هێزەکانی عێراق هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) لە حەوزی دیجلە لە باشوری موسڵ، بەرپرسانی ناوچەکە وتیان.
ئەندامانی داعش بەئاسانی خۆیان لەنێو دارودەوەنه چڕهكاندا بەدرێژایی رووباری دیجلە شاردبووهوە، بەڵام ئێستا وا ناوچەکانیان لەدەستدەچێت.
لە نێوەندی ئابدا یەکەی فەرماندەیی 20ی سوپا، لەگەڵ چەندین لیوای سەربازی و هێزەکانی سواتی نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا بۆ کردنە ئامانجی بەشی خۆرئاوای رووباری دیجلەلەنێویاندا گەیارە، شوره و حەمام عەلیل.
هێزە ئەمنیەکان 35 گوند گەڕان و 15 چەکداریان دەستگیرکرد و 15 حەشارگەیان تێکشکاند، لەگەڵ تونێلێك و 12 بۆمبی دەستکرد.
![ئەفسەرێکی هێزە تایبەتە عێراقیەکان رێنمایی سەربازەکانی دەکات پێش هێرشێك بۆسەر تونێلێکی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا' (داعش) لە شوره، باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا]](/cnmi_di/images/2018/10/03/14749-Iraq-Shura-ISIS-600_384.jpg)
ئەفسەرێکی هێزە تایبەتە عێراقیەکان رێنمایی سەربازەکانی دەکات پێش هێرشێك بۆسەر تونێلێکی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا' (داعش) لە شوره، باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا]
هەروەها ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی مەیدانییان دانا بۆ پاراستنی ئاسایش.
بەڕێوبەری قەزای گەیارە ساڵح جوبەیری بە دیارونای وت لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هێزە ئەمنیەکان چالاکیەکانیان لە حەوزی دیجلە زیادکردووە.
وتی ئەو ئۆپەراسیۆنی گەڕانە بە "گەورەترینی لەو جۆرە ناوزەدکراوە لەوکاتەوەی پێش دوو ساڵ لەوەوبەر ئەو ناوچانە ئازادکران" و ئاماژەیکرد بەوەش كه خاکێکی بەرفراوان دەگرێتەوە و ئامانجی ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعشە.
جوبەیری وتی: "ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکان ئەم ناوچانەیان گۆڕیوە، کە دەوڵەمەندن بە دوورگهكانی نێو رووبارهكه، دهشتایی پڕ گژوگیا و حەشارگەی سروشتی، بۆ مەیدانێکی کراوە کە چیدی سەلامەت نیە بۆ کەسانی تیرۆریست."
وتی لە نێوەندی ئەیلولەوە، تەنیا لە گەیارە 17 ئەندامی داعش کوژراون. سێ حەشارگە تێکشکێنراون، چەك و تەقەمەنی دەستیان بەسەردا گیراوە و ئۆتۆمبیل و بەلەمی گروپەکە سوتێنراون.
وتیشی: "دەتوانین بڵێین لەم ماوە کورتەدا داعش لهسهدا 90 ناوچە نهێنیەکانی ژێردەستی لەدەستداوە لە ناوچەی حەوزەکە و دوورگە بیابانیەکانی هاوسێی. ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و پشكنین تەواو تیرۆریستانیان تووشی شۆك کردووە."
وتی ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بووە بەهۆی ئاستێکی بەرزی هاریکارییهوه لەنێوان یەکە جیاوازە سەربازییەکان و خەڵکی مەدەنی ناوچەکەدا.
وتیشی: "زانیاریە هەواڵگرییەکان پێماندەڵێن ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی داعش لە ناوچە بەئامانجکراوهكاندا ماونەتەوە. ئهو كهسانه دەرفەتی رزگاربوونیان نیە."
هەڕەشەیهكی لاواز
بەڕێوبەری ئیدارهی قەزای شوره لە نەینەوا خالید جارەڵا جوبەیری وتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکانی ئەمدواییە "ئەندامانی داعشیان تێکشکاندووە" و هەڕەشەیانی لاوازکردووە.
بە دیارونای وت پاشماوەکانی گروپەکە "پەناگەی ئارامیان نەماوە"، ئێستا و کاتێك کە دوورگەکانی ناوەندی رووبارهكه، کە ناسراون بە حەوایج و گوندەکانی بەشی خۆرئاوای رووبار، پاککراونەتەوە و چاودێری دەکرێن.
وتی هێزە ئەمنیەکان، بە پێشڕەویی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و سوپا و پۆلیس، چالاکانە پێگە نهێنییهكانی پاشماوەکانی داعش دەکەنە ئامانج کە پێشتر دەوترا چوونەناوەوەیان ئاسان نیە.
هێزە هەواڵگرییە سەربازییەکان لە 17 ئەیلول جبەخانەیەکی چەکی گەورەیان دۆزییەوە لە دوورگەی شورە کە زیاد لە 100 گوللە هاوەنی داعشی تێدابوو.
وتی: "هێزە ئاسمانیەکانی عێراق زیاد لە پێنج تونێلی سروشتییان تێکشکاند کە ناسراون بە (موغور)، بەگوێرەی زانیاریە هەواڵگرییەکان، پەناگەی 10 بۆ 15 تیرۆریست بوون، کە هەموویان بوون بهژێر داروپەردووهكانهوه."
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حەسەن شوبەیب سەبعاوی بە دیارونای وت رۆڵی هێزە ئەمنیەکان لە دەرکردنی داعش لە ناوچەکانی باشوری موسڵ "زۆر گرنگ دەبێت".
دەستخۆشیی كرد لە خەڵکە مەدەنیەکەش بۆ پشتیوانیان لە یارمەتیدانی هێزە ئەمنیەکان لە شوێنهەڵگرتنی پاشماوەکانی داعش.
وتی: "کاریگەریی ئەندامانی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو لەوێ لاواز دەبێت، بەتایبەتی دوای دوایین ئۆپەراسیۆنەکان. حەوزی دیجلە، کە خاکێکی بەپیت بوو بۆ هەڵاتنی تیرۆریستان لە شەڕەکانی رزگاریدا، ئێستا بۆتە گڵکۆیان."
وتی هەموو شوێنەکانی خۆحەشاردانیان تێکشکێنراون.
سڵاوی خودا له هێزه ئهمنییه قارهمانهكانمان! خودا بتانپارێزێت، قارهمانهكان!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت