هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەوریەی هاوبەش ئەنجامدەدەن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات نزیك بە کۆبانێ لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، دوای ئەوەی ناوچەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوای شارەکە رووبەڕووی تۆپباران بوونەوە لەودیوی سنوورهكه له تورکیاوە.
بەرپرسێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتی تۆپبارانەکە ژمارەیەك قوربانیی لێکەوتەوە و ترسی لە ناوچەکە بڵاوکردەوە، بەڵام دۆخەکە ئاسایی بووهوە کاتێك دەوریەكه دەستیپێکرد.
کاتێك تۆپباران دەستیپێکرد لە 31 تشرینی یەکەم، هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەڵدەپەسێرێت دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) لە ناوچەی هەجینی خۆرهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند یەکشەممە (11 تشرینی دووەم) هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەستپێدەکەنەوە، دوای "پەیوەندی چڕوپڕ" لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و "چالاکی دبلۆماسی بەهێز" بۆ نەهێشتنی قەیرانەکە.
لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڕیاریداوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی داعش دەستپێبکاتەوە و کاربکات بۆ شکستپێهێنانی تەواوەتیی."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لەکاتێکدا سوورە لەسەر راوەدونانی تیرۆریستان، (هێزەکانی سوریای دیموکرات) جەخت لەسەر سووربوونی خۆی دەکاتەوە بۆ پاراستنی سنووری باکوری سوریاش."
بەڕێوبەری نوسینگەی رۆژنامەوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مستەفا بالی بە دیارونای وت دەوریەی هاوبەشی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودهوڵهتی لە ناوچەی سنووری لە چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان ئەو دوو لایەنەدایە و ئامانجی دابینکردنی ئارامییە لە ناوچە سنورییهكه.
وتی جگه له ئەنجامدانی دەوریەی هاوبەش، فەرماندەکانی هاوپەیمانان داوا لە هێزە کوردی و تورکییەکان دەکەن کە ددان بهخۆدا بگرن تا دۆخەکە هێورببێتەوە و پشتیوانی بكهن له هەوڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ دژایەتی تیرۆریزم.
بالی وتی: "ئەم دەوریانە کات یان شوێنی دیاریکراویان نیە و بەردەوامدەبن تا دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە."
مەدەنیەکان ترسیان لە سەلامەتی خۆیان هەیە
بەگوێرەی رۆژنامەوان ساڵح موسلیم، کە یاوەریی یەکەم دەوریەی هاوپەیمانانا و هێزەکانی سوریای دیموکراتی کرد لە کۆبانێ، تۆپبارانەکە ترسی خستە نێو دانیشتوانه مەدەنییهكهوه و وایکرد هێزەکانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دەوریەی هاوبەش ئەنجامبدەن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بەدرێژایی سنوورەکە.
وتی دەوریەکان، کە 2 تشرینی دووەم دەستیانپێکرد، لە بەری فوراتەوە ئهنجامدران لە ناوچەی شیوخ، بەنێو سولوك و تەل ئەبیەز و دەرباسیەدا لەگەڵ کانتۆنەکانی پێشووی جەزیرە و فورات.
موسلیم وتی دەوریەکان "هەستێکی زۆری خۆشحاڵی"یان دا بە مەدەنیەکان و ترسی شەڕیان نەهێشت کە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو، کە وایکرد بازاڕەکان بکرێنەوە و چالاکی کڕین و فرۆش دەستپێبکاتەوە دوای خاوبوونەوەیەکی بەرچاوی بازرگانی.
وتیشی هەندێك لەو مەدەنیانەی نزیك بە هێڵه سنوورییهكه دەژیان، بەتایبەتی لە کور عەلی و سەلیم، ئاوارەی شاری کۆبانێ بووبوون، لەکاتێکدا مەدەنیەکانی نێو کۆبانێ خۆی دەستیانکردبوو بە ئامادەکاری بۆ جێهێشتنی گەر دۆخەکە خراپتر بوو.
بەڵام کاتێك دەوریەکان دەستیانپێکرد، دوای چەند رۆژێکی کەم دانیشتوان گەڕانەوە ماڵەکانیان و ئەو خوێندنگایانەی لەنێو گوندەکاندا دەرگاکانیان داخستبوو لە ترسی ژیانی خوێندکاران، دووبارە کرانەوە.
گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ کۆبانێ
بەگوێرەی موسلیم، ئەفسەرانی بەرپرس لە دەوریەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی سوریای دیموکرات گوندییەکانیان دڵنیاکردۆتەوە لەوەی دەنگۆی تۆپباران یان دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکە راست نین.
بۆ زۆرێك لە دانیشتوانی کۆبانێ، تۆپبارانەکە دۆخی ئەو کاتەی مەدەنیەکانی بیرهێنانەوە کە داعش ناوچەکەی داگیرکردمحەمەد عەبدو کە دانیشتویەکی خۆرئاوای کۆبانێیە و کاری کشتوکاڵ دەکات، وتی.
عەبدو بە دیارونای وت كه ئهوه دانیشتوانی تۆقاند و ئاماژەیکرد بهوهش كه لهگهڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیاندا -- کە کچێکی 7 ساڵان لەنێویاندا بوو -- ترس زیادیکرد و زۆرێك بڕیاریاندا ناوچەکە جێبهێڵن لە ترسی ژیانی خۆیان.
عەبدو وتی دەوروبەری کۆبانێ چەندین گوندی لێیە کە پەناگەیان لێنیه بۆ پاراستنی مەدەنیهكان لە تۆپباران. وتیشی دۆخەکە ئاسایی بووهوە هەر کە ئهنجامدانی دەوریەی هاوبەش راگهیهندرا.
وتی: "دەوریەکان بەدرێژایی تەواوی هێڵە سنورییەکە ئەنجامدەدرێن، جارجار لە گوندەکان دەوەستن بۆ دڵنیاکردنەوەی مەدەنیەکان کە دۆخەکە ئارامە و چالاکی سەربازی دەستپێناکاتەوە."
وتیشی دانیشتوانی ناوچەکە وتوویانە كه ستایشی خێرایی هاوپەیمانان و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن لە کارکردن بۆ وەستاندنی تۆپباران و گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە.