لیوای عیقاب (سزادان)ی سەر بە تەحریر شام ماوەیەکە بەدوای ئەو چالاکوانانەدا دەگەڕێن کە دژیانە بۆ دەستبەسەرکردن یان تیرۆرکردنیان، هونەرمەندێکی سوری کە ئەو هاوپەیمانێتیە توندڕەوە بەدوایدا دەگەڕێت بە دیارونای وت.
هونەرمەندی سوری ئەحمەد خەلیل جەلەل وتی عیقاب هەڵیکوتایە سەر ماڵهكهی لە شاری کەفر نەبل له پارێزگای ئیدلیب لەهەوڵێکدا بۆ دەستگیرکردنی و لەوکاتەوە خۆی شاردۆتهوه.
جەلەل ناسراوە بە وێنە و نوسینی سەر ئەو پۆستەرانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەرزدەکرێنەوە، کە لەکاتی دەستپێکی شۆڕشی سوریاوە ئەنجامیداون.
پۆستەرەکانی ئەمدواییەی بەتوندی سەرکۆنەی تەحریر شام و قاعیدەیان دەکرد.
جەلەل بە دیارونای وت: "ئەو هاوپەیمانێتیە توندڕەوە ماوەیەکە چالاکوانان لە ئیدلیب دەچەوسێنێتەوە چونکە چەکدارانی ئایدۆلۆژیایەکی جیاوازیان لەخۆگرتووە لەوەی چالاکوانان."
وتی تەحریر شام شەڕەکە وەك شەڕێکی ئایدۆلۆژی دەبینێت و وتیشی کارەکانی چاوەڕوانکراون، چونکە ئەوانەی پابەندن بەو ئایدۆلۆژیا تۆتالیتارییەوە "ئەوانیدی پهسهندناکەن و هەوڵی بنەبڕکردنیان دەدەن".
وتیشی تیرۆرکردنی رکابەرە ئایدۆلۆژییەکانیان بۆ تەحریر شام شتێکی نوێ نیە و ئاماژەیکرد بەوەی چەکدارانی ئەو هاوپەیمانێتیە بەدوای چالاکوان رەعد فارس کەوتن بۆ ماوەی دوو ساڵپێش ئەوەی سەرکەوتووبن لە کوشتنی.
'من موسڵمانم و شانازیی پێوە دەکەم'
بەگوێرەی جەلەل، هەندێك لە میانجیگهران هەوڵیاندا قایلی بکەن بەوەی دەنگی رەخنەی نەرمتربکات بەرامبەر تەحریر شام، بەهیوای ئەوەی بگەنە رێکەوتنێك لەگەڵ هاوپەیمانێتیەکە تا وازی لێبهێنن، بەڵام رەتیکردەوە.
وتی دۆخی ئیدلیب زۆر سەختە بۆ مەدەنیەکان کە دەترسن لەو هاوپەیمانێتیە، کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا توندەکاتەوە لەڕێی لیوای عیقابەوە.
وتی: "زۆربەی ئەوانەی دەنگی ئازادیان هەڵبڕی لە خۆپیشاندانەکاندا دژی رژێم لە 2011 یان دەستگیرکراون یان لەناوبراون لەلایەن رژێم و گروپە توندڕەوەکانەوە. پێشبینی ئەوە ناکەم مەدەنیەکان کاردانەوەیەکی یەکلاکەرەوەیان هەبێت."
جەلەل وتی ئەو وێنانەی کێشاونی هێرشێکی راستەوخۆ و دیاربوون دژی تەحریر شام و پشێبینی ئەوەی کردبوو لە توندڕەوانەوە هەڕەشەی لێبکرێت.
وتی هەرچەندە تیرۆرکرنی ئەگەرێکی روونە، بەڵێنیدا دەنگی خۆی نزمنەکاتەوە و وتی بەردەوامدەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی تەحریر شام بە پۆستەری دیکەوە.
وتیشی: "هەندێك رەنگە پێیانوابێت من عەلمانی و دژە ئایینم بۆیە هێرشدەکەمە سەر ئیسلامیە توندڕەوەکان، بەڵام هەڵەن."
وتی: "من موسڵمانم و شانازیی پێوەدەکەم و ئهوه ئەرکی منه بهرامبهر ئایینەکەم (ئایینی بەزەیی) کە بەرگریی لێبکەم و بیپارێزم لەوانەی دەیانەوێت بیشێوێنن."