بەرپرسانی پارێزگاکە وتیان زۆربەی دانیشتوانەکەی ئەنبار کە ئاوارەبوون دوای ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) چەند ناوچەیەکی باکوری عێراقی گرت لە 2014، ئێستا گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان.
وتیان لەکاتێکدا ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان لە ئەنبار، دەسەڵاتی ناوخۆیی ئامادەکاریدەکات بۆ داخستنی ئەو کەمپانەی چەند خێزانێکیان تیادا ماون.
راوێژکاری سەرۆكی شارەوانی ئەنبار بۆ کاروباری ئاوارەکان، خالید دولەیمی، وتی ساڵی رابردوو لیژنەیەکی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان ئەرکیان دابینکردنی ئامرازەکانی گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بوو کە دەیانویست بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
ناوبراو بە دیارونای وت: "زۆربەی ئاوارەکانی لە کەمپەکاندا دەژیان خەڵكی شارۆچکەکانی رۆژئاوای ئەنبارن." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه ئەو ناوچانە دوا قەڵای داعش بوون بەر لە تێكشكانی گروپەکە لە 2017.
داخستنی کەمپەکان
دولەیمی وتی لیژنەکە هاوکاربوو لە گەڕانەوەی 27,000 خێزان بۆ قائیم و 6,000 خێزان بۆ عانە.
وتی: "هەموو هەفتەیەك چەندین خێزان بە دوو سێ قافڵە دێنینەوە بۆ شارۆچکە و گوندەکانی رۆژئاوای ئەنبار." ئاماژەی بۆئەوەش کرد كه "زۆربەی کەمپەکان ژمارەیەكی کەم ئاوارەیان تیادا ماون".
دولەیمی وتی بۆ نموونە کەمپی خالیدیە پەناگەی نزیکەی 7,000 خێزانی ئاوارە بوو بەڵام ئێستا تەنیا 250 خێزانی لێیە.
وتیشی دوو کەمپی دیکەی سەرەکی لە حەبانییە و عامریهی فەلوجە هەن جگە لە کەمپی كیلۆ 18 لە رۆژئاوای رەمادی.
ههروهها وتی: "ئامادەکاریدەکەین بۆ داخستنی کەمپەکان و تێكەڵکردنیان." وتیشی دەسەڵاتی ناوخۆیی دەیەوێت کێشەی ئاوارەکان چارەسەربکات و رەوشەکە ئاساییبکاتەوە، چونکە ژیان دەستیپێکردۆتەوە لە ناوچە رزگارکراوەکان.
وتی: "چیمان لە دەست بێت دەیکەین بۆ دابینكردنی رەوشێکی ئارام بۆ ئەوانەی گەڕاونەتەوە بە هاوکاریی دەسەڵاتە نیشتمانی و نێودەوڵەتیەکان."
وتیشی: "لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری گشتی، شەو و رۆژ کاردەکەین بۆ چاکردنەوەی ژێرخان ... بۆ رەوشی ئەمنیش، بە گشتی ئارامی لە سەرانسەری پارێزگاکە بەرقەرارە و ترس نەماوە."
'نزیکترین لە ئامانجهكانمان'
وتەبێژی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، عید عەماش بە دیارونای وت کێشەی ئاوارەکانی پارێزگای ئەنبار "زۆر باشترە".
وتی تەنیا لە سەدا 10 بۆ لە سەدا 15 لە خێزانە ئاوارەکان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە، زۆربەی ئەوانەش گیریانخواردووە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە لەبەرئەوەی ماڵەکانیان زۆر زیانیان پێگەیشتووە لەکاتی شەڕەکاندا.
عەماش وتی: "دەبێت هاوکاری ئەو خێزانانە بکەین بۆئەوەی کۆتایی بە ژیانی ناخۆشیان بێنین." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه پەنادانی ئاوارەکان "ئەرکێکی گرانە لەسەر شانی دەسەڵاتی ناوخۆیی و تەواوی حکومەت".
وتیشی: "ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکە و داخستنی کەمپەکانە بۆئەوەی بەتەواوی سەرنج بخەینە سەر بنیاتنانەوە و دروستکردنەوەی شارەکانمان."
هەڵمەتەکانی بنیاتنانەوە بەردەوامن، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان و دەزگاکانی خزمەتگوزاری کراوەن و ئاو و کارەبا بۆ دانیشتوانەکە دابینکراونەتەوە.
عەماش وتی: "زۆرمان ماوە بیکەین بەڵام لە ئامانجەکانمان نزیکدهبینهوه."
خێزانەکانی داعش ناتوانن بگەڕینەوە
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەسال فەهداوی جەختیکردەوە لەسەر گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو ئاوارانەی ناتوانن بگەڕێنەوە.
بە دیارونای وت: "هەندێكیان خێزانی داعشەکانن یان کەسێك لە خێزانەکەیان گومانلێکراوە و ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە خزمەکانیان و خێڵەکانیشیان نایانگرنەوە خۆیان."
وتی: "دەبێت چارەسەرێك بۆ ئەم کێشەیە بدۆزینەوە و هیواخوازین هەموو کەسێك هاوکاری ئەم هەوڵە بێت."
وتی بنیاتنانەوە لەلایەن دەزگا ناوخۆییەکانەوە بە هاوکارییەکی دارایی کەمەوە بەڕێوەدەچێت، داواشی کرد "یارمەتی دارایی بدرێتە پارێزگاکە بۆئەوەی پێویستیەکان بۆ گەشەسەندن دابینبکرێن لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانمەندبوون بە کاریگەریەکانی تیرۆریزم".