هێزە عێراقییەکان چەکدارێکی "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش)یان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە کوشتنی 10 کەسی خێڵی ئەلبونەمر، بەرپرسێك لە پارێزگای ئەنبار هەینی (7 کانونی یەکەم) وتی.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم كهعود بە دیارونای وت: "هێزە ئەمنییەکان لە ئەنبار توانیویانە ئەندامێکی مەترسیداری داعش دهستگیربكهن دوای چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی هەواڵگری."
وتی چەکدارەکە لە کۆمەڵکوژییەکانی داعشدا بەشداربووە دژی ئەندامانی خێڵی ئەلبونەمر.
لەنێوان 2014 بۆ 2015، داعش 700 کەسی لە خێڵی ئەلبونەمری سونی کۆمەڵکوژکرد چونکە دژی ئایدۆلۆژیاکەی بوون.
گەورەترین کوشتار لە شاری هیت روویدا لە رۆژئاوای ئەنبار کە زۆربەی خێزانەکانی سەربە خێڵەکە لێی دەژین.
كهعود کە خۆی ریشسپییەکی خێڵی ئەلبونەمرە، وتی چەکدارە دەستگیرکراوەکەی داعش "بەرپرسبووە لە کوشتی 10 کەس" کە سەربە خێڵەکە بوون لەکاتی کۆمەڵکوژیەکەدا و وتیشی لەکاتی لێپێچینەوەدا ددانیناوە بە تاوانەکەیدا.
داعش هەوڵی پشێویی ئەمنی دەدات
كهعود وتی: "هێزە ئەمنییەکان توانای زۆریان بەدەستهێناوە و شارەزان لە دۆزینەوەی تیرۆریستەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی شانەی نوستوویان هەیە و لەناو مەدەنییەکاندا خۆیان مەڵاسداوە."
وتی: "[تیرۆریستان] وا دەزانن بۆ ماوەیەکی زۆر دەتوانن بهزیندوویی بمێننهوه دوور لە چاوی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و دەکرێت لە یاسا هەڵبێن."
وتیشی: "هەرچەندیش هەوڵبدەن ناتوانن بمێننهوه. چارهنوسی ئەوان یان مردنە یان ئەوەیە فڕێدەدرێنە کونجی زیندانەوە."
كهعود هۆشدارییدا دژی هەوڵەکانی داعش بۆ نانەوەی پشێویی ئەمنی لەڕێی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستییهوه لێره و لهوێ.
وتی: "[چەکدارانی داعش] پێنجشەممە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبرێژکراویان نارد کە خۆکوژێکی هەرزەکار لێیدهخوڕیبۆئەوەی لە شاری فەلوجە بیتەقێنێتەوە."
هێزەکانی عێراق ئۆتۆمبیلەکەیان وەستاند، کە 100 کیلۆگرام تەقەمەنی مەترسیداری تێدابوو، ئەمەش بەرلەوەی گەنجە 14 ساڵەکە بچێتەناو شارەکەوە.
كهعود وتی: "وریایی هێزەکانمان هاوکاربوو له دەستگیرکردنی شۆفێرەکەدا ئەوکاتەی گەیشتە بازگەی موەزەفین لە دەروازەی رۆژئاوای شارەکە."
وتی لە رووداوێکی دیکەدا هەفتەی رابردوو چەکدارێکی داعش بەجلی سەربازییەوە هێرشیکردە سەر ماڵی موختاری گوندی قەنان لە شاری هیت.
وتیشی: "ئەنجامدەرەکان تەقەیان لە موختارەکە کرد و ئەویان کوشت و کوڕەکەشیان بریندارکرد بەرلەوەی بۆ شوێنێکی نادیار هەڵبێن."
ههروهها وتی: "ئەو هێرشە تیرۆریستیانه وایانلێکردین سەرنج بخەینەسەر هەوڵەکانی دهستگیركردنی چەکدارە پاشماوەکانی داعش و لێدانیان لە هێرشی کتوپڕدا."
ئایا بهس نیه كه خائین و تاوانباران وڵاتهكهیان وێرانكردووه و خهڵكهكهی دهكوژن بۆ جێبهجێكردنی ویستی بیانیهكان؟!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت