دۆخی مرۆیی لە کەمپەکانی ئاوارەیی لە باکوری پارێزگای ئیدلیب نزیك بە سنووری تورکیا خراپتربووە، بە کشانەوەی رێکخراوێكی خێرخوازی کە خزمەتگوزاریی ئاوی دابیندەکرد، چالاکوانێکی ئەو ناوچەیە وتی.
چالاکوانێك له ئیدلیب، هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی زیاد لە 50,000 ئاوارە بێ ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکە بن.
وتی رێكخراوی ئاکتد، ئەو رێکخراوە خێرخوازیەی کە بەرپرس بوو لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بەشێوەیەکی رۆژانە و بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریی ئاوەڕۆ و پاکژی، بەمدواییانە رایگەیاند کارەکانی لەو ناوچەیە دەوەستێنێت.
ماوەیەکی زۆرە ئەم رێکخراوە تاکە دابینکەری ئەو خزمەتگوزاریانەیە.
![چەند تراکتۆرێك تانكیی ئاو دەبەنە ناو کەمپێکی ئاوارەکان لە باکوری ئیدلیب. ئەمە یەکێکە لەو ناوچانەی کە خزمەتگوزاریی ئاوی تێدا راگیراوه. [خاوەنی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]](/cnmi_di/images/2018/10/29/15147-Syria-water-tractor-600_384.jpg)
چەند تراکتۆرێك تانكیی ئاو دەبەنە ناو کەمپێکی ئاوارەکان لە باکوری ئیدلیب. ئەمە یەکێکە لەو ناوچانەی کە خزمەتگوزاریی ئاوی تێدا راگیراوه. [خاوەنی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]
ئیدلیبی وتی دانیشتوی کەمپە زیانبەرکەوتووەکان --بەگشتی زیاد لە 50,000 -- دۆخیان خراپە، بەجۆرێك قەیرانێکی مرۆیی باڵدەکێشێت بەسەریاندا.
وتی بە دەستپێکی وەرزی زستان، دۆخیان خراپتردەبێت، کاتێك کەمپەکە بەهۆی قوڕاوەوە دادەبڕێت.
وتیشی سەرچاوەکانی ئاو لە کەمپەکەوە زۆر دوورن و ئهو تراکتۆرانهش كه تەنکەری ئاو دهبهنه كهمپهكهوه بەشێوەی پێویست نیە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی کەمپەکە.
شکستی حوکمڕانی
ئیدلیبی وتی کەمپەکە لەو مەدەنیانە پێکهاتووە کە ناوچە گوندییەکانی لازقیە و جسر شوغوریان جێهێشتووە و بە گروپی بچوك بچوك لە کەمپی نافەرمیدا کۆبوونەتەوە، گەورەترینیان کەمپەکانی خیربەت جوز و عەین بادیەن لەسەر سنوور.
ئاماژەیکرد بەوەش كه بەڕێوبەرانی کەمپ، کە لەلایەن حکومەتی رزگاریی سەر بە تەحریر شامەوەدەستنیشانکراون، نزیکەی مانگێك لەمەوبەر ئاگادارکرانەوە کە ئەو رێکخراوە مرۆییە چیتر ناتوانێت لە کارەکانی بەردەوامبێت.
"بەڵام هیچ شتێکیان نەکرد بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەك بۆی."
وتیشی دۆخی نێو کەمپەکە خراپتر دەبێت لەکاتی وەرزی زستاندا، کاتێك رێگە دەرەکی و ناوخۆییەکان پڕدەبن لە قوڕاو، کە وادەکات هاتوچۆ پیایاندا زۆر سەخت بێت و بۆ چەندین رۆژ دایاندەبڕێت.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند هەفتەی رابردوو، یەکەم زریانی زستان دای بەسەر سەدان ئاوارەدا کە لەژێر چادری شڕدا بوون لە کێڵگەیەکی قوڕاویدا له باکوری خۆرئاوای ئیدلیب.
دانیشتوویهكی کەمپی کەفر داریان، ئوم محەمەد وتی: "زستان دهستیپێكردووه و ئێمەش لە خێمەدا گیرمانخواردووە تەنیا بهتانیمان بەسەرەوەیە."
نیوەی ئەو سێ ملیۆن کەسەی لە ناوچەی ئیدلیب دەژین ئاوارەبوون لە ناوچەکانی خۆیان بەهۆی شەڕهوه لە بەشەکانی دیکەی وڵاتەکە.
داواكاری بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی
سەرکردەکانی تورکیا، روسیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا شەممە (27 تشرینی یەکەم) داوای چارەسەرێکی سیاسییان کرد بۆ شەڕی سوریا و ئاگربەستێکی هەمیشەییش لە ئیدلیب.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لە کۆتایی کۆڕبەندی ئەستەنبوڵ خرایەڕوو، ئەو چوار وڵاتە رایانگەیاند كه پابەندن بە پێکەوەکارکردن "تا دۆخێكی گونجاو بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا بهێننهكایهوه".
بەیاننامەکە "جەختیكرد لەسەر گرنگیی ئاگربەستێکی هەمیشەییش" لە ئیدلیب، لەکاتێکدا ستایشی "پێشڤەچوون"ی کرد دوای رێکەوتنێك بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و بێلایهن بهدهوریدا.
داوای دامەزراندنی لیژنەیەکیشی کرد بۆ نوسینەوەی دەستوری دوای شەڕ لە سوریا پێش کۆتایی ئەمساڵ، "تا رێخۆشکەر بێت بۆ هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ئازاد".
بەیاننامەکە ئاماژەیكرد بە "پێویستی رێگەپێدانی خێرا و سەلامەت و بێبەرستی رێکخراوە مرۆییەکان بەنێو هەموو سوریادا لەگەڵ یارمەتی مرۆیی دەستبەجێ بۆ هەموو ئەو خەڵکانەی پێویستیانە".
راوێژكاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ وتی سەرکردەکان "ئەرکیانە رێگربن لە کارەساتێکی مرۆیی دیکە".
وتی: "ئاستەنگەکە کۆتاییهێنانە بە دوو شهڕ: شهڕی دژی تیرۆریزم و شهڕی رژێم لە دژی بەشێكی گەورەی خەڵکەکەی خۆی." جەختیشیکردەوە لە پێویستی دانوستانی سیاسی لەژێر سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا.
کۆڕبەندەکە باسی لە بابەتی کارەساتی ملیۆنان ئاوارەی شەڕیشی کرد و رایگەیاند كه پێویستە دۆخێك دروستبکرێت "لەنێو تەواوی وڵاتدا بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و خۆبەخشانەی ئاوارەکان".