ئاساییش

هێزەکانی عێراق بەرپەچی هێرشێكی داعش دەدەنەوە لە ناوچەیەکی سنووریی سوریا

خالید تائی

image

ئەفسەرانی عێراقی دەبینرێن کە سنووری نێوان عێراق و سوریا دەپشکنن. [خاوەنی وێنە: پاسەوانانی سنووری عێراق]

هێزە سنورییه‌كانی عێراق یەکشەممە (14 تشرینی یەکەم) بەرپەچی هێرشێکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان دایەوە لە خاکی سوریاوە، راستەوخۆ لەسەر سنوورەوە و لە شاری قائیمی پارێزگای ئەنبارەوە، فەرماندەیی پاسەوانانی سنوور رایگەیاند.

فەرماندەی پاسەوانانی سنوور، فەریق حامید عەبدوڵا ئیبراهیم دووشەممە بە دیارونای وت هێزە عێراقیەکان لەسەر سنوور لە ئامادەباشیی تەواودا بوون دوای هێرشێكی داعش بۆسەر بازگە سنورییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

وتی: "هێرشەکە لە خاکی سوریادا بوو، كه‌ هاوسێن له‌گه‌ڵ ناوچەکانی شاری قائیمی باکوری عێراق." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ داعش هەوڵیدا سوودببینێت لەو خۆڵبارانه‌ی وایکردووە توانای بینین کەمبێتەوە لە ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی.

ئیبراهیم وتی: "یەکەکانی لیوای کۆماندۆی سنوور وەڵامی هێرشێکیان دایەوە و دوژمنیان ناچارکرد خێرا هەڵبێن لە هێڵه‌ سنورییه‌كه‌ و دەرفەتیان بە [ئەندامانی داعش] نەدا یەك ملیم سنوری خاکەکەمان ببڕن."

image

سەربازێكی عێراقی چاودێریی سنوور دەکات لەگەڵ سوریا لە بازگەیەکی چاودێرییەوە. [خاوەنی وێنە: پاسەوانانی سنووری عێراق]

وتیشی هێزە عێراقیەکان وریابوون لە چاودێریکردنی هەوڵەکانی دزەکردن و "ئامادەن هەموو پلانەکانیان تێکشبکێنن" و ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ هێزەکانی عێراق پلانێکی کاری یەکخراو و بەهێزیان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور.

ئیبراهیم وتی پلانی پاراستنی سنوور "تەرکیزی لەسەر گەشەپێدانی توانای چەکدارانی سنوورە بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی،" بەجۆرێك سەربازانی عێراقی "بەچڕی بڵاوبوونەتەوە و پێگەکانی رووبەڕووبوونەوەیان بەهێزکردووە".

ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ سنووری عێراق لەگەڵ سوریا نزیکەی 600 کیلۆمەتر درێژە، "بەڵام هەوڵی زۆر دەدەین بیپارێزین".

وتی: "خەندەقمان لێداوە، تاسە و بازگەی چاودێریی کۆنکرێتیمان داناوە بەدرێژایی 100 کیلۆمەتری هێڵه‌ سنورییه‌كه‌، هەر کیلۆمەترێك یەك بازگە."

وتیشی: "بەردەوامین لە کارەکانمان بۆ پاراستنی ئەو سنوورەی کە ماوە له‌ بورجه‌كانه‌وه‌." ئاماژەیکرد بەوەی کامێرای هەستەوەر بە گەرمی و پەرژینی ئەمنیشدانراون وەك بەشێك لە هەنگاوە ئەمنیە باشترکراوەکان.

بەرگرتن بە دزەکردن و بەقاچاخبردن

ئیبراهیم وتی مانگی رابردوو، گروپێك ئەندامی داعش کە لەلایەن جێگری والییەکی داعشەوە رێبەری دەکران، لە سوریاوە هەوڵی دزەکردنیان دا.

وتی گروپەکە مەبەستیبوو بێتەناو عێراقەوە "بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە پارێزگای سەلاحەدین".

وتیشی "رێبەری تیرۆریستەکان کوژرا" لەگەڵ هەموو ئەوانیدی جگە لە دووان لە دزەکاران، کە حەوت ئەفغانییان تێدابوو، لەگەڵ چەکدارانی عێراقی و بیانی لە نەتەوەکانی دیکه‌.

وتی لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو ئەندامی داعش دەستگیرکران و ئەو چەك و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی پێیانبوو، دەستیان بەسەردا گیرا.

ئیبراهیم وتی هێزەکانی پاسەوانانی سنوور چالاکیش بوون لە شکستهێنان بە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر له‌سه‌رانسه‌ری سنووری خۆرئاوای عێراق.

وتیشی ئەندامانی چەندین باندیان دەستگیرکردووە، دوایینیان دوو قاچاخچی بوون لە قەزای روتبە "کە بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەریان پێ گیرا" و فەرمانی زیندانی هەمیشەییان بەسەردا سەپێنراوە لەلایەن دادوەریی عێراقەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)