هێزەکانی عێراق بەپشتیوانی پیاوانی خێڵەکان پێنخشەممە (20 کانونی یەکەم) ئۆپەراسیۆنێكیان دەستپێکرد بۆ گەڕان بەدوای بنکەکانی "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا لە شارۆچکەی روتبە لە رۆژئاوای ئەنبار.
جێگری فەرماندەی هێزەکانی حەشدی خێڵهكی لە روتبە، موقەدەم ئەمین سامی رەشید، بە دیارونای وت: "دوێنی یەکە خێڵەکیەکان و هێزە ئەمنییەکان لە روتبە لەژیر فەرماندەیی فیرقەی یەکی سوپادا گەڕانێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد بۆ حەشارگەکانی [داعش]."
وتی ئۆپەراسیۆنەکە ئەو ناوچەیەی گرتەوە کە لە سەکار لە بیابانەکەی رۆژهەڵاتی روتبە درێژدەبیتەوە بۆ سنووری عێراق و سوریا لە باشوری شارۆچکەی قائیم.
وتیشی ئۆپەراسیۆنەکە "بەشێکە لەو ئۆپەراسیۆنانهی پێشتر پلانیان بۆکراون و ئەنجاممانداون بۆ بەرگرتن بە چەکدارانی داعش لە دانانی بنکەی نهێنی لە بیابانەکە یان دزەکردن لە دەرەوەی سنوورەکەوه."
![ئەفسەرانی عێراق تاووتوێی پلانی چالاکییەك دەکەن بۆ پاکردنەوەی بیابانی روتبە لە پاشماوەکانی "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە لە حوزەیرانی 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]](/cnmi_di/images/2018/12/21/15904-Iraq-Anbar-Rutba-600_384.jpg)
ئەفسەرانی عێراق تاووتوێی پلانی چالاکییەك دەکەن بۆ پاکردنەوەی بیابانی روتبە لە پاشماوەکانی "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە لە حوزەیرانی 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]
وتی لە هەڵمەتەکانی گەڕاندا حەشارگەکانی داعش زۆرجار دەدۆزرێنەوە "هەندێكیان چۆڵن و ئەوانەی دیکە تازه دروستکراون".
ههروهها وتی لەو پشکنینانەدا كه لە بیابانەکە ئەنجامدراون لە 10 رۆژی رابردوودا، هێزە خێڵەکیەکان پێگەی حەوانەوەی تازه دروستکراویان دۆزیوەتەوە کە بەتانی و چەندین کەلوپەلی چێشتلێنانیان لە رەوشێكی باشدا تێدابوو.
رەشید وتی: "بەر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە دوای شەش تیرۆریست کەوتبووین کە لەناویاندا سەرکردەی داعش هەبوون، ئەوەش لە ناوچەی حوسەینیات (باکوری روتبە)، دواتر دهستگیركران و رادەستی دەزگای هەواڵگری کران."
وتیشی هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و سوپا و خێڵەکان چەندین هەڵمەتی زەمینی و ئاسمانییان ئەنجامداوە بۆ چاودێریکردنی بیابانی روتبە -- کە خەریکە بەتەواوی ئەمنیەتی دەپارێزرێت.
لەوەش زیاتر، ناوبراو وتی، سنووری بیابانەکە لەگەڵ سوریا بەرگری لێدەکرێت لەڕێی یەکە سەربازییە گەورەکانەوە کە ئامێر و ئۆتۆمبیل و چەکی قورسیان پێیە.
رەشید وتی شاری روتبە "بە سێ هێڵی بەرگری دەورەدراوە و لەوێش هێزە [خێڵەکی]ەکانمان دامەزراون لە ناوچەکانی دەباع و فایده لە باشوری شارەکە".
وتیشی هێزەکانی بەرپەچدانەوەی خێرا و یەکە ئەمنییەکانی دیکە لە دەوری شارەکە دامەزراون، ئەمەش وایکردووە زەحمەت بێت بۆ تیرۆریستەکان دزەبکەن بەناو ئەو هێڵە بەرگریانەی دەرەوەی شارەکەدا.