ئەو ئاوارانەی کە ناوچهكانی دهرهوهی شارهوه له پارێزگای ئیدلیب له باکوری سوریا ههڵهاتوون بۆ ناوەوە و قهراخهكانی شار نزیك بە سنووری تورکیا، رووبەڕووی دۆخێكی زۆر سەخت بوونهتهوه، چالاکوانێکی ناوچەکە وتی.
ئەوان رووبەڕووی پلەی بهرزی گەرما و کەمیی ئاو و نەبوونی سیستمی پاکژی دەبنەوە.
چالاکوانێكی بواری میدیا و خەڵکی ئیدلیب، هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت خەڵکی ئاوارەی خۆرهەڵاتی ئیدلیب، کە منداڵ و پیریشیان تێدایە، ئەزمونی دۆخێكی "کارەساتبار" دەکەکەن بەهۆی نەبوونی پێداویستییه بنەڕەتییهكانی ژیانەوە.
کەمپێکی نافەرمییان دامەزراندووە لەنێوان شارۆچکەکانی غەدفە و مەعرشورین کە کارەبا و ئاو و پاکژی نیە و لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە مرۆییەکانەوە پشتگوێخراوە.
![ئاوارەکان کە لە ناوچە نائارامەکانی خۆرهەڵاتی ئیدلیب هەڵاتوون، خێمەیەك دادەنێن لە کەمپێکی نافەرمیدا لە پارێزگاکە بۆ هەڵاتن لە تۆپباران. [خاوەنی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]](/cnmi_di/images/2018/09/10/14380-Syria-Idlib-tent-600_384.jpg)
ئاوارەکان کە لە ناوچە نائارامەکانی خۆرهەڵاتی ئیدلیب هەڵاتوون، خێمەیەك دادەنێن لە کەمپێکی نافەرمیدا لە پارێزگاکە بۆ هەڵاتن لە تۆپباران. [خاوەنی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]
ئیدلیبی وتی ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان وەستێنراون لە ئەنجامی ئەو کۆتوبەندانەی لەلایەن هاوپەیمانی توندڕەوی تەحریر شامەوە سەپێنراو بەسەر رێکخراوەکانی کۆمەكدا، کە ماوەیەکە چالاکوانان و خۆبەخشان و کارمەندەکانی فریاگوزاری بێزاردەکات.
وتی بەگوێرەی چاودێریکردنی خودی خۆم لەکاتی سەردانەکانمدا بۆ کەمپەکە و زانیاریی بەدەستهێنراو لە دانیشتوانی کەمپەکەوە، سیستمی پاکژی پێکدێت لەو رێچکانەی لەلایەن دانیشتوانی کەمپەکە خۆیانەوە هەڵکەنراون و بەتەواوی دیارن.
وتی ئەمە پاکژنیە و دەکرێت ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مێروو، بەتایبەتی کاتێك پلەی گەرما لەسەروو 40 پلەی سەدییەوەیە.
وتیشی ئاو بە کەمی دەستدەکەوێت و کاتێکیش کە هەیە، بۆ خواردنەوە ناشێت.
وتی کەمپی نافەرمیی هاوشێوەش لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە بڵاوبوونهتەوە و دانیشتوانی ئەو ناوچانە تێیدا نیشتەجێبوون کە نزیك ناوچەکانی ژێردەستی رژێمن و رووبەڕووی تۆپبارانی سەخت بوونەتەوە، كه ناچاریکردوون بۆ ناوچە ئارامترەکانی ناوەوە بڕۆن.
ههروهها وتی ئەوان لەو کەمپانەدا نیشتەجێبوون چونکە نرخی کرێ بەرزە و پێیان دابیننهدهكرا.
ناسراوترینی ئەو کەمپانە ئەوانەن کە بەشێوەی نافەرمی نزیك شارۆچکەی سورمانی باشوری ئیدلیب دامەزرێنراون، کە دانیشتوانیان کەمپە نافەرمییەکانی نزیك جسر شوغوریان جێهێشت کە خۆیان دایانمەزراندبوون کاتێك رووبەڕووی تۆپبارانی رۆژانە دهبوونەوە.
تۆپباران لە ئیدلیب دەستپێدەکاتەوە
روانگەی سوری بۆ چاودێریكردنی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه هێزی ئاسمانی رژێم و روسیا بە موشەك و بۆمبی بەرمیلی لە ئیدلیبیان دا یەکشەممە (9 ئاب) و لانیکەم دوو منداڵیان کوشت.
ئهوه دووەم رۆژی بۆمباران بوو لە پارێزگاکە و ناوچەکانی هاوسێی، دوای ئەوەی دانوستانکارە سەرەکییەکان لە تاران نەگەیشتنە رێکەوتن بۆ رێگرتن لە هێرشەکەی حکومەت.
بەڕێوەبەری روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی: "کۆپتەرەکانی رژێم زیاد لە 60 بۆمبی بەرمیلیان بەسەر گوندی حوبەیتدا بەردایەوە لە ناوچە گوندنشینەکانی باشوری ئیدلیب."
وتی هەڵمەتەکە لانیکەم دوو منداڵی کوشت و شەش کەسی دیکەی بریندارکرد.
وتیشی لە پارێزگای حەممای هاوسێی، فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا زیاد لە 10 هێرشیان ئەنجامدا بۆسەر پێگەکانی ئۆپۆزسیۆن لە گوندی لهتامنه.
هێرشەکان پێنج چەکداریان کوشت و نەخۆشخانە ژێرزەمینییهكهی گوندەکەیان لەکارخست، تەنیا رۆژێك دوای ئەوەی هێرشەکان دهزگایهكی تەندروستی هاوشێوەیان لە شارۆچکەی هاس له باشوری ئیدلیب لەکارخست.
روانگەکە رایگەیاند كه هێرشەکان دواتر له یەكشەممەدا کەمتربوونەوە.
بەگوێرەی روانگەکە هەندێك لە سەختترین بۆمبارانەکان لەماوەی چەند هەفتەیەكدا لە ئیدلیب و ناوچەکانی دەوروبەریان دا و لانیکەم نۆ مەدەنییان کوشت.
دووشەممە، سەرۆکی نوێی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشدارییدا لەوەی كه ئهگهر ئۆپەراسیۆنی بهرفراوان دژی ئیدلیب ئهنجامبدرێت دهشێت "خراپترین کارەساتی مرۆیی" ئهم سەدەیەی لێبكهوێتهوه.
مارك لۆكۆك لە جنێڤ بە رۆژنامەوانانی وت: "دەبێت چەند رێگەیەك هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کە نەبێتە هۆی ئەوەی ئیدلیب رووبەڕووی خراپترین کارەساتی مرۆیی ببێتەوە لە چەند مانگی داهاتوودا و زۆرترین قوربانیی سەدەی 21ی لێبکەوێتەوە."
دهتوانن لێكۆڵینهوهیهكی مهیدانی بكهن دهربارهی كهمپه سنووریهكانی ئهتمه؟
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت