https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/11/02/feature-01

×
×
سیاسەت |

هاوپەیمانی فەتح له‌ عێراق هەوڵی پێشخستنی ئەجه‌ندای ئێران دەدات

فارس عومران

image

سەرکردەی هاوپەیمانی فەتح، هادی عامری، لە ئاهەنگی 37هه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوی بەدری هاوپەیمانی ئێراندا قسەدەکات. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

هەڵکشانی هاوپەیمانی فەتح، کە هاوپەیمانێتیەکی سیاسییە و لەلایەن هادی عامریی هه‌واداری ئێرانەوە پشتیوانیدەکرێت، بۆتە هۆی نیگەرانیی شەقامی عێراقی، کە دەترسن هەژمونی گەشەکردووی ئێران هەڕەشە بێت بۆسەر سەروەریی عێراق، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

شیکاروانی سیاسیی و بەڕێوبەری رێکخراوی رۆشنبیرانی خێڵی شەممەر لە عێراق، عادل ئەشرەم بن عەمار، وتی: "نیگەرانیی راستەقینەمان هەیە لەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا هه‌ژمونی ئێران لە کاروباری سیاسیی عێراقدا زیادبکات."

بە دیارونای وت: "ئەوەی جێی نیگەرانیە ئەوەیە ئێرانیەکان هەوڵی زاڵبوون دەدەن بەسەر دیمەنی سیاسیی عێراقدا زیاتر لە جاران و هه‌ژمونی خۆیان فراواندەکەن لەڕێی هاوپەیمانی فەتحەوە."

وتی ئەو هاوپەیمانێتیە، کە پێش هەڵبژاردنه‌ پەرلەمانیه‌كه‌یی 12 نیسان دامەزرێنرا، حیزب ومیلیشیای سەربە ئێرانی تێدایە کە مێژوویەکی درێژیان هەیە لە تەریب بوون بە ئەجێندای ئێران .

ئەمانەش پێکهاتوون لە میلیشیاکانی رێکخراوی بەدر، کە بۆ چەند ساڵێك عامری بەڕێوەیدەبرد، عەسائیب ئەهل حەق، لیواکانی حیزبوڵای عێراقی و لیواکانی ئیمام عەلی.

ئەو هاوپەیمانێتیە نوێیە 48 کورسی لە پەرلەمانی نوێی عێراق بردەوە.

بن عەمار وتی: "ئێران کاریکرد تا هاوپەیمانێتی فەتح هەڵکشێت و قورسایی سیاسی بەدەستبهێنێت، تا دواتر وەك ئامرازی فشار بەکاریبهێنێت بۆسەر تەواوی حیزبەکانی دیکە کە بەشداری پرۆسەی سیاسی دەکەن."

وتی ئەمە رێدەدات بە ئێران تا "کۆنترۆڵی سیاسەتە نیشتمانیەکانی عێراق و ئاراستە ستراتیژی و پەیوەندییە دەرەکیەکانی" بکات.

دەستێوەردانی زیاتری ئێران

بن عەمار وتی: "دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا هه‌میشه‌ بۆ هەمووان روون بووه‌." ئاماژەیکرد بەوەش کە ئه‌و دەستێوەردانه‌ "زیاتریکرد لەم چەند ساڵەی دواییدا، لەژێر رووپۆشی شەڕی دژی تیرۆریزمدا".

وتیشی: "لەمڕۆدا باس لە دەستێوەردانی سادە و هه‌ڵكشان و داکشانی فشار ناکەین، بەڵکو لەو هێزە سیاسییانەی بەئاشکرا رایدەگەیەنن دڵسۆزی ئێرانن و هێزی چەکدار و کۆنترۆڵنەکراویان هەیە لەسەر شەقامەکان."

بەگوێرەی بن عەمار، ئەم هێزانە دەتوانن "پاشاگەردانی و پێکدادان دروستبکەن و هەڕەشە لە پەیکەربەندی و ئاسایشی کۆمەڵگە بکەن".

وتی: "بە چەکدارکردنی میلیشیاکان و پشتیوانیكردنی ئەو حیزبە سیاسییانەی دڵسۆزینی، ئێران هەوڵی پەراوێزخستن و بێهێزکردنی سەروەریی عێراق دەدات."

وتیشی هەوڵدەدات عێراق بکاتە وڵاتێك بەبێ كاریگه‌ریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە لەژێر بارێکی سەختدا بێت و بەربەست بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی دابنێت.

وتی کارەکانی ئێران خەڵکی عێراق توڕەدەکات، "کە دەیانەوێت سەرکردەکانیان وڵاتەکە رزگاربکەن لە زاڵبوونی ئێران و دەیانەوێت بڕیار و سیاسەتی گشتی وڵاتەکە لە بەرژەوەندی نیشتمان و هاوڵاتیانیەوە سه‌رچاوه‌بگرێت".

تەحەدایەك بۆ حکومەتی عێراق

وتەبێژی خێڵەکانی نەینەوا، شێخ موزاحیم حوه‌یت، بە دیارونای وت دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق "چەندین هێزی تەواو دڵسۆز بە ئێران"ی بەرهەمهێناوە.

وتی ئەمە جێی نیگەرانیە بۆ عێراقیەکان، "چونکە لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆرمان چەشتووە بەدەست ئەو کێشانەوه‌ كه‌ زیانیانداوە لە ئاشتیی مەدەنی و یەکگرتویی وڵاتەکە".

وتی ئێران هەوڵدەدات ئیرادەی خۆی بە هێز بسەپێنێت و ئاراستەی سیاسەتی عێراق بکات تا خزمەت بە ئامانجە فراوانخوازییەکانی بکات لە ناوچەکە.

حوه‌یت وتی حکومەتی نوێی عێراق دەبێت ئێستا بڕیاربدات ئایا دەیەوێت هەژمونی ئێران لە عێراق نەهێڵێت و برەو بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق بدات، یان قایلبێت بە هه‌ژمون و ئەجه‌ندای ئێران.

وتی بژاردەی دووەمیان "وڵاتەکە دەباتە نێو تونێلێکی تاریك و پشتیوانیی خەڵك لەدەستدەدات".

وتیشی: "میلیشیا و هێزە عێراقیە پشتیوانکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە بە بێگومان هەوڵی کاریگەریدانان لەسەر بابەتەکان ده‌ده‌ن، بەڵام بەهیواین حکومەتی نوێ فشاربکات و کاربکات بۆ خزمەتکردن بە خەڵکی عێراق لەژێر دیدگای نیشتمانیی خۆیدا."

سیاسیە پشتیوانیکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە جێی نیگەرانین

شیکاروانی ستراتیژی و سەربازی، رەبیع جەواری، وتی لیوا قاسم سولێمانی کە فەرماندەیی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەکات توانیوێتی زۆر کیان کۆبکاتەوە لەژێر هاوپەیمانێتی فەتحدا.

بە دیارونای وت: "بوونی کەسایەتی عێراقی پشتیوانیکراو لەلایەن ئێرانەوە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا ئاماژەیەکی مەترسیدارە."

وتیشی ئەم کەسایەتیانە "بەتەواوی دابڕاون لە خەونەکانی خەڵکی عێراق" و ئاماژەیکرد بەوەی تەنیا هەوڵی بەهێزکردنی هه‌ژمونی ئێران دەدەن.

وتیشی: "بڕوامان وایە ئەمە جێی نیگەرانیەکی زۆرە بۆ داهاتووی عێراق، سەروەریه‌كه‌ی و سامانی خەڵك و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە."

جەواری وتی سیاسەتی ده‌ره‌وه‌ی عێراق "دەبێت لەسەر بنەماکانی رێزگرتنی وڵاتانی دیکە و دەستێوەرنەدان لە کاروباریان بێت".

وتیشی میلیشیا و گروپە تائیفیەکان لە عێراق رووپۆشی سیاسییان بۆ کراوە و بوونیان هەیە، کە دەکرێت وڵاتەکە پاشەکشە پێبکات بە دەستپێکی بارگرژیی ناوچەیی و لە بەرامبەردا بەهێزبوونی گروپە توندڕەوەکان گەشەپێبدات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
31
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha