هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

بەهۆی قۆرخکاری تەحریر شامه‌وه‌ نرخی سوتەمەنی لە ئیدلیب بەرزدەبێتەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

فرۆشیارێك مازۆت (نەوتی سپی) دەفرۆشێت لە ئیدلیب کە هۆی سەرەکی گەرمکردنەوەیە لە ناوچەکەدا. [خاوەندارێتی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]

فرۆشیارێك مازۆت (نەوتی سپی) دەفرۆشێت لە ئیدلیب کە هۆی سەرەکی گەرمکردنەوەیە لە ناوچەکەدا. [خاوەندارێتی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی زستان، سوریەکان لە پارێزگای ئیدلیبی باکور و ناوچەکانی دەوروبەری رووبەڕووی کێشەی بەرزیی نرخی سوتەمەنی دەبنەوە، چالاکوانە ناوخۆییەکان وتیان.

نرخی گازوایل و نەوت (مازۆت) بەرزبوونەته‌وە لەوکاتەوەی تەحریر شام دەستی بەسەر بازاڕدا گرتووە لەرێگەی کۆمپانیایەکی سه‌ربه‌ خۆیه‌وه‌، کۆمپانیای وەته‌د پێترۆلیۆم، هەرچەندە کۆمپانیاکە بەئاشکرا ئەوەی رەتکردۆتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە هاوپەیمانە توندڕەوەکەوە هەبێت.

چالاکوان، هەیسەم ئیدلیبی، بە دیارونای وت دەستبەسەرداگرتنی بازاڕ بەڕێگەی بەئامانجگرتنی کێبڕکێ لەگەڵ دابەشکارە سەرەکیەکان و بازرگانە بچوکەکاندا بەدەستهاتووە.

وتی نرخی سوتەمەنی لە ئیدلیب و دەوروبەری پارێزگاکانی حەما و حەلەبی دراوسێی "بۆ ئاستێکی سەرسوڕهێنەر بەرزبۆتەوە لەگەڵ گەیشتنی وەرزی زستاندا".

هەروەها وتی لەم رۆژانەی دواییدا نرخی یەك لیتر سوتەمەنی لە 200 لیرەی سورییەوە (0.3 دۆلار) بۆ 350 لیرەی سوری (0.67 دۆلار) بەرزبۆتەوە و ئاماژەشی دا بەوەی کۆمپانیای وەته‌د بازاڕی سوتەمەنیی قۆرخكردووه‌.

وتیشی نرخە نوێکان دوای ئەو بڕیارانە هاتن کە بازرگانیی سوتەمەنییان قەدەغەکرد و کارەکەیان بۆ وەته‌د سنووردارکرد.

ئیدلیبی وتی باکوری سوریا بڕێکی زۆر مازۆت بەکاردەهێنن "چونکە سوتەمەنی سەرەکییە کە بۆ گەرمکردنەوە لە ناوچەکەدا بەکاردێت".

وتیشی: "مازۆت بەهیچ شێوەیەك لە بازاڕە [ئاساییەکاندا] نیە، چونكه‌ کۆمپانیاکە كۆنترۆڵی ئه‌و بڕه‌ ده‌كات كه‌ ده‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌." ئەمەش بووەتە هۆی "سەرهەڵدانەوەی بازاڕی رەش کە نرخی هه‌ر لیترێك له‌وێدا لانیکەم 400 لیرەیه‌ (0.77 دۆلار).

هەروەها وتی وەرزی زستان بەڕێوەیەوە و نرخەکانیش پێدەچێت بەرزترببنەوە کاتێك دەستپێدەکات و "به‌بێ مازۆتیش ناكرێت ببرێته‌سه‌ر".

نرخی 'هەموو شتێك' بەرزدەبێتەوە

چالاکوانێك لە ئیدلیب، موسعەب عەساف، بە دیارونای وت: "بەرزبوونەوەی نرخەکان تەنیا سنوردار نیە به‌ مازۆته‌وه‌، به‌ڵكو بەنزینیشی گرتۆتەوە و وای لەوانە کردووە کە لە بواری گواستنەوەدا کاردەکەن نرخەکانیان بەرزبکەنەوە."

وتیشی: "بەرزبوونەوەی نرخەکان کاریگەریی خستۆته‌سه‌ر هەموو نرخەکانی تر، بەبێ جیاوازی چونكه‌ هەموو بازرگانه‌كان، لەنێویاندا بازرگانانی سەوزە و میوە و پێداویستیە سەرەتاییەکان، نرخەکانیان بەرزده‌کەنەوە و بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوە به‌ بەهانە ده‌هێننه‌وه‌."

عەساف وتی ئەمە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لەهەموو بوارێکدا بەشێوەیەك کە زۆربەی دانیشتوان ئێستا خۆیان لە کڕینی هەندێك کەلوپەل بەدووردەگرن.

وتیشی: "تەحریر شام راستەوخۆ لە بەرزبوونەوەی نرخەکان بەرپرسیارە چونکە ئەو دابینکاری سەرەکیی سوتەمەنییە لە بازاڕدا."

هەروەها وتی هاوپەیمانە توندڕەوەکە ناوچەکە بەڕێوەدەبات و توانای هەیە، ئەگەر بیەوێت، "نرخەکان دابەزێنێتەوە و بیانگێڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی کە بۆ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ گونجاو بێت".

ئیدلیبی وتی هاوکات شەپۆلێکی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی شاری ئیدلیب و ناوچەکانی دەوروبەری داوە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی.

داهاتەکان بۆ تەحریر شام دەڕوات

چالاکوانی بواری میدیا لە ئیدلیب، محەمەد حاج کامیل، بە دیارونای وت: "بۆنمونە نرخی سەوزە نزیکەی لەسەدا 100 بەرزبۆته‌وە چونکە جوتیاران پشت بە نەوت دەبەستن بۆ کارپێکردنی پەمپەکانی ئاودێری."

وتی بەرزبوونەوەی نرخه‌كان نانیشی گرتۆته‌وه‌ و کەرەستە جێگرەوەکانی تری گەرمکردنەوەش، وەك دار و وردەتەختە و توێکڵی فستق و نەوتی نەپاڵێوراو کە لەگەڵ کەرەستەی تر تێکەڵ دەکرێن و وەك توخمێکی سوتەمەنی بەکاردێن.

کامیل وتی: "تەحریر شام دەیەوێت راستی لە دانیشتوان بشارێتەوە و دەڵێت هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمپانیای وەته‌دەوە نیە لەکاتێکدا لەڕاستیدا کۆمپانیاکە باڵی سەرەکی سەرچاوەی دارایی تەحریر شامە."

وتیشی لەڕێی کۆمپانیاکەوە، هاوپەیمانێتیەکە "دەتوانێت بەرهەمە نەوتیەکان دەربهێنێت و بیانپاڵێوێت و پرۆسەی دابەشکردنیان کۆنترۆڵبکات".

هه‌روه‌ها وتی: "گروپەکە دەستیگرتووه‌ بەسەر بازاڕی سوتەمەنیدا بۆ قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانی سەرچاوە داراییەکان و بڕینی سەرچاوە خێرخوازیەکان و دابه‌زینێكی زۆری داهاتی لە کۆکردنەوەی باج."

ئاماژەشی دا بەوەی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی کاریگەرییه‌كی سەخت دەکاتەسەر کاری رێکخراوە مرۆییەکان کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن، بەتایبەتی خاوەن ترکتۆرەکان کە ئاو دەگوێزنەوە و رێککەوتنی نرخی جێگیریان هه‌یه‌ لەگەڵ فرۆشیارانی سوتەمەنی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500