڕەشەی تیرۆریزم، بەپاڵپشتی هەموو چینەکانی کۆمەڵگە.
کەمبوونەوەی ژمارەی یاخییەکان
پەرلەمانتاری عێراقی عەبدولخالق عەزاوی کە نوێنەری دیالەیە لە پەرلەمان بە دیارونای وت هەندێك لەو چەکدارانەی سەر بە داعشن هێشتا لە پارێزگاکە خۆیان شاردۆتەوە.
وتی: "ئەندامانی داعش هێشتا لە وەقف و باخەکانی موخەیسە، دۆڵەکانی حەمرین و سنووری پارێزگای سەلاحەدین هەن."
وتیشی: "بەڵام تەنیا چەند کۆمەڵەیەکی پەرتەوازەن لێرە و لەوێ و بەردەوام کێشە و شەڕی ناوخۆیان هەیە و لەئێستادا دەسەڵاتیان سنووردارە."
عەزاوی وتی ئەم پاشماوانە پێناچێت شتێکیان پێبکرێت کە دۆخی ئەمنی ناسەقامگیر بکات، "بەهۆی دەستی پۆڵایینیپۆلیسی خۆجێی و یەکەی 5ی سوپا، لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، دەزگاکانی هەواڵگریی و هێزەکانی حەشدی جەماوەری و خێڵەکی".
وتی زۆربەی هەوڵە ئەمنیەکان لە کانونی یەکەمدا ئەندامانی داعشیان کردە ئامانج لە دیالە.
وتیشی: "لانیکەم حەوت میوانخانە و خۆراك و شمەکی رۆژانە تێکشکێنراون و زیاد لە 20 بەلەم کە دوژمن بەکاریدەهێنان بۆ گواستنەوە سوتێنران و تێکشكێنران."
ههروهها وتی: "سێ ئەندامی داعش کوژران لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر زێی حەمرین."
کەمبوونەوەی كاریگهی لە دیالە
بەگوێرەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، خزر موسلیم، شەڕی ناوخۆ "رەنگدانەوەی ئاستی تێکشکان و دۆخی دەروونیی خراپە کە تیرۆریستان تێیدان".
موسلیم جەختیکردەوە لەوەی گرنگی بەمە بدرێت "بۆ سوودبینین لەو دۆخە و لەناوبردنی ئەوەی لە پاشماوەی چەکدارانی داعش ماوەتەوە کە لە دیالە خۆیان شاردۆتەوە".
وتی دیالە "گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە بۆ تیرۆریستان، بەهۆی سروشتی جوگرافیەوە کە حەشارگەی سروشتی دەبەخشێت و نزیکە لە بهغدای پایتەختهوه لەگەڵ بوونی رێگەی بازرگانی کە دەیبەستێتەوە بە پارێزگاکانی دیکەوە".
وتی: "بەڵام هێزەکانمان سەرکەوتنێکی بێوێنە تۆماردەکەن لە پاککردنەوەی پارێزگاکە لە پاشماوەکانی داعش."
موسلیم وتیشی: "دۆخی ئەمنی بەشێوەیەکی بەرچاو باشبووە و ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لەئێستادا لاوازە و دەسەڵاتی تاڕادەیەك نەماوە."
ئێمه له كهمینداین بۆیان.
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت
سوپاس!
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت