گروپێك ژن و منداڵی ئێزدی کە لە سوریا و لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش)ەوە رفێندرابوون ئێستا رزگارکراون، نوسینگەی عێراقی کاروباری ئێزدییە رفێنراوەکان چوارشەممە (19 ئەیلول) رایگەیاند.
بەڕێوەبەری نوسینگەکە حسێن قائیدی بە دیارونای وت: "لە 10 رۆژی رابردوودا، بەگشتی هەشت ژن و منداڵ کە لەژێردەستی داعشدا بوون لە خاکی سوریادا، رزگارکراون."
وتی رفێندراوەکان چوار ساڵ لە بەندییدا بوون.
دوایین کەسی گروپەکە کە سێشەممە رزگارکرا لازمە خێرۆی 24 ساڵ بوو لە گوندی حەردانی ناوچەی شەنگال.
وتی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن پێویستیان بە هەوڵی بێوچانی ستافی نوسینگەکە هەیە، بە هاوکاریی بەرپرسانی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان.
قائیدی باسی لە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە نەکرد بەهۆکاری ئەمنی پەیوەست بە سەلامەتی ئەو رفێندراوانەوه کە هێشتا ماون.
وتی نوسینگەکە، کە لە دهۆکە و پەیوەستە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە تشرینی یەکەمی 2014 کرایەوە.
وتیشی لەوکاتەوە، رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە رزگارکردنی هەزاران ئێزدیدا کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون دوای ئەوەی گروپەکە لە ئابی 2014 دەستیگرت بەسەر شەنگالدا.
قائیدی وتی: "تا ئەمڕۆ، 3,330 ئێزدیمان رزگارکردووە: 338 پیاو، 1,058 ژن و ئەوانیدیکە منداڵ لە هەردوو رەگەز و لەژێر تەمەنی 15 ساڵیەوە."
وتی ئەو ژمارەیە لە کۆی 6,417 ئێزدییە کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون، "زۆرینەی هەرە زۆریان منداڵ و ژنن".
'کارهكانمان راناوەستێن'
قائیدی وتی: "کارەکانمان راناوەستێن تا ئەو ئامانجە دەپێکین کە ئۆفیسەکەمانی بۆ دامەزرێنراوە، کە رزگارکردنی دوایین ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش و گەڕاندنەوەیانە بۆ خێزانەکانیان."
وتی پشتگیریی نیشتیمانی و نێودەوڵەتی هێشتا پێویستە بۆ رزگارکردنی ئێزدییەکان.
وتیشی: "پێویستمان بە هەمووانە هاوکاریی زیاترمان بکەن بۆ رزگارکردنی ژنان و منداڵانمان و هەموو رفێنراوانی دەستی تیرۆریستان و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییان و نەهامەتیی درێژخایەنی خێزانەکانیان."
وتی: "چەند پرۆژە و پرۆگرامێك لەلایەن رێکخراوە مرۆیی و چالاکوانەکانەوەبەمەبەستی دابینکردنی پاڵپشتیی دەروونی و چارەسەر بۆ ئەو ئێزدییانە ئەنجامدراون کە لە دەستی داعش رزگارکراون."
وتی بەڵام ئەم خزمەتگوزارییانە بەپێی پێویست چڕوپڕنین.
وتیشی: "تیرۆریزم بۆتە هۆی تراژیدیا و کارەساتی بێکۆتایی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و پێویستە جڵەوی هەموو تواناکان بکەین بۆ کەمکردنەوەی تواناکانیان."
وتی ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان هێشتا لە کەمپەکانی دهۆکدان، لەنێویاندا کەمپی قادیا، بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی داعش بە شەنگالی گەیاندووە.