بەرپرسێکی باڵای سەربازی هەینی (28 کانونی یەکەم) وتی هێزەکانی عێراق زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی توندیان دەستپێکردووە بۆ کردنە ئامانجی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە پارێزگای نەینەوا.
فەرماندە عەقید نەجمەدین کەریم جبوری وتی لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا ژمارەیەك ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە.
بە دیارونای وت سەرنجی ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر ناوچە بیابانییەکانە کە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین لەیەکدی جیادەکەنەوە.
وتی: "لە 23 کانونی یەکەم هێزێكی ئاسمانی سوات و تیمە تەکنیکییەکان دابەزینە سەر ئامانجێکی تیرۆریستی لە شارۆچکەی حەزەر و توانییان چوار تیرۆریست بکوژن کە فەرماندەی داعش بوون."
![فڕۆکەیەکی عێراقی چاودێریی ناوچە دوورەدەستەکانی نزیك شارۆچکەی حەمام عەلیل دەکات لە باشوری موسڵ لەم وێنەیەدا، کە لە 1 ئەیلول لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا]](/cnmi_di/images/2018/12/28/15991-Iraqi-aircraft-surveillance-600_384.jpg)
فڕۆکەیەکی عێراقی چاودێریی ناوچە دوورەدەستەکانی نزیك شارۆچکەی حەمام عەلیل دەکات لە باشوری موسڵ لەم وێنەیەدا، کە لە 1 ئەیلول لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا]
![سەربازانی عێراقی لە تەنیشت ماڵێکی حەوانەوەی داعش راوەستاون کە لە بیابانی حەزەر لە باشوری رۆژئاوای موسڵ دۆزرایەوە وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت، کە 1 تشرینی یەکەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا]](/cnmi_di/images/2018/12/28/15992-ISIS-resthouse-bust-600_384.jpg)
سەربازانی عێراقی لە تەنیشت ماڵێکی حەوانەوەی داعش راوەستاون کە لە بیابانی حەزەر لە باشوری رۆژئاوای موسڵ دۆزرایەوە وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت، کە 1 تشرینی یەکەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا]
وتیشی: "ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو بوو کە تیایدا سەربازەکان ئاستێکی باڵای توانایان دەرخست و دوژمنیان خافڵگیر کرد و وانەیەکی توندیان پێدان."
وتی: "دوای ئەم هەڵمەتەش، فیرقەی 20 ی سوپا ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانی لە بهرزاییهكانی رۆژئاوا لە نەینەوا دەستپێکرد و ئۆپەراسیۆنێکی بەرگرتنیشمان دەستپێکرد لە دورگەکانی رووباری دیجلە لە باشوری موسڵ."
جبوری وتی هەلمەتێکی بەرفراوان چوارشەمە دەستیپێکرد بۆ دۆزینەوەی حەشارگەکانی پاشماوەکانی داعش لە بیابانی حەزەر.
وتی هەڵمەتەکە، کە تا هەینیش بەردەوامبوو، دەرئەنجام ماڵێكی حەوانەوەی داعش و کەلوپەلی ژیانیان و ئامێر و سوتەمەنییەکانیانی لەناوبرد.
دۆزینەوەی پاشماوەکانی داعش
جبوری وتی هێزەکانی عێراق بەردەوام لە گەڕاندان لە ناوچەی موسڵ بۆ دۆزینەوەی شانەکانی داعش.
وتیشی: "پێنجشەممە سێ ئەندامی شانەیەکی تیرۆریستی دەستگیرکران لە گوندی عبور لە رۆخی رۆژئاوای موسڵ."
ههروهها وتی: "تیرۆریستێکی مەترسیدار لە موسڵ دەستگیرکرا رۆژی چوارشەممە، کە شارەزایی هەبوو لە گواستنەوەی ئهو تهقهمهنیانهدا كه دهلكێنرێن (بۆمبی لکاندن)."
جبوری وتی: "ئۆپەراسیۆنەکان بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێن، کە هاوکاریی شەرڤانەکانمان دەکەن بۆئەوەی ئەزموون پەیدابکەن و راهێنانیان پێدەکەن بۆئەوەی ئەرکە ئهمنییه زۆر سهختهكان ئەنجامبدەن."
رێکارەکان توندوتۆڵکراون بۆئەوەی بەرگری لە شارەکانی نەینەوا بکرێت دوای ئەوەی سێشەممە هێرشێك بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە تەلەعفەر دوو کەسی کوشتو 11 کەسی دیکەشی بریندار کرد و داعش تەقینەوەکەی لەئەستۆگرت.
جبوری وتی: "رێنمایمان دەرکردووە بۆ داخستنی شارەکە لە هەموو لایەکەوە و تەنیا سێ خاڵمان هێشتۆتەوە بۆ هاتن و دەرچوون."
وتی ئهو ئۆتۆمبیلانهی دەچنە شارەکە چاودێرییان دەکرێت لەلایەن کامێرا ئەمنییەکان و سەگەکانی پۆلیسەوە وەك بەشێك لە زیادکردنی هەوڵەکانی چاودێری و هەواڵگری.
وتیشی: "هەمان رێکار لە شاری گەیارە گیراوهتەبەر و هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ پتەوکردنی رێکارەکانی بەرگری لە هەموو شارەکاندا."
جبوری جەختیکردەوە کە ئەو پێشێلکارییەی تەلەعفەر "رووداوێکی ئەمنی بوو کە دەکرێت لە هەر شوێنێك رووبدات و مانای ئەوە نیە داعش دەسەڵاتی هەیە گوندێك یان شارێك بگرێت".
وتی: "چەندین تیرۆریستمان کوشتووە ئەمساڵ و سەدانمان لێ دەستگیرکردوون و بەردەوامین لە نەهێشتنی توانای مرۆیی و هێرشبردنیان لە رێگای ئۆپەراسیۆنەکانەوە."
پاراستنی ژیانی مەدەنییەکان
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، مەحمود جبوری بە دیارونای وت: "ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بەردەوامن لە نەینەوا بۆ کەمکردنەوەی سەرکێشی ئهو تیرۆریستانهی ماونهتهوه."
وتی: "تیرۆریستەکان هێرشی ترسنۆکانە ئەنجامدەدەن کە هەندێكجار کاریگەرییان لەسەر مەدەنییەکانی گوندە دوورەدەستەکان دهبێت و ئەمەش بۆئەوەی شکستی خۆیان بشارنەوە و ورەی خەڵك بڕوخێنن."
جوری وتی هێزە ئەمنییەکان هەرچی لەدەستیانبێت دەیکەن بۆئەوەی مەدەنییەکان بپارێزن.
وتی: "ئهو چالاکیانهی بەمدواییانە ئەنجامیانداون، بەتایبەتی کە لە فڕۆکەوە دابەزین لە حەزەر، بەشێكە لە توندکردنی پەتی ملی پاشماوەی تیرۆریستەکان، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو هەڵمەتانەیە کە هێزەکانمان لە ئاستێكی باڵادا ئەنجامیاندەدەن."
وتیشی لە هەمانکاتدا فڕۆکەکانی هاوپەیمانان چەندین حەشارگەی داعشیان کردۆتە ئامانج.
جبوری وتی هەفەتەی رابردوو فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ناوچەی حەوایج دیجلەیان بۆردومانکرد، کە دورگەیەکە بە گژوگیایهكی چڕ داپۆشراوە لەسەر رووباری دیجلە لە باشوری موسڵ.
وتی بۆردوومانەکە چەندین تونێلی کۆنکرێتیی پاشماوەکانی داعشی لەناوبرد کە به سەوزایی چڕوپڕ داپۆشرابوون و سێ تونێلیان لە دورگەکانی زور کانوس بوون کە درێژدەبوونەوە بۆ پارێزگای سەڵاحەدین و وتیشی ژمارەیەك چەکداری داعش لە بۆردوومانەکەدا کوژران.