هێزە هاوبەشەکانی عێراق، یەکشەممە (7 تشرینی یەکەم) هەڵمەتێکی ئەمنیی گەورەیان دەستپێکرد بۆ بنەبڕکردنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) لە بیابانی پارێزگای ئەنبار و ناوچەی جەزیرە کە لەنێوان نەینەوا و ئەنباردایە.
ئەو هەڵمەتە کە بە "ئۆپەراسیۆنەکانی کۆتا هۆشداری" ناودەبرێت، یەکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و جەزیرەیان تێدایە لەگەڵ چەکدارە خێڵەکیەکان، بە پاڵپشتی ئاسمانیی سوپای عێراق و فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودهوڵهتی.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، لیوا تەحسین خەفاجی وتی هەڵمەتەکە لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان حەیدەر عەبادی، وەزیری بەرگری عیرفان حەیالی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامدەدرێت.
بە دیارونای وت: "ئەم هەڵمەتە بەردەوامدانە بە هەڵمەتەکانی پێشوو كه ئامانجی پاراستنی ناوچە بیابانیەکانە لە باکوری خۆرئاوای ئەنبار بەدرێژایی سنووری سوریا."
وتی: "هەڵمەتەکە ئاماژەیە بە دوایین هۆشداری بۆ تیرۆریستان کە یان خۆیان رادەستبکەن بە هێزەکانمان یان دەکوژرێن. هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نیە."
وتی: "پاشماوەکانی داعش دەبێت ئاگاداربن لەوەی هێزە ئەمنیەکانمان بە زیندوویی دەستگیریان ناکەن گەر بڕیاربدەن خۆیان بشارنەوە لە پەناگەکانی بیاباندا." وتیشی: "بۆ هەر شوێنێك بچن سەربازانمان بەدوایان دەکەون."
خەفاجی وتی هەوڵەکانی هێزەکانمان بۆ ئەوەیە بنکە نهێنیەکانی داعش تێکبشکێنین و بەتەواوی ناوچەی بیابان پاکبکەینەوە لە بوونی هەر پاشماوەیەکی گروپەکە.
کارامەیی باشتر
خەفاجی وتی پاشماوەکانی داعش هەوڵدەدەن ئاڵۆزیی خاك و دۆڵەکانی ناوچەکە بەکاربهێنن بۆ خۆشاردنەوە لە هێزە عێراقیەکان، بەڵام هێزەکان "توانایان زیادیکردووە و ئەزمونیان زیاترە لە شوێنهەڵگرتن و لێدان لە پاشماوەکانی تیرۆر لە شوێنی دوورەدەستی بیابان".
وتی جیا لە هەندێك هێرشی سنووردار بۆسەر مەدەنیەکان کە داعش مانگی رابردوو لە خۆرئاوای ئەنبار ئەنجامیدا، گروپەکە "لەژێر فشاری سەربازییدا ماوەتەوە و زۆربەی سەرچاوەکانی لەناوچوون".
وتی: "هێزەکانمان زۆر تیرۆریستیان کوشتووە و دەستگیرکردووە، حەشارگە و ئامراز و چەکەکانیان لەناوبردوون و هیچ هێزێکیان پێنەهێشتوون لەکاتی هەڵمەتە ئەمنیەکانی بیابانی خۆرئاوادا."
وتی: "ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرانەکانمان بەردەوامن بە ئامانجی لەناوبردنی دوایین تیرۆریست و بەهێزکردنی ئاسایشی تەواوی وڵات."
گوندی عهفیتهی سهربه ناحیهی ئهلعوبهیدی.
وهڵام بدهرهوه3 كۆمێنت
خودا بتانپارێزێت ئهی قارهمانهكانی سوپای عێراق!
وهڵام بدهرهوه3 كۆمێنت
خودا خهڵكی عێراق بپارێزێت!
وهڵام بدهرهوه3 كۆمێنت