زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتوانی قەزای کەرمەی پارێزگای ئەنبار کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە ئاوارەکرابوون گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان، ئیدارهی قەزاکە دووشەممە (17 ئەیلول) رایگەیاند.
قائیمقامی کەرمە ئەحمەد موخلیف دولێمی بە دیارونای وت بە خەمڵاندن لهسهدا 90 دانیشتوانی کەرمە گهڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان، کە پێشتر لە کەمپی ئاوارەکاندا بوون لە ئەنبار و بەغدا.
وتی لەوکاتەوەی هێزە عێراقیەکان لە ئایاری 2016 داعشیان لە قەزاکە دەرکردووە، "لانیکەم 1,500 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ ناوەندی قەزاكه و یەکەکانی سەر بە قەزاکە".
دولێمی وتی زۆربەی ئەوانەی هێشتا چاوەڕوانی مۆڵەتی گەڕانەوەن "ئەندامی خێزانی چەکدارانی داعشن".
وتی ئەوانه رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە تا لەبەردەم دادگا راینەگەیەنن کە هیچ پەیوەندییان بە ئەندامانی خێزانەکانیانەوە نیە کە لە کردەی تیرۆریستییەوە تێوەگلاون.
گەڕانەوەی دانیشتوانی قەزاکە هاوکاتە بە هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی بیناكان و ژێرخانه رووخاوهكهی.
دولێمی وتی: "هاریکاریی بەسوودمان هەبووە لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و حکومەتی خۆجێیی ئەنبار و دەزگا حکومییەکانی دیکە و پێکەوە کارمانکرد تا توانیمان بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵبین."
وتی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کاردەکەن "و هەوڵەکانمان بەردەوامن".
بڵاوکردنەوەی فراوانی هێزە ئەمنیەکان
دولێمی وتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆرهەڵاتی ئەنبار و ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بەرپرسن لە پاراستنی قەزای کەرمە.
وتی: "هێزە ئەمنیەکان بهفراوانی بڵاوەیان پێکراوه لە قەزاکەدا و تەرکیزی زۆر خراوەتەسەر پێویستی پتەوکردنی و پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەك کە رێبدات بە تیرۆریستان دزەبکەنە نێو پایتەختەوە."
وتیشی هێزە ئەمنیەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی گەڕان بەدوای پێگەکانی داعشدا بۆ شوێنهەڵگرتنی پاشماوەکانیان و جەختیکردەوە لەوەی ئیدارهی خۆجێی پاڵپشتی ئەم هەڵمەتە بەردەوامانە دەکات بۆ راگرتنی قەزاکە بە سەلامەتی و ئارامی.
ههروهها وتی خەڵکی ناوچەکە "پاڵپشتیی زۆر"یان پێشکەشی هێزە ئەمنیەکان کردووە بە هاریکاریکردن لەگەڵیان و دابینکردنی زانیاری کە بووەتە هۆی ژمارەیەك دەستگیرکردن و دۆزینەوەی حەشارگە و چەك و جبەخانەی داعش.
بەکارکردن بە زانیاریی هەواڵگری، هەواڵگریی سەربازیی عێراق هەینی (14 ئەیلول) داواکراوێکی توندڕەوی لە قەزای کەرمە دەستگیرکرد له كهمینهكدا كه بەیاننامەکه ناوزهندکرد بە كهمینهكی "بهچڕی پلانبۆداڕێژراو".
رۆژی دواتر، هەواڵگریی سەربازی سەرکەوتووبوو لە هەوڵێکدا بۆ "خستنه تهڵهی تیرۆریستێكهوه" و دەستگیرکردنی لە ناوچەی ئەلبوجاسم لە کەرمە.
هەواڵگریی سەربازی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه دەستبەسەرەکە "چەکدارێكی سەربە بەناو جەیشی موجاهیدین بوو" کە "بەشداریکردبوو لە ژمارەیەك لە ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستیدا".