بەرپرسانی عێراق رایانگەیاندووە بەمزوانە دەستدەکەن بە بنیاتنانی شارێکی پیشەسازیی هاوبەش لەسەر سنووری نێوان عێراق و ئەردەن.
پلانی گۆڕینی ناوچەیەکی بیابانی دەوروبەری پارێزگای ئەنبار لە خۆرائاوا نزیك بە دەروازەی سنووریی ترێبڵ لەگەڵ ئەردەن بۆ ناوچەیەکی پیشەسازی سەرەتا ساڵی رابردوو ئاشکراکرا.
ئەو دەروازە سنوورییە لە ساڵی 2017 دووبارە کرایەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ داخرابوو بەهۆی کێشەی ئەمنیەوە و لە ئاکامی ئەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) بەشێكی گەورەی داگیرکردبوو.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار مەحمود دولێمی لە 20 ئاب وتی ئەو ناوچە پیشەسازییە بەشێوەیەکی بنەڕەتی دەبێتە "شارێکی چڕوپڕ کە جێگای چاککردنەوەی ئۆتۆمبیل و لۆری و کارگەی پیشەسازی و دوکانی سەوزەومیوهی تێدادهبێت".
وتی یارمەتی دروستکردنی ههلی كاری نوێ بۆ گەنجە بێکارەکان دەدات و چێشتخانە و شوێنی حەوانەوەی تێدادەبێت بۆ خزمەتی ئەوانەی گەشتدەکەن بە سنوورەکەدا و بۆ دانیشتوانی ئەنباریش.
وەزارەتی پیشەسازی عێراق تیمێکی کارکردنی پێکهێناوە لە بەڕێوبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازیی سەلام سەعید كه سهربه وهزارهتهكهیه، لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەك وەزارەتی دیکە.
تیمەکە سەردانی ناوچەکەی کرد لە 14 ئاب بۆ دەستنیشانکردنی شوێنێکی گونجاو بۆ شارێکی پیشەسازی نزیك بە دەروازەی سنووریی ترێبڵ.
پهرهدان بە ئابوری
سەرۆکی لیژنەی ئابوری لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار فەهد میشعان بە دیارونای وت: "پرۆژەی ناوچەی پیشەسازی، کە [بەمزوانە] جێبەجێکردنی دەستپێدەکات، یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگاکە."
وتی بەهۆی شوێنەکەیەوە، دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕێکی فراوانی بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ ئەردەن و دەروازەیەکی گرنگ بۆ هاتوچۆی چەندین بەرهەم و کاڵا لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
وتیشی شارە پیشەسازییەکە کاریگەرییەکی ئەرێنیی دەبێت لەسەر ئابوریی پارێزگای ئەنبار و گوڕێك دەدات بە هاتنەناوەوەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ نێو پارێزگاکە.
میشعان وتی: "گرنگترین ئاستەنگ کە رووبەڕووی پرۆژەکە دەبێتەوە، کە دەشبێتە پێوەری سەرکەوتنی، دەستەبەرکردنی ئاسایشە لەو ناوچەیەی لێی جێبەجێدەکرێت نزیك بە دەروازەی سنووریی ترێبڵ."
وتیشی تا ئەمدواییانە ناوچەکە شوێنگەیهكی داعش بوو، لهكاتێكدا متمانەی خۆی نیشاندا لە توانای هێزە عێراقیەکان بۆ دابینکردنی ئاسایش و یارمەتیدان بۆ تاوسەندنی چالاکی وەبەرهێنان.
دەروازە سنووریهكه 'پارێزراوە'
ئابوریناس نەبیل جەعفەر بە دیارونای وت: "ئابوری و سیاسەت پەیوەندییهكی لێکدانەبڕاویان هەیە و هیچیان بێ ئەویدیکە سەرکەوتوو نابێت."
وتی: "هەربۆیەش دۆخی گشتی سیاسەت لە وڵاتەکەدا وەك گەورەترین ئاستەنگی سەرکەوتنی هەر پرۆژەیەکی وەبەرهێنان دەمێنێتەوە، وەك شاری پیشەسازی و ناوچەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی."
وتی: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە وەبەرهێن ببینێت کە سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتەکەدا هەیە پێشئەوەی دەستبکات بە ناردنی پارە بۆی."
فەرماندەیەك لە هێزەکانی حەشدی خێڵەکی، فەلاح قەرەغلی، وتی هێڵی سنووری لەگەڵ ئەردەن "پارێزراو و سەقامگیرترە" لە شارەکانی دیکەی نزیك سنوور.
بە دیارونای وت: "ناوچە سنوورییەکە بەتەواوی لەلایەن پاسەوانانی سنوور و فیرقەی 1ی سوپای عێراقەوە پارێزراوە کە بەدرێژایی ئەو هێڵە جێگیرکراون کە لە دەروازەی سنوریی ترێبڵ و دەروازەی سنوریی تەنف [لەگەڵ سوریا]وه درێژدەبنەوە تا مەفرەق [لە ئەردەن].
وتیشی هێزە هاوبەشەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی خێڵەکی ئەو رێگایەش دەپارێزن کە لە ترێبڵەوە دێت بەرەو شاری رەمادی، پایتەختی پارێزگای ئەنبار.
ههروهها وتی: "پاراستنی شارە پیشەسازییەکە ئەولیەویەتی باڵای هێزە عێراقیەکانە لەبەر کاریگەریی ئەرێنیی بۆسەر ئابوریی پارێزگای [ئەنبار] بەتایبەتی و وڵاتەکە بەگشتی."
وتیشی دەبێت سەرمایە بگەڕێتەوە بۆ پارێزگاکە، چونکە ئاستی بەرزی دامەزراندن رۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی ئاسایش و دوورخستنەوەی گەنجەکان لە داوی توندڕەوی.
خودا ههوڵهكانتان و ههوڵهكانی شێخ فهتاح قهرهغۆلی سهربخات.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت