https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/12/12/feature-05

×
×
تێرۆریزم |

عێراق هەنگاودەنێت بۆ پاراستنی موختارەکان لەدەست داعش

خالید تائی

image

موختارەکانی فەلوجە کۆدەبنەوە بۆ تاووتوێکردنی بڕیارێك بۆ پشتگیریکردنی هێزە ئەمنیەکان لە ناوچەکانیان. [خاوەنی وێنە: ماڵپەڕی قەزای کارگێڕیی فەلوجە]

موختارەکان، کە زۆرجار هێڵی یەکەمی بەرگرین بۆ خەڵکی ناوچەکە، لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش)ەوە دەکرێنە ئامانج و گروپەکە هەوڵدەدات لە ئەرکەکانی خۆیان بخات، بەرپرسانی ناوچەکە بە دیارونایان وت.

وەك ئەو ریشسپیانەی سەرۆکایەتی گوندێك یان گەڕەکێك دەکەن، موختارەکان بەچڕی هاریکاریی بەرپرسان و هێزە ئەمنیەکانیان کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی پاشماوەکانی داعش دزەناکەنە ناوچەکانیان.

سەرەڕای زنجیرەیەك هێرش بۆ سەر ماڵی موختارەکان، زۆرێکیان کۆڵیان نه‌داوه‌.

موختارێکی فەلوجە کە داوایکرد ناسنامەی ئاشکرا نەکرێت لەبەر هۆکاری ئەمنی، سوێندیخوارد كه‌ "داعش شکستمان پێناهێنێت".

image

موختارەکانی رەمادی لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کۆدەبنەوە لە هەوڵێکدا بۆ بەهێزکردنی رۆڵی ئەمنییان. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی قائیمقامیەتی رەمادی]

بە دیارونای وت: "لە دۆخی سەختتردا بەرگریمان کردووە و بەرگریکاریش دەمێنینەوە تا ئەوکاتەی لەناویدەبەین. هێزەکانمان شکست بە پاشماوەکانی تیرۆریزم دەهێنن و خۆمان لە بەرپرسیارێتی لانادەین بۆ گواستنەوەی زانیاری."

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب وتی توندوتیژی دژی موختارەکان شتێکی نوێ نیە و ئاماژەیکرد بەوەی داعش لە ساڵانی رابردووشدا کردوونیەتە ئامانج.

بە دیارونای وت: "گەڕانەوەی هەڕەشەکە بەم ئاستە پشتڕاستیدەکاتەوە کە گروپەکە هەست بە هەڕەشە دەکات چونکە ئەندامەکانی یەك لەدوای یەك لەناودەچن بەهۆی کاری هەواڵگریی موختارەکانەوە."

موختارەکان رۆڵێکی گەورەتر دەگێڕن

شەبیب وتی موختارەکان هەوڵدەدەن رۆڵێکی گەورەتر بگێڕن، جگە لە ئەرکە سەرەکیەکانیان، کە چاودێریی خەڵکی نامۆ و جوڵەی گومانلێکراوی تێدایە لەو گوند و گەڕەکانه‌داکە ئەوان لێی بەرپرسن.

ئاماژەیکرد بەوەی هەندێكیان دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی ژمارەی خێزانەکان لە هەر ماڵێكدا.

وتی ئەو ریشسپیانەی نێو کۆمەڵگە ماوەیەکە چەندین زانیاری دەبەخشنە هێزە ئەمنیەکان دەربارەی دانیشتوانی ناوچەکانیان، لەنێویاندا ئەو ئاوارە عێراقیانەی لە شوێنی دیکەوە هاتوونەتە ناوچەکانیان.

وتی: "لەگەڵ ئەوەشدا، موختارەکان لەئێستادا دوایین وتەیان هەیە لە دادگا، چونکە شایەتیەکانیان و لێدوانەکانیان و ئەو زانیاریانەی لەلایانه‌ گرنگن بۆ دەرکردنی بڕیارێك دژی ئەندامانی داعش."

شەبیب وتی پشتیوانیکردنی بەرپرسان بەهۆی چەوساندنەوەی خەڵکی بێتاوانەوەیە لەلایەن داعشەوە، "کە وایکرد هەمووان، لەنێویاندا موختارەکان، چیان پێبکرێت بیکەن بۆ نەهێشتنی کارەساتی تیرۆریزم بۆ هەمیشە".

وتیشی لە وەڵامدا، ئەندامانی داعش هەوڵی هەڕەشەکردن لە موختارەکان دەدەن، بەهیوای ئەوەی واز لە بەرپرسیارێتیەکانیان بهێنن یان ناوچەکانیان به‌جێبهێڵن.

وتی: "بەڵام شتەکە پێچەوانە بۆتەوە." ئاماژەشی دا به‌ "سووربوون و کۆڵنەدانی موختارەکان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان" و خزمەتکردنی وڵاتەکەیان.

هێرشکردن بۆسه‌ر سه‌رانی گوندەکان

لە سەرەتای تشرینی دووەمدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە داعش نۆ موختاری لەسێدارە داوە لە حەوت مانگی رابردوودا لە پارێزگای کەرکوك.

بەرپرسێکی ئەمنی له‌ ناوچەکە وتی لە 2 تشرینی دووەمدا، عەبدوڵا وەسمی، موختاری گوندی مەحمودیە له‌نزیك شارۆچکەی حەویجە كوژرا لەلایەن ئەندامانی داعشەوە کە هێرشیانکردە سەری لە ماڵەکەی خۆیدا.

مەرگی ئەو دوای کوشتنی موختاری حانوتیەی نزیك بەو ناوچەیە بوو لە 31 تشرینی یەکەمدا.

ئەو بەرپرسی قەزایە وتی لە 29 تشرینی یەکەمیشدا، "چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر ماڵی محەمەد جومعە، موختاری گوندی جه‌ماسیە" نزیك بە حەویجە.

بەرپرسەکە وتی: "لە ماڵەکەی خۆی بردیانەدەرەوە و لە بەردەم ماڵەکەیدا کوشتیان پێشئەوەی هەڵبێن."

لە 26 تشرینی دووەم، بڵاوکراوەیەکی ناوخۆیی رایگەیاند کە موختاری عەیازیە لە قەزای تەلەعفەری پارێزگای نەینەوا، عەبدوڵا حەسەن عەلی تیرۆرکرا لە هێرشێکدا بۆسەر ماڵەکەی، کە تێیدا ژنەکەشی بەسەختی برینداربوو.

موختارەکان 'خراونەتە لیستی رەشی داعشەوە'

بەڕێوبەری قەزای گەیارە، ساڵح حەسەن عەلی، وتی 73 موختار دانراون بۆ گوندەکانی نێو سنوری قەزای گەیارەی موسڵ و کاری خۆیان بەشێوەیەکی ئاسایی دەکەن.

بە دیارونای وت: "لەکاتی کۆبوونەوە چەندبارەکانماندا لەگەڵیان، ئەم موختارانە سووربوون لەسەرئەوەی لە داعش ناترسن و بەردەوامدەبن لە پشتگیریی هێزە ئەمنیەکان، تا ئەوکاتەی تیرۆریستان شکستیان پێدەهێنرێت."

وتی هێزە ئەمنیەکان دەستیانکردووە بە دەرکردنی مۆڵەت بۆ موختارەکان "تا چەکیان پێبێت و هەڵیگرن بۆ پاراستنی خۆیان دژی هێرشە تیرۆریستیەکان" و وتیشی هێزە ئەمنیەکان و بەرپرسانی ناوچەکە بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ موختارەکان.

هه‌روه‌ها وتی: "تیرۆریستان ترسنۆکن، کە هێرشەکانیان سەلماندوویەتی."

پسپۆڕی ستراتیژی، ئەحمەد شەریفی بە دیارونای وت بە بەئامانجکردنی موختارەکان، داعش هەوڵدەدات خۆی بپارێزێت دژی ئەو کەسانەی بە سەرچاوەی هەڕەشەیان دەبینێت.

وتی: "موختارەکان [لەلایەن داعشه‌وه‌] خراونەتە لیستی رەشەوە بەهۆی هەوڵە کاریگەرەکانیانەوە بۆ کەمبایەخکردنی تیرۆریزم هاوتەریب بە ستراتیژی لەکارخستن کە هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان پێیهەڵدەستن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین