هێزەکانی سوریای دیموکرات سێشەممە (11 ئەیلول) رایانگەیاند كه دەستیانکردووە بە دوایین قۆناغی ئۆپەراسیۆنی زریانی جەزیرە بۆ دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە دێرەزوور و حەسەکە.
ئەم هەڵمەتە نوێیە ئامانجی بنەبڕکردنی داعشە لە خۆرهەڵاتی رووباری فورات كه بە هەماهەنگی لهگهڵ لایەكانی تری دژ به داعش و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێت.
ئەو هاوپەیمانێتیە سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکە "پاشماوەکانی داعش لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا بەدرێژایی دۆڵی فوراتی ناوەند تا سنووری عێراق و سوریا پاکدەکاتەوە".
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند داعش هێشتا بەشێکی دێرەزوور و هەندێك خاکی باشوری سوریای لەژێردەستدایە، هەرچەندە بەرپرسان دەڵێن گروپەکە زیاد لەسهدا 98ی ئەو خاکەی لەدەستداوە کە پێشتر لەژێردەستیدابوو.
ئۆپەراسیۆنەکە دووشەممە دەستیپێکردبە شاڵاوێک بۆ سەر گوندەکانی هەجین (لە دەوروبەری ئەلبوکەمال) و سوسە و شەعفە، لەگەڵ کەسرە لە دەوروبەری دێرەزوور، ئەفسەرێكی هێزەکانی سوریای دیموکرات فەرهاد خۆجە بە دیارونای وت.
وتی ئەمانە سەرەکیترینی ئەو ناوچانەن کە ئەندامانی داعش تێیاندا جێگیرن و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئۆپەراسیۆنەکە گوندی باغوزی سەر سنووریش دەکاتە ئامانج، کە خاڵێکی سنووریی دانسقەیە لەگەڵ عێراق و هێشتا لەژێردەستی گروپەکەدایە.
پێش هێرشە زەمینییەکە، هێرشی ئاسمانی و تۆپباران ئەنجامدراوە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بۆ پاککردنەوەی رێگە بۆ پێشڕەویی چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هاوپەیمانیان.
ئەمەش ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزووری تێدایە، كه هێزێکە پێکهاتووە لە خەڵکی پارێزگاکانی دێرەزوور و حەسەکە.
فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات دووشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند کە شاڵاوە نوێکە لانیکەم 15 چەکداری داعشی تێدا کوژراوه.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند كه سوریا جێناهێڵێت دەستبەجێ دوایئەوەی داعش ئەو ناوچانەی لەژێردەستدا نەما.
لیوا پاتریك رۆبەرسۆن، فەرماندە لە هێزی ئەرکی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، وتی: "لەداهاتوودا بەردەوامدەبین لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوبەشەکانی دیکە بۆ برەودان بە ئاسایشی ناوچەكه و سەقامگیری بەجۆرێك كه ببێتە هۆی شکستی هەمیشەیی داعش."
پاراستنی ژیانی مەدەنیەکان
خۆجە وتی "پاراستنی ژیانی مەدەنیەکان و بەرگرتن بە قوربانیانی مەدەنی ئهولهویهتی باڵای ئۆپەراسیۆنەکەیە" و ئاماژەیکرد بەوەی بۆ ئەو مەبەستە زۆر راڕەوی سەلامەتی کراوەتەوە تا مەدەنیەکان بتوانن لێیانەوە هەڵبێن بۆ ناوچە ئازادکراوەکان.
راڕەوه سەرەکییهكه رێچکەیەکە کە دەچێتە شارۆچکەی بەحرەی هاوسێوە.
خۆجە وتی هەماهەنگی لەگەڵ ئەو مەدەنیانە بەردەوامە کە لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا ماونەتەوە تا بهسهلامهتی دهربكرێن بە گروپی جیاجیا "تا دڵنیابین لەوەی نیشانگر تەقەیان لێناکات لەکاتی جێهێشتنی ناوچەکانیاندا".
وتیشی کەمپێك کراوەتەوە بۆ لهخۆگرتنی خەڵکی ئاوارە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە.
ههروهها وتی ئەم کەمپە پڕکراوە لە خۆراك و شمەك تا هێزەکانی سوریای دیموکرات بتوانن وەڵامیان هەبێت بۆ دۆخی کتوپڕی تەندروستی و لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا داڵدەی مەدەنیەکان بدەن.