چالاکوانێکی سوری وتی شەڕ لە ناوچه گوندنشینهكانی رۆژئاوای حەلەب لەنێوان تەحریر شام و بەرەی رزگای سوریا بووە هۆی فراوانبوونی ناوچەکانی ژێردهستی تەحریر شام دوای ئەوەی ژمارەیەك گوند و شارۆچکە و چەندین شوێنی ستراتیژییان گرت.
چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعهب عەساف بە دیارونای وت ژمارەیەك مەدەنی کوژران و برینداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی تەحریر شامدا بۆ راماڵین لەو ناوچانهی دەستی بەسەرداگرتوون.
وتی تەحریر شام دووشەممە (31 کانونی یەکەم) هێرشێکی فراوانی ئەنجامدا لە هەرێمه گوندنشینهكهی رۆژئاوای حەلەب بەتایبەتی بۆسەر ئەو ناوچانەی لەژێردەستی گروپی نورەدین زەنکی سەر بە بەرەی رزگاری سوریادا بوون.
وتیشی ئەمە بووە هۆی ئەوەی ناوچەکانی ژێردەستی نورەدین زەنکی بکەونە دەستی تەحریر شام، ئەمەش دوای ئەوەی گروپی نورەدین زەنکی فەرمانی بە چەکدارەکانیکرد بکشێنەوە چونکە شارۆچکە و گوندەکان دووچاری تۆپبارانێكی چڕ بوونەوە.
عەساف وتی تەحریر شام دهستیگرت بهسهر شارۆچکەکانی هەباتە و کەفەرناتیندا لەگەڵ جەبەل شێخ بەرەکات، کە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگە لەگەڵ شاری دارەت عهزە و شارۆچکەکانی سهعدییه و عاجل و بسارتون و تاکاد و فەدرا.
وتی هاوپەیمانییە توندڕەوەکە چەند بازگەیەکی سەر شەقامی قەلعەت سەمعانیشی لەگەڵ بازگەکانی هەباتە و زەعتەر گرت.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ چوارشەممە رایگهیاند كه شەڕ گەیشتۆتە پارێزگای ئیدلیبی تەنیشت حەلەب، بهگوێرهی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس.
سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولرەحمان وتی: "شەڕەکە سەختبوو، بڵاوبووهوە بۆ باکور و باشوری رۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلیب."
وتی 49 کەس کوژران، كه له سێشەممەدا 19 کوژراو بوون، وتیشی گروپی دیکەی بەرەی رزگاری سوریا ئێستا هاتوونەتە ناو شەڕەکەوە.
هەڵمەت و کوشتن
عەساف وتی: "تەحریر شام چەند هەڵمەتێكی ئۆپەراسیۆنی راماڵینی دەستپێکردووە لەو ناوچانهی لەژێر کۆنتڕۆڵیدایە."
وتی لە شارۆچکەی عوریم ئەلکوبرا هەشت چەکداری بەرەی رزگاری سوریا کوژران.
وتیشی: "تەقەکردنی بەناو مەدەنییەکاندا ژمارەیەك کەسی کوشت،." ههروهها وتی: "یەكێك لەوانە ئوسامە تانو بوو کە دانیشتووی دارەت عهزە بوو، دووانی دیکەش نەناسراونەتەوە چونکە تەرمەکانیان هێشتا لەو شەقامەن کە لێی کوژراون."
وتی جگه لەوەش، ژمارەیەکی زۆر مەدەنی لەکاتی تەقەکردنەکەدا برینداربوون، بەتایبەتی لە شارۆچکەی تاکاد، کە تێیدا هەشت کەسی سەر بە یەك خێزان برینداربوون دوای ئەوەی تۆپێك بهر خانووەکەیان كهوت.
عەساف وتی دوا ئاماری قوربانییەکان تا ئێستا رانەگەیەنراوە "بەڵام سەختیی شەڕەکە و ئەو راستیەش کە شوێنەکان دەستیان گۆڕیوە مانای ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا کوژراون".
وتی ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژەدەکەن بەوەی 21 چەکداری تەحریر شام و زیاتر لە 30 چەکداری بەرەی رزگاری سوریا کوژراون و ژمارەیەکی زۆر چەکداری گروپی نورەدین زەنکیش بە دیل گیراون لەلای تەحریر شام.