هێزە ئەمنیە ناوخۆییەکان لە شاری رەققەی سوریا یەکشەممە (30 ئەیلول) رایانگەیاند کە شەممە پیلانێکی تیرۆریستییان پوچەڵکردۆتەوە پێشئەوەی جێبەجێبکرێت.
لەکاتی هەڵکوتانە سەر حەشارگەی شانە تیرۆریستیەکە، هێزە ئەمنیە ناوخۆییەکان دوو پیاویان کوشت و پێنجی دیکەیان دەستگیرکرد و دەستیانگرت بەسەر بڕێکی زۆر تەقەمەنی و ئامرازی سەربازیدا، کە وێنەکانیان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەی یەکشەممە بڵاوکرایەوە.
وتەبێژی هێزە ئەمنیە ناوخۆییەکان، موهەنەد ئیبراهیم هەواڵی ئاشکرابوونی شانەکەی راگەیاند.
ئیبراهیم وتی ئەو شمەکانەی دەستیان بەسەردا گیرا لەو دوو ماڵەدا کە لەلایەن شانەکەوە وەك حەشارگە بەکاردەهێنران، بریتیبوون له چەك و تەقەمەنی و بۆمب، لەگەڵ ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو کە لەو نزیکانە دۆزرایەوە و مین و پشتێنی بۆمبڕێژکراو کە ئامادەی تەقینەوە بوون.
لەکاتی هەڵکوتانە سەرەکەدا، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی شانەکە روویدا، کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس.
ساڵیادی رزگارکردن
دەرکەوتنی شانەکە هاوکات بوو بە ئامادەکاری بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی رزگارکردنی شارەکە لەدەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش)فەرماندەی یەکەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، غەسان ئیبراهیم وتی.
بە دیارونای وت: "هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە وا دەردەکەوێت هەوڵێکی شکستخواردوو بێت بۆ دەرخستنی ئەوەی داعش هێشتا نفوزی ماوە لە ناوچەکە."
وتی: "دۆزینەوەی دوو ماڵەکە کە پیلانداڕێژەران خۆیان تێدا شاردبووهوە ئەو هیوایانەی تێکشکاند."
شانەکە دۆزرایەوە دوای ئەوەی ژمارەیەك کەس زانیارییان دا بە هێزە ئەمنیەکان كه چەند کەسێك هەوڵی هەڵکردنی ئاڵای داعش دەدەن لە گەڕەکی دەرعیە.
هێزە ئەمنیە ناوخۆییەکان دەستبەجێ هەڵیانکوتایە سەر شانەکە، بەپشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و فەرماندەیی هێزی دژەتیرۆری کوردی.
بەگوێرەی ئیبراهیم، هەوڵی هەڵکردنی ئاڵای داعش بەئاشکرا بەمەبەستی پروپاگەندە بووە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە شارەکە لە ئامادەکارییدایە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی رزگاربوونیەوە.
ئیبراهیم وتی دۆزینەوەی دوو ماڵەکە و ئهو بڕه چەك و تەقەمەنییهی تێیاندا بوو "شارەکەی لە خوێنڕژانی زیاتر پاراست".
وتیشی بۆ ماوەی چەند رۆژێکی کەم ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەردەوام دەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ ئەندامێکی سەربە شانە تیرۆریستیەکان نەماونەتەوە.