بەرپرسانی عێراق دەڵێن دۆخهكه بهسوودی ئەو دانیشتووانەی پارێزگای نەینەوا شكاوهتهوه کە به خراپترین شێوه ناڵاندوویانە بەدەست "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)هوه و كه ئامادەیی زۆرتریان هەیە بۆئەوەی زانیاری بدەن بە دەزگاکان لەسەر چالاکی گوماناوی.
بە دیارونایان وت ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانە مەدەنییەکە دێن بۆئەوەی زانیاری بدەن لەسەر چالاکییەکانی داعش و زۆربەی زانیارییەکان لە قوربانیانی دەستی توندوتیژی گروپەکەوە دەگەن.
وتیان یەکێك لە هەواڵدەرەکان لهلایهن داعشهوه تهقهی لێكربوو كاتێك خۆی و براکەی هەوڵیاندابوو لە شەڕ رابکەن لە رۆژئاوای موسڵ سەرەتای ئەمساڵ. براکەی لەکاتی هەڵهاتنیاندا کوژرابوو.
ئەو هەواڵدەرە بۆ دیارونا دوا و داوایکرد ناوی نەهێنرێت بۆ پاراستنی گیانی و وتی: "زۆر ترسام و لەوکاتەوە بەڵێنمداوە تۆڵەی براکەم و هەموو قوربانییەکان بکەمەوە."
ئەم پیاوە و ئەوانی تر کە بەدەستی داعش ناڵاندویانە و تراژیدیای هاوشێوەیان بینیوە، ئێستا چالاکانە زانیاری دەدەن بە بهرپرسان لەسەر هەر چالاکیەکی داعش یان هەر شتێکی نائاسایی کە دەیبینن لە گەڕەکەکانی موسڵ.
ئەو زانیاریانەش لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بەکارهاتوون بۆئەوەی دوای جموجوڵی چەکدارەکان بکەون و حەشارگەکانیان بدۆزنەوە.
ئەو پیاوە وتی: "من لەم کارە هیچ سوودێکی شەخسیم ناوێت. ئامانجم دڵنیابوونەوەیە لەوەی هیچ تیرۆریستێك بەئازادی هاتوچۆنەکات و نەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیان و داهاتووی منداڵەکانمان."
"بۆئەوەشە بەڵێنم بەخۆمداوە ئەو کارە بکەم."
مەدەنییەکان چیدی لە تۆڵەکردنەوەیان ناترسن
راوێژکاری پارێزگاری نەینەوا، دورێد حیکمەت وتی مەدەنییە عێراقییەکان ئێستا "هەر کارێك دەکەن کە لەدەستیان بێت بۆئەوەی شارەکانیان لە تیرۆریزم بپارێزن".
بە دیارونای وت: "هەستی بەرپرسیارێتیان زۆر بووە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه تا دێت خەڵکهكه زۆرتر هاوکاری هێزە ئەمنییەکان دەکەن لەڕێی "خێرا گەیاندنی هەر زانیارییەك کە پەیوەندی هەبێت بە چالاکی تیرۆریستی و تاوانی رێکخراوهوه".
وتی: "لە رابردوودا مەدەنییەکان زانیارییان نەدەدا لەسەر چالاکی تیرۆریستی چونکە لە مەترسی ئهوه بۆ سەر ژیانیان دەترسان. بەڵام دوای شەڕەکانی رزگاری شتەکان گۆڕاون و تادێت زیاتر زانیاری ههواڵگری لە دانیشتووانە ناوخۆییەکەوە وەردەگرین."
حیکمەت وتی: "زۆر ئاساییە قوربانیانی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان بێن بۆئەوەی هاوکاربن لە ئەنجامی ئەو ترس و چەوسانەوەیەی بینیوویانە لەسەر دەستی داعش."
وتیشی: "خەڵك بە گوڕوتینن بۆئەوەی هەر شتێك لەدەستیان بێت بیکەن بۆ پاراستنی شارەکانیان لە مەترسی."
ئەندامی شارەوانی، ئەیاد لوئەیزی وتی زۆربەی هەڵمەتە سەرکەوتووەکان بۆ سەر حەشارگەکانی داعش لە نەینەوا به پشتبهستن بهو زانیارییه هەواڵگریانە ئەنجامدەدرێن کە لە دانیشتووانە مەدەنییەکەوە وەردەگیرێن.
وتی هێزە ئەمنییەکان دەڵێن "دانیشتووانە ناوخۆییەکە، بەتایبەتی ئەوانەی ئەزموونی خراپیان هەبووە لەگەڵ داعش، زۆر هاوکاری هەوڵەکانن بۆ پاکردنەوەی شارەکان لە پاشماوەکانی داعش".
زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکان دەگەیەننە داعش
پۆلیسی نەینەوا دەڵێت لانیکەم 78 کەسیان لە تشرینی دووەم دەستگیرکردووە و لەناویاندا سەرکردەکانی داعش و چەکدار و گومانلێکراوی تاوان هەن. 19 چەکداریش کە لە پارێزگای نەینەوا خۆیان شاردبووهوە لە هەمان ماوەدا کوژارون.
پۆلیس دەڵێت سوپاس و پێزانیان هەیە بۆ هەوڵی مەدەنیەکان کە وایکردووە حەشارگەکان بدۆزنەوە.
لوئەیزی وتی: "کردەوە قێزەونە تیرۆریستییەکان وایکرد مەدەنییەکان بخوازن و چاونەترسبن بۆئەوەی بچن بۆ لای دەزگا ئەمنیەکان کاتێك گومانیان لە شتێك هەبێت."
شرۆڤەکاری ئەمنی فازل ئەبو رەغیف بە دیارونای وت: "دروستکردنی پەیوەندی لهنێوان مەدەنییەکان و هێزە ئەمنییەکاندا گرنگە، چونکە هەر هەوڵێکی ئەمنی بەبێ ئهم پەیوەندییە پتەوه سەرکەوتوو نابێت."
وتی چەندین نمونەی هاوکاری هەیە لەلایەن مەدەنییەکانەوە، "یەك لە دیارترینی ئەو نمونانە ئەو زانیاریەیە کە یەکەی هەواڵگری سقور پێیدرا لە 18 تشرینی دووەم و هێزە ئەمنییەکانی گەیاندە شەش چەکدار لە شارۆچکەی قەیرهوان".
ئەبو رەغیف وتی شەش کەسەکە دەستیان هەبوو لە تەقینەوە کوشندەکەی 18 تشرینی دووەمدا كهخواردنگەیەکی لە موسڵ کردە ئامانجو چەندین کەسی کوشت.
وتی چەندین ئۆپەراسیۆن ئەنجامدراون لەسەر ئەو هەواڵگریانەی مەدەنییەکان دابینیانکردوون، "بەتایبەتی ئەوانەی تیرۆریزم کاریگەری شەخسی لەسەر ژیانیان هەبووە".
وتیشی: "ئەو کەسانەی بە ئاگری داعش سووتاون هیچ هەلێك بۆ مانهوهی گروپە توندڕەوەکە ناهێڵنەوە."