حکومەتی خۆجێیی لە پارێزگای ئەنبار دەستیکردۆتەوە بە پرۆژە خزمەتگوزاری و پیشەسازییەکان کە پێشتر وەستێنرابوون لە ناوچەکانی ژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش).
سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، فەهد راشد وتی زۆربەی پرۆژەکان دەبوو لە 2014 جێبەجێبکرێن، بەڵام لەوکاتەوە وەستێنراون بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە.
بە دیارونای وت لهنێو ئەو پرۆژانە "پردی زەیوت لە ناوەندی رەمادی، پرۆژەی سەرەکی ئاوی رەمادی، پردی سێیەم لە فەلوجە، وێستگەی پاڵاوتنی ئاو، بینای خوێندنگە و بەڕێوبەرێتیە حکومییەکان" هەبوون.
وتی: "بەڕێوبەرێتیە پەیوەندیدارەکانیش دەستیانکردووە بە بنیاتنانی 40 خوێندنگە لە چەندین قەزا، لەنێویاندا خوێندنگەی نمونەیی و نەخشەی نوێ بۆ دەروازەكانی هەموو شارەکان."
وتیشی کار بەردەوامە بۆ فراوانکردنی ئەو رێگەیەی رەمادی و فەلوجە دەبەستێتەوە بە قەزای کەرمەوە.
ههروهها وتی: "ئەو پرۆژانەی [لە 2014] وەستێنران یەکەمین بوون بۆ دەستپێکردنەوە چونکە پاڵپشتی داراییان بۆ دابینکرابوو لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە." وتیشی ئەمە یارمەتی ئاسانکاریی گەڕانەوەی دانیشتوانی ئەنباری داوە بۆ شارەکانیان.
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا، عەزال فەهداوی بە دیارونای وت کارمەندانی ئەندازیاری و هونەری دەستیانکردووە بە نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا لە رەمادی و فەلوجە و هیت.
وتی کاری بنیاتنان دەستیپێکردووە لە هەشت وێستگەی کارەبا و گواستنەوەی وزه و دابەشکردن، کە هەموویان دەبوو پێشتر لە 2014 جێبەجێبکرێن.
فەهداوی وتی هەوڵەکانی حکومەت سنوردارنین بۆ کارکردن لە پرۆژە وەستاوەکان و جێبەجێکردنی پرۆژەی نوێشیان تێدایە گەر بودجە مۆڵەت بدات، لەنێویاندا نۆژەنکردنەوەی بینای خوێندنگەکان و بەڕێوبەرێتیە حکومیەکان، وەك بەڕێوبەرێتی رەگەزنامە لە رەمادی، فەلوجە، قائیم، راوە و عەننە.
جێبەجێکردنی پرۆژە گرنگەکان
ئەندازیار لە بەڕێوبەرێتی رێگە و پردەکانی ئەنبار، محەمەد دولێمی وتی: "رێگە و پردەکان پشکی شێریان بەردەکەوێت لە هەڵمەتەکانی بنیاتنان و نۆژەنکردنەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کردە تیرۆریستیەکان 80 پردی گرنگیان تێکشکاند."
وتی ژمارەیەك پرد بنیاتنراونەتەوە، لەکاتێکدا کار بەردەوامە لە پردی سێیەمی فەلوجە و پردی هیت.
وتیشی: "قۆناغی ئێستا دەستپێکی چەند پرۆژەیەکی گرنگ لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی بەنداوی نازم وەرار لە رەمادی، کە بەشێکی گەورەی کارەکە تەواوکراوە، لەگەڵ چەندین پرد لە سەر شاڕێگە نێودەوڵەتیەکە."
دانیشتویهكی رەمادی، عەباس خوزەیر، 44 ساڵ، وتی: "داعش زۆربەی ژێرخانی ئەنباری تێکشکاند و گەشەپێدانی راوەستاند."
وتی: "ئەو پرۆژانەی هێندەیان نەمابوو جێبەجێبکرێن لەم چەند ساڵەی دواییدا، لەئێستادا تەواوکراون دوای ئەوەی تیرۆریستان بنەبڕکران."
وتیشی: "ئەنبار فراوان دەبێت، بەتایبەتی رەمادی." داوای جێبەجێکردنی پرۆژەی گرنگی زیاتریشی کرد، لەنێویاندا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەنبار، نۆژەنکردنەوەی رێگەی نێودەوڵەتی و پرۆژە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان.
زوهەیر هیتی، دانیشتوی راوە، وتی سەقامگیری و ئاسایشی گەشەکردووی ئەنبار دەبێتە هاندەر بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان تا وەبەرهێنان بکەن لە پارێزگاکەدا، کە دواتر خزمەت بە خەڵکی ئەنبار دەکەن.
بە دیارونای وت: "ئەنبار سێیەکی خاکی عێراقی پێکهێناوە و سەرچاوەی کانزایی و سروشتیی زۆرە، لەنێویاندا فۆسفات، کبریت، گازی سروشتی و خاکێکی فراوانی شیاو بۆ پرۆژەی کشتوکاڵی و گەشەپێدان هەیە."
وتی: "بەهیواین حکومەتی خۆجێی وەبەرهێنان بکات [لەم سەرچاوانەدا] و پرۆژە گرنگەکان نۆژەنبکاتەوە،" کە ژیان دەگەڕێننەوە بۆ شارەکانی ئەنبار.