هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق 22 ئەندامی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سویا" (داعش)یان کوشتوە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە هەینی (28 ئەیلول) دەستیپێکرد لە قەزای حەویجەی باشوری خۆرئاوای پارێزگای کەرکوك.
ئەندامێكی ئەنجومەنی قەزای حەویجە، عەمار حەمدانی بە دیارونای وت هەڵمەتی "عەزم ئەبتال" (ورەی پاڵەوانان) یەکێکە لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکان کە لە قەزاکە ئەنجامدرابێت لەوکاتەوەی ساڵی رابردوو رزگارکرا لە دەستی داعش.
حەمدانی دووشەممە وتی: "فیرقە گەورەکانی 3 و 5 و 6 لە پۆلیسی فیدراڵ، لەگەڵ فیرقەی زرێپۆش بەشداریدەکەن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا."
وتی ئەوان یاوەریی دەکرێن بە فەوجی نیشانگر و یەکە یاریدەدەکانی ئەندازیاری و پزیشکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و وتیشی ئۆپەراسیۆنەکە بە هێزی ئاسمانی عێراق پاڵپشتی دەکرێت.
ههروهها وتی: "لە ماوەی ئۆپەراسیۆنە سێ رۆژیەکەدا، هێزەکانی پۆلیس گەڕان و پشكنینی بەرفراوانیان له دەیان گوندی ناوچەکانی رەشاد و ریاز و زابیاندا ئەنجامداوە."
حەمدانی وتی: "لەئەنجامدا ژمارەیەك تیرۆریست کوژران و چەك و ئامراز و تەقەمەنیش دەستیان بەسەردا گیرا و دواتریش لەناوبران و حەشارگەکان سوتێنران و تێکشکێندران."
هەڵمەتێکی سەرکەوتوو
لە یەکەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا پۆلیسی فیدراڵ 23 گوند گهڕان، لەنێویاندا گوندەکانی عەسریە، عەتشانە، عەزیزی، سوسە، شێخ موزهیر، تەل وەرد و عەتوانیە.
وتی گەڕانەکە بووەهۆی کوشتنی 21 ئەندامی داعش کە خۆیان لە تونێل و حەشارگە نهێنیەکاندا شاردبووهوە.
حەمدانی وتی هێزەکانی پۆلیس 37 بۆمبی دەستکرد و 12 گوللە هاوەن و شەش مینی دژە تانکیان لەناوبرد، لەگەڵ خۆراك.
وتیشی شەممە، هێزەکانی پۆلیس 63 گوندی نزیك حەویجە گەڕان و دەستیانگرت بەسەر 19 بۆمبی دەستکردا و سێ جبەخانەیان تێکشکاند کە ماددەی هەستیاری سی فۆڕیان تێدابوو.
وتی ههروهها پێنج تونێل و پێنج حەشارگە و بڕێك چەكیشیان لەناوبرد و چوار گومانلێکراویشیان دەستگیرکرد.
پۆلیس رۆژی شەممە خۆکوژێکی کوشت کە بۆمبی لەخۆی بەستبوو، هەوڵیدا هێرش بەرێتە سەریان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی پشکنیندا لە گوندی تەل مەتەر لە زاب.
یەکشەممە، عەبدولعەزیز حەمادییان دەستگیرکرد، کە داواکراوە بە تۆمەتی تیرۆریزم، لهكاتێكدا دوو تونێل، نۆ حەشارگە، 40 بۆمبی دەستکرد، 15 گوللە هاوەن و دوو ماتۆڕیشیان تێکشکاند.
ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکە 43 گوندی لەخۆگرتبوو، لەنێویاندا گوندەکانی رومانە، زەیدان، ساڵحیە، مەرزوقیە، قورەیشیە، حەمەد سوڵتان، دوب سوغرا و دوب کوبرا.
حەمدانی وتی: "ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوانە بەردەوامە و دەستکەوتی ئەرێنی بەدەستدەهێنێت."
وتیشی هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش لە حەویجە کەمتردەبێتەوە "بەوەی رووبەڕووی فشارێکی ئەمنیی گەورە دەبنەوە و ناتوانن لەنێوان شوێنەکاندا هاتوچۆبکەن بەئاسانی و بەوەش ژمارەیان زۆر کەمبۆتەوە و تێکشکاون".