هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

توندڕەوەکان دەچنەناو هێزەکانی ئیدلیبەوە دوای زیادبوونی گرژیەکان

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

چەکدارانی حوراس ئەلدینی سەربە قاعیدە لە دەشتەکانی باکوری پارێزگای حەما دەبینرێن. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساب]

چەکدارانی حوراس ئەلدینی سەربە قاعیدە لە دەشتەکانی باکوری پارێزگای حەما دەبینرێن. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساب]

چالاکوانێك دەڵێت چەندین چەکداری "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) چوونەتەناو هێزەکانی حوراس ئەلدینه‌وه‌، دوایئەوەی هەردوو گروپە توندڕەوەکە رێکەوتنێکیان کرد لەگەڵ هاوپەیمانێتی تەحریر شام بەرلە هێرشە پێشبینیکراوەکەی رژێم بۆسەر ئیدلیب.

چالاکوانێك لە ئیدلیب، موسعەب عەساف بە دیارونای وت ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگادارن دەڵێن چەندین چەکداری داعش لە پارێزگای ئیدلیب و دەوروبەری حەما و حەلەب نێردراون بۆ چەند شوێنێكی ژێر دەستی حوراس ئەلدینی سەربە قاعیدە.

وتی پێدەچێت ئەمە بۆ خۆئامادەکردن بێت بەرلە هێرشە پێشبینیکراوەکەی رژێم و میلیشیا هاوپەیمانەکانی.

عەساف وتی كه‌ توانیوێتی زانیاری درووست بەدەستبهێنێت لەڕێی چەند سەرچاوەیەکەوە کە دەڵێن دانوستان لەنێوان چەکدارانی هاوپەیمانێتی تەحریر شام و داعشدا ئەنجامدراوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوولایەنە.

ئۆتۆمبیلی سەربازی حوراس ئەلدینی سەربە قاعیدە لە سوریا دەبینرێن. چەندین چەکداری داعش چوونەتە ریزەکانیەوە دوای رێکەوتنێکی دوولایەنە. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساب]

ئۆتۆمبیلی سەربازی حوراس ئەلدینی سەربە قاعیدە لە سوریا دەبینرێن. چەندین چەکداری داعش چوونەتە ریزەکانیەوە دوای رێکەوتنێکی دوولایەنە. [خاوەنی وێنە: موسعەب عەساب]

عەساف وتی ئەو دانوستانانه‌ هاوکاریی سەربازییان دامه‌زراندووه‌ به‌ ئامانجی بەرپەچدانەوەی هێرشە پێشبینیکراوەکە.

یەکگرتنێکی کاتییان هێناوەتەکایەوە لەنێوان داعش و حوراس ئەلدیندا، کە لەگەڵ تەحریر شام هاوکاریی سەربازی دەکات، چونکە حوراس ئەلدین چەند ناوچەیەکی لەژێردەستدایە کە به‌سه‌ر ناوچەکانی ژیر دەستی رژێمدا ده‌ڕوانن.

ئه‌مه‌ ئه‌و ناوچانه‌ن كه‌ پێشبینیدەکرێت شەڕیان لەگەڵ رژێمدا تێدا رووبدات.

عەساف وتی: "چەکدارانی حوراس ئەلدین نێردراون بۆ جسر ئەلشغور و ناوچە دوورەدەستەکان لەگەڵ دەشتەکانی باکوری حەما و دەشتەکانی لازقیە."

حوراس ئەلدین سەرەتای ئەمساڵ دامەزرێنرا لەلایەن چەند ئەندامێکی پێشتری تەحریر شامه‌وه‌ کە کەسانی ئایدۆلۆژین و بانگەوازی هاوپەیمانێتییه‌كه‌یان بۆ بڕینی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە رەتکردەوە.

عەساف وتی لە درووستبوونیەوە، حوراس ئەلدین هەڵمەتێکی بەرفراوانی راکێشانی ئەندامانیان دەستپێکردووە کە تاڕادەیەك سەرکەوتوو بووە، ئەوەش بەهۆی ئەو موچە زۆرەی کە دەدرێتە ئەوانەی دەچنە ریزەکانییەوە.

وتیشی: "ئەوە وایکرد گروپەکە ئەو ناوچانە فراوانبکات كه‌ لێیەتی و ئێستا لە شارۆچکەی سارمین و ناوچەکانی چواردەورییەوە درێژدەبێتەوە بۆ چەندین ناوچەی نزیك شاری ئیدلیب."

عەساف وتی: "گروپێکی دیکە کە لە ناوچەکەدا بوونی هەیە، پارتی ئیسلامی تورکستانە لە سوریا، کە ناوچەکەی زۆر مەترسیدار کردووە، چونکە زۆربەی چەکدارە زۆر توندڕەوە رادیکاڵەکان لە هەرێمەکە و وڵاتەکەدا چوونەتە ناویەوە."

دانیشتوانی ئیدلیب هەڵدێن لە ناوچه‌كه‌

عەساف وتی ئەو فراکسیۆنە توندڕەوانە لە جیهاندا بە گروپی تیرۆریستی ناسراون، کە مانای ئەوەیە هەر رێکەوتنێك بکرێت بۆئەوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە هەرێمی ئیدلیب روونەدات بەدڵنیاییەوە ئەو گروپانە ناگرێتەوە.

وتی بەر لەو مەترسییە پێشبینیکراوە، دانیشتوانی ناوچەکە بە ژمارەی زۆر چوون بۆ ناوچەکانی دیکە لە باکور کە هەندێك پارێزراوترن.

دەزگای مرۆیی OCHA کە سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانە، پێنجشەممە (13 ئەیلول) رایگه‌یاند: "لەنێوان 1 بۆ 12 ئەیلولدا، ئه‌و زانیاریانه‌ی لەبەردەستدان دەریدەخەن کە رێژەیەکی زۆر لە ئاڵۆزی و ترسی شەڕ بوونەتە هۆکاری ئاوارەیی زیاتر لە 38,500 کەس."

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا وتی کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان چوارشەممە داوای لە توندڕەوەکان و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلیب کردووە ناوچه‌ شارنشینه‌كان جێبهێڵن بۆ پاراستنی مەدەنیەکان لە هێرشی رژێم.

پێشنیارەکە دوای ئەوە هات كه‌ نوێنەری ئاشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سوریا، ستافان دیمیستورا، هەفتەی رابردوو پێشنیاری دانانی دوا واده‌ی کرد بۆ کشانەوەی چەکدارەکان لە شارەکان.

دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتوەەکان و رێکخراوە کۆمەكبەخشەکان بەردەوام هۆشدارییانداوە هەر هێرشێكی گەورە بکرێتە سەر ئیدلیب دەبێتە هۆی یه‌كێك له‌ دڵتەزێنترین کارەساته‌ مرۆییه‌كانی حەوت ساڵی شەڕی سوریا.

کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە سوریا چوارشەممە داوای لە توندڕەوەکان و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن کرد ئه‌و ناوچانه‌ چۆڵبکەن كه‌ زۆرترین مەدەنی لێیان نیشتەجێن لەو هەرێمەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 3 ملیۆنە.

سەرۆکی کۆمسیۆنەکە پاوڵۆ پینهێرۆ وتی: "زۆربەی گروپە تیرۆریستەکان و گروپە چەکدارەکان لەناو شارەکاندان."

ئەندامی پانێڵەکە، هانی مه‌گالی وتی: "ئایا پێویستناکات گروپە چەکدارەکان شارەکان چۆڵبکەن بۆ پاراستنی ژیانی مەدەنیەکان؟"

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500