هێزەکانی عێراق و یەکەکانی هێزە خێڵەکییەکان هەینی (28 ئەیلول) دەستیانکرد بە هەڵمەتێکی ئەمنی بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە لە شارۆچکەی شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین خۆیان حەشارداوە.
یەکەکانی پۆلیسی ناوخۆ و سوپا و فەوجی 51 ی هێزەکانی حەشدی عەشایری لە شەرگات بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا.
هەڵمەتە نوێکە، کە دوای ئهو زنجیرە ئۆپەراسیۆنه دێت كه هەفتەیەکی خایاند، ئامانجی پاکردنەوەی دەوروبەری شاری شەرگات و ئەو شوێنە بچوکانەیە کە لە دەستی پاشماوەکانی داعشدان.
فەرماندەی فەوجی 51 ی هێزە خێڵەکییەکان شێخ عەشام جبوری بە دیارونای وت: "دەستمانکردووە بە ئۆپەراسیۆنێکی دیکە بۆ ئەوەی دوژمن راوەدووبنێین." وتیشی نایەڵین چەکدارانی داعش "بۆ یەك سات بە دڵنیایی بحەوێنەوە".
![ئەفسەرێکی عێراقی هێزەکانی ئامادەدەکات بۆ هێرشێك بۆسەر حەشارگەیەکی داعش لەسەر رۆخی روباری دیجلە لە باشوری شەرگات له 19 نیسان. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی سەڵاحەدین]](/cnmi_di/images/2018/09/28/14730-ISIS-hotbed-Tigris-600_384.jpg)
ئەفسەرێکی عێراقی هێزەکانی ئامادەدەکات بۆ هێرشێك بۆسەر حەشارگەیەکی داعش لەسەر رۆخی روباری دیجلە لە باشوری شەرگات له 19 نیسان. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی سەڵاحەدین]
هەڵمەتەکانی پێشتر سەرنجیان لەسەر گوندەکانی باشوری شەرگات بوو لەسەر کەناری روباری دیجلە تا بەعاج و چیاکانی مەکحول تا رۆخی بیابانی حەزەر.
ناوبراو وتی: "بەردەوام لە ئامادەباشیداین و ناوچەکان دەگەڕێین بۆ راوەدوونانی تیرۆریستەکان لەسەر دورگەکانی سەر روبارەکە و لە ئەشکەوت و دۆڵ و بیابانەکەشدا."
حەشارگەیەکی داعش لەناوبرا
جبوری وتی ئۆپەراسیۆنەکانی پاکردنەوە شەممەی رابردوو "بە هێرشێکی گەورە" دەستیانپێکرد.
وتی: "یەکینەکانمان بەهاوکاری لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین ناوچەکەی نێوان گوندەکانی زاویە و چیای نەمل گەڕان."
وتیشی: "لە کاتی گەڕاندا قەڵایەکی داعشیان دۆزییەوە، دوای گەمارۆدان و پێکدادان لەدژیان، [چەکدارەکان] رایانکرد بۆ تونێلێك لە چیای [نەمل]."
"دواتر لە هێرشێکی ئاسمانیدا پێکران و تونێلەکەش تێكدرا."
وتی لە ئەنجامدا 11 ئهندامی داعشی عێراقی کوژران لە هێرشە ئاسمانییەکەدا، كه ناسنامە و شوێنی نیشتەجێبوونی دووانیان ئاشکراکراوە.
جبوری وتی چەك و تەقەمەنیش لە تونێلەکە دۆزرانەوە و دەستگیرا بەسەریاندا.
دوای هێرشەکە، گەڕان و پشکنین ئەنجامدرا بەڵام هیچ بەڵگەیەکی جموجۆڵی چەکدارەکانی داعش بهدینهكرا.
وتی: "بڕوامان وایە ئەو هێرشە پشتی تیرۆریستەکانی شکاند لەو ناوچانەدا." وتیشی: "ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئیتر مەترسی نەماوە."
ههروهها وتی: "هەڵمەتەکانمان و هەوڵە ئەمنییەکانمان بەردەوامن بۆ ئاراستەکردنی توندترین گورز دژی پاشماوەکانی داعش."