چالاکوانانی سوری داوا لە هاوپەیمانێتی توندڕەوی تەحریر شام دەکەن دوو چالاکوانی مافی مرۆڤ ئازادبکات کە لە شارۆچکەی کەفر نەبلی پارێزگای ئیدلیب دەستگیرکراون، کە بەشێکە لە قەزای مەعەرەت نوعمان.
چالاکوان لە ئیدلیب هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کەفر نەبل و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەوانانی سوری داوایان لە تەحریر شام کردووە یاسر سەلیم و عەبدولحەمید بەیوش ئازادبکات.
ئیدلیبی وتی ئەو دوو پیاوە یەکشەممە (23 ئەیلول) دەستگیرکران لە ماڵی خۆیان لە کەفر نەبل لەلایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی تەحریر شامەوە و بران بۆ زیندانی بەدناوی عیقابی هاوپەیمانێتیەکە.
سەلیم داوای گەڕانەوەی دانیشتوانی زۆرینە شیعەی فۆعە و کەفریای کردبوو بۆ شارۆچکەکانیان، هەنگاوێك کە تەحریر شام دەکرێت وەك داوای ئاشتبوونەوە بیبینێت لەگەڵ رژێمی سوریا، کە بە توندی رەتیدەکاتەوە.
دوای نەمانی گەمارۆیەکی درێژخایەن لە تەمموز دانیشتوانی فۆعە و کەفریای ژێردەستی رژێم ئاوارەبوون-- گواسترانەوە بۆ بەشەکانی دیکەی سوریا وەك بەشێك لە رێکەوتنێکی ئاگربەست لەنێوان رژێم و تەحریر شامدا.
سەلیم داوای پێکەوەژیانی لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك کرد، كه لەبەرامبەردا بەتوندی هێرشیکرایە سەری لەلایەن توندڕەوانی ئۆپۆزسیۆنەوە و تۆمەتبارکرا بە کارکردن بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ رژێم.
ئەمە سەرەڕای هەوڵەکانی بۆئەوەی روونیبکاتەوە کە مەبەستی تەنیا خەڵکە مەدەنیەکە بووە نەك ئاشتبوونەوە لەگەڵ رژێم.
شێوازێكی چەوسانەوە
بەگوێرەی ئیدلیبی، سەلیم و بەیوش لەکاتی خۆپیشاندانەکەی هەینیدا لە کەفر نەبل پۆستەرێکیان بەرزکردۆتەوە و داوای ئەوەیان کردووە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) ژمارەیەك مەدەنی رفێنراو ئازادبکات.
داعش ژمارەیەك مەدەنی دروزی رفاند لە شاری سوەیدا و دەوروبەری.
ئیدلیبی وتی پێشتریش سەلیم لەلایەن تەحریر شامەوە دەستگیرکراوە، زیاد لە جارێك.
وتی: "ئهو کراوەتە ئامانج بەهۆی بۆچوونە میانڕەوەکانی و پەیوەستبوونییهوه بە پرەنسیپەکانی شۆڕشی سوریا و رەتکردنەوەی هەژمونی توندڕەوان، لەنێویاندا تەحریر شام، کە وایکردووە پەیوەندیی لهگهڵ گروپەکەوە تێكبچێت."
ئیدلیبی وتی ئەو تۆمەتهی ئێستا رووبەڕووی دەکرێتەوە -- هەوڵدان بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ رژێم -- دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ دەستبەسەری بکەن یان شهلاقی (قامچی) لێبدرێت وەك سزا.
وتیشی ئەمە بەشێکە لە شێوازێکی بەردەوام کە تەحریر شام ماوەیەکە بەرامبەر ئەو کەسانە پەیڕەویدەکات کە بانگەشەی ئاشتەوایی لەگەڵ رژێم دەکەن.