هێزەکانی عێراق، بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دەستیانکردووە بە هەڵمەتێکی گەورە بۆ کردنە ئامانجی بنکە و گردبوونەوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش). فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا دووشەممە (19 تشرینی دووەم) رایگەیاند.
وتەبێژی فەرماندەییەکە، عەمید فیراس بەشار سەبری بە دیارونای وت یەکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و فیرقەی 20ی سوپا یەکشەممە دەستیانکرد بە هەڵمەتەکە، لەکاتێکدا فڕۆکەکانی هاوپەیمانان پشتیوانی ئاسمانییان دابینکردبوو.
وتی هەڵمەتەکە مەبەستی پاککردنەوەی چیاکانی بادوشە، بەتایبەتی ناوچەی عەلان لە کەنارەکانی باکوری خۆرئاوای موسڵ، لەو پاشماوانەی داعش کە دەکرێت لە ئەشکەوتەکانی ناوچەکەدا خۆیانشاردبێتەوە، ههروهها بۆ تێکشکاندنی حەشارگەکانیان.
سەبری وتی: "هێرشەکە دوای چەندین زانیاری و وێنەی سەرچاوە هەواڵگرییەکان هات کە لەڕێی چاودێریی ئاسمانییەوە دەستمانکەوتبوو کە چاودێریی جوڵەکانی دوژمن دەکەن لەو ناوچانەی خاکەکەیان سەختن."
وتیشی: "لە یەکەم رۆژی هەڵمەتەکەدا، یەکەکانی هێرشەکە و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان سێ تونێلیان تێکشکاند لە ناوچەکە."
ههروهها وتی: "تونێلەکان، کە یەکێکیان 100 مەتر درێژ بوو، راخەر و بەتانی و كهلوپهل و جلی ئەندامانی داعشیان تێدابوو."
وتی ژمارەیەك له ئەندامانی داعش کە لەنێو ئەو حەشارگانەدا خۆیانشاردبووهوە کوژران و "تیمە ئەندازیارییەکانی سوپا بڕێك بۆمبی دەستکردیان پوچەڵکردەوە کە لە تونێلەکاندا حەشاردرابوون".
ئۆپەراسیۆنێكی بەردەوام
سەبری وتی هەڵمەتەکە بەردەوامدەبێت تا ئەوکاتەی زنجیرە چیاکە پاکدەکرێتەوە لە پاشماوەکانی داعش تا هەر هەڕەشەیەك بۆسەر ئاسایشی شارۆچکە و گوندەکانی ئەو ناوچەیە بنەبڕدەکرێت.
وتیشی: "ئەوە بەشێكە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی بەرپێگر کە بەردەوام لەلایەن هێزەکانمانەوە ئەنجامدەدرێن دژی دوژمن لە چەندین ناوچەی نەینەوا."
سەبری وتی ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چیا و گردەکان و دوورگەکانی رووباری دیجلە چڕبوونەتەوە کە دارودرەختیان زۆرە و دەکرێت چەکدارەکان بشارنەوە، لەگەڵ ناوچە بیابانیەکە لە باشوری خۆرئاوای پارێزگاکە.
وتیشی: "چەند هەفتەیەك لەمەوبەر، ئۆپەراسیۆنی بەدواکەوتن و هێرشبەریمان ئەنجامدەدا کە تیایاندا ئەنجامی بەرچاومان دەستکەوت."
وتی: "چوارده تیرۆریستمان کوشت و هەشت تونێلمان تێکشکاند لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا لە زنجیرە چیای عەتشانە" لە خۆرئاوای موسڵ.
وتیشی: "ههروهها 11 کەسمان کوشت لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا بۆ شهنوكهوكردنی قوڵایی بیابانهكه لە قەزای حەزر" و لە ناوچەکانی دیکەش بەدرێژایی رێگەی نێوان موسڵ و حەزر.
سەبری وتی: "ئەو دوو ئۆپەراسیۆنە هەڵمەتی چڕوپڕیان لەپێشەوە هات بۆ بنەبڕکردنی داعش لە دوورگەکانی ئەلبو سەیف و گوندە بچوکە پەرشوبڵاوەکانی باشوری موسڵ، لەگەڵ ناوچەکانی کەنار و دوورگەکانی رووباری دیجلە."