چالاکوانان سهرنجی زیادبوونی هێزەکانی دیدەوانییان داوه لەو ناوچانهی سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵی رژێم و سوپای پاسدارانی ئێراندان و هەمان ناوی هێزەکانی دیدەوانانی حیزبوڵایان هەیە له لوبنان.
بە دیارونایان وت كه ئەو هێزانەی دیدەوانی، کە ناسراون بە دیدەوانانی ئیمام مەهدی، ژمارەیەکی زۆر گەنج پێدەگەیەنن کە یەکسەر دەچنە ریزەکانی میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسدارانەوە لە سوریا.
چالاکوان و دانیشتووی کەمپی یەرموك له باشوری دیمەشق، بەها ساحلی، وتی هێزەکانی دیدەوانیی سەربە سوپای پاسداران سەرەتا لەساڵی 2011 لە ناوچەی سەیده زەینەب لە دەرەوەی دیمەشق سەریانهەڵدا لەگەڵ شارۆچکەکانی نوبول و زەهرا لە دەشتەکانی حەلەب.
ناوبراو وتی هێزەکان دواتر بڵاوکرانەوە دوای ئەوەی سوپای پاسداران جێپێی خۆی كردهوه لە سوریاو جەختیشیکردەوە كه ئێستا لە دیمەشق و لازقیە و تەرتوس و حەلەب دەبینرێن.
هێزێكی نوێی دیدەوانی لە دێرەزوریش دامەزرێنراوە.
ساحلی وتی ئەو هێزانە لە بۆنە ئایینیەکاندا دەردەکەون و نمایشی پیادەی سەربازی بە جلوبەگری یەکپۆشی سەربازییەوە ئەنجامدەدەن.
"خۆشکردنی گڕی مەزهەبگەرایی ئایینی بناغەی پرۆسەی راکێشانی گەنجانە بۆناو ئەو گروپانە."
وتی دروستکردنی هەستی دڵسۆزی بۆ سوپای پاسداران بەشێكە لە پرۆسەی بەئەندامبوون، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی کە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم پێویستە بپارێزرێن لەدژی شهڕێكی مەزهەبگەرایی کە لەدژیان بەرپاکراوە.
فشاری ئابوری و سیاسی
ساحلی وتی دایکان و باوکانی سوری لەژێر گوشاری سیاسی و ئابوریدان تا رێبدهن به منداڵەکانیان بچنەناو هێزەکانی دیدەوانییەوە.
وتی رازینهبوونی دایكوباوكان بەوهی منداڵەکانیان بچنەناو هێزەکانی دیدەوانییەوە، دەیانخاتە ژێر گوشاری میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسدارانهوه، لەکاتێکدا ئەوانەی کە دەبنە ئەندام هەندێك جار جلوبەرگ و پەرتوك و کەلوپەلی قوتابخانەیان پێدەدرێت.
هاوکاری و خواردن لەکاتی بۆنە ئایینیەکاندا دابەشدەکرێت و ئەمەش میتۆدێکی سوپای پاسدارانە کە سوود لە رەوشی نالەباری ئابوریی زۆربەی سوریەکان وەردەگرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێنداکەی خۆی.
ساحلی وتی کەمپەکانی دیدوانی ئیمام مەهدی هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ کەمپی راهێنانی سەربازیدا نیە، چونکە لەوێ دەستدەکەن بە راهێنانی جەستەیی تاقەتپروکێن لەگەڵ راهێنان لەسەر هەموو جۆرە چەكێك.
ناوبراو ئهم کەمپانهی چواند بە "بهچكهشێرانی خهلافهت" کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە دامەزرێنران لە عێراق و سوریا بۆ راهێنانی سەربازانی داهاتووی گروپەکە.
لێكۆڵەر لە ناوهندی شەرق بۆ زانستە هەرێمی و ستراتیژیەکان، فاتیح سەید، بە دیارونای وت ئامانجی سەرەکی دیدەوانانی ئیمام مەهدی راكێسانی منداڵانه بۆ پێكهێنانی ژینگهیهكی پێگهیاندنی چەکداران بۆ میلیشیاکان لە سوریا.
لانكهیهك بۆ چەکداران
سەید وتی: “دیدهوانانی مەهدی لە سوریا کۆپییهكی دهقاودهقی ئەوەیە کە حیزبوڵا لە لوبان دایمەزراندووە."
وتیشی: "حزبەکە لەگەڵ دروستبوونیدا دەستیکرد بە دامەزراندنی هێزەکانی دیدەوانی، هەزاران منداڵی کردە ئەندام کە دواتر لە ریزەکانیدا بوونە چەکدار.” ئاماژەی بهوهش كرد کە زۆربەی چەکدارەکانی ئێستایان دەرچووی هیزەکانی دیدەوانی حیزبەکە بوون.
سەید وتی سوپای پاسداران بەسەرنجەوە لە دامەزراندنی ئەو هێزانەی دیدەوانیی دهڕوانی، تا گەیشتە ئەوەی جەنڕاڵ حیسام خۆشنهڤیس له هێزی قودس [کە لە 2013 لە سوریا کوژرا] نێردرا بۆ سوریا لە 2010 بۆ ئەوەی یەکەم هێزی دیدەوانی دابمهزرێنێت.
لەوکاتەدا چەندین راهێنەر لە ئێران و لوبنانەوە هاوکاریی ئەویان دەکرد.
سەید وتی ئهو نوسراوانهی لەلایەن میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسدارانەوە بڵاوکراونەتەوە کوژرانی ژمارەیكی زۆری ئەو منداڵە شەرڤانانەیان راگەیاندووە لە شەڕدا.
وتی: "ئەوەش دەیسەلمێنێت كه پرۆژەی بەکارهێنانی ئەو مدناڵانە وەك چەکدار جێبەجێکراوە، چونکە لە چالاکی سەربازیدا بەشدارن نەك تەنیا چالاکی کۆمەڵایەتی دیدەوانی، وەك لە سوریا بانگەشەی بۆ دەکەن."
وتیشی زۆربەی ئەندامانی دیدەوانانی مەهدی کە لە سوریا کوژراون، خەڵكی شارەکانی نبول و زەهرا و شاری حومس و ناوچەکانی دەوروبەرینی و زۆربەشیان سەرەتا لە ریزەکانی حیزبوڵای لوبنانیدا شهڕیانكردبوو.
هەروەها یەکەی تایبەت بەخۆیان بۆ دروستکراوە، وەك حیزبوڵای سوریا.
هیچ شتێكیان لە دیدەوانانی نهریتی ناچێت
دانیشتوویهكی دیمەشق، هەیسەم حەداد بە دیارونای وت دیدەوانانی ئیمام مەهدی دهمامكێكی پۆشیوە و بانگەشەدەکات كه چالاکی دیدەوانی ئاسایی ئهنجامدهدات "بەڵام راستیەکەی ئەوەیە ئەوان زۆر دوورن لەوەی گروپێکی دیدەوانی نهریتی بن."
وتی ئهو منداڵانهی دەکرێنە ئەندام شیعەن و لهسەرەتادا تهركیز دهكرێتهسەر خوێندنێكی مەزهەبگەرایانه كه سروشتێکی دەمارگیرانهی ههیه.
وتی دواتر قۆناغی دەستنیشانکردنیان دەستپێدەکات لە کەمپەکانی دیدەوانیدا، کە تێیاندا توانای منداڵەکان چاودێری و دەستنیشان دەکرێت. دەرچووانی دیدەوانی لەو کۆرسانە تەواو شارەزای هونەری سەربازی و شەڕن.
لە تەمەنی 16 ساڵیدا هەندێکیان دەبنە چەکدار لە ریزهكانی میلیشیاكهدا و ئەوانی دیکەش ئەرکی دیکەیان بۆ دیاریدەکرێت بەپێی توانایان.
حەداد وتی: "دانیشتوانی دیمەشق دژی ئەو نمایشانەن کە دیدەوانانی ئیمام مەهدی دەیکەن لە هەموو بۆنەیەکدا لەبەرئەوەی کارێکی نامۆیە به کۆمەڵگەی سوری و هەندێكجاریش هیچ بۆنەیهك نیە بۆ ئەنجامدانیان."
وتیشی هێزەکانی دیدەوانی لە رابردوودا لە سوریا بوونیان هەبووە، کە هەرچەندە مۆرکێکی حزبیشیان هەبوو بەڵام چالاکیەکانیان بۆ منداڵان دهشیا، زۆریش دووربوو لە مەزهەبگەرایی و هاندانی مەزهەبی.