چەند هێرشێکی ئاسمانی بەهێز لە دەوربەری خۆرئاوای ئیدلیب بوونه هۆی ئاوارەبوونێکی فراوانی خەڵکەکە، بەتایبەتی لە ناوچەی جسر شوغورەوە، چالاکوانانی سوری وتیان.
فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا و سوریا سێشەممە (4 ئەیلول) دهستیانكرده كۆمه‌ڵێك هێرشی ئاسمانی بەهێزلە شارۆچکە و گوندەکانی خۆرئاوای پارێزگای ئیدلیب و خۆرئاوا و باکوری خۆرئاوای پارێزگای حەمما، چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی وتی.
ئیدلیبی بە دیارونای وت کوشندەترین گورز بەر شارۆچکەکانی جانودیە، بەدریە و کەفردین کەوت، کە لانیکەم پێنج کەس کوژران. وتی چەندین قوربانییش لە مەحەمبەل هەبوون، کە بازاڕی شارۆچکەکە کرابووە ئامانج.
روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه لانیکەم نۆ مەدەنی کوژران، لەنێویاندا پێنج منداڵی سەر بە یەك خێزان، لەکاتێکدا 10 کەس برینداربوون.
![لەدوورەوە بەرزبوونەوەی دوکەڵ دەبینرێت دوای هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر شارۆچکەی سەحان له ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]](/cnmi_di/images/2018/09/05/14324-Syria-Idlib-airstrike-600_384.jpg)
لەدوورەوە بەرزبوونەوەی دوکەڵ دەبینرێت دوای هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر شارۆچکەی سەحان له ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]
ئیدلیبی وتی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی ناوچەکە چارەسەریان بۆ دەکرێت.
هێرشە ئاسمانیەکانی سەر ئیدلیب دوای زیاد لە 22 رۆژ راوەستان دەستیانپێکردەوە.
ئیدلیبی وتی ئەو گوندانەی هێرشیان کرابووەسەر لە ناوچەکانی جسر شوغور و سەهل غاب بوون.
ئه‌وانه‌ش بریتین له مەحەمبەل، حرس بەسەنقول، کەفردین، بەشلامون، بەیدەر شەمسو، تەل ئەعوهر، بەدریە، سەحن، مەنسورە، مشیك، سرمانیە، شوغور، ئینب، غانی، سەریریف، جەدرایا و سەهل روجی.
شەپۆلێك له ئاوارەیی
چالاکوانێكی خه‌ڵكی ئیدلیب، موسعەب عەساف وتی: "شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەیی بەڕێوەیە لە ناوچەی جسر شوغور و ناوچه گوندنشینه‌كانی خۆرئاوای ئیدلیبەوە بەرەو ناوچەکانی ناوەندی پارێزگای ئیدلیب، چونکە خەڵكه‌كه هەوڵدەده‌ن هەڵبێن لە تۆپباران و هێرشی ئاسمانی."
عەساف بە دیارونای وت: "موشەکهاوێژەکانی رژێمی سوریا کە لە دەوروبەری لازقیە دانراون تۆپبارانی هەمان ئەو ناوچانە دەکەن کە هێرشی ئاسمانییان دەکرێتەسەر."
وتی ناوچەکانی دیکە کە رووبەڕووی تۆپباران بوونەتەوە شارۆچکەکانی سەرمین، سەرمەدا، ئەریحا، مەعاقە، زیادیە، زیارە، قەرقور و بەدامەن.
عەساف وتی سەرەڕای دەنگۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رژێم، دەستپێکردنەوەی تۆپباران و هێرشە ئاسمانیەکان بۆ مەدەنیەکان جێی سەرسوڕمان بوو.
وتی: "زۆربەی خەڵك پێشبینی ئەوەیاندەکرد کە چارەسەرێکی سیاسی ناوچەکە بپارێزرێت لە دووبارە رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وێرانکاریی شەڕ."
نەتەوە یەکگرتوەکان و گروپە کۆمەکبەخشهكانی دی هۆشدارییانداوە کە هێرشێكی ته‌واوه‌تی دەکرێت یەکێك لە خراپترین کارەساتەکانی ئەو شەڕە بخوڵقێنێت کە لە ماوەی حەوت ساڵدا 350,000 کەسی کوشتووە و 11 ملیۆن کەسی ئاوارەکردووە.
گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی ئەم هەفتەیە جەختیکردەوە لەوەی هێرشێکی وێرانکەر لە ئیدلیب دەکرێت و دەشبێت رێی لێبگیرێت و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دەست بە دانوستان بکەنەوە.
لە چەند وتەیەکدا کە چوارشەممە لە حوڕییەت دەیلی بڵاوکرایەوە، سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان باسی لە "پرۆسەیەکی زۆر بێبەزەییانە" کرد کە لە ئیدلیب دەستپێدەکات و هۆشدارییدا لە مەترسی شەڕێكی سەخت کە دەبێتە هۆی شەپۆلی ئاوارەیی.
گفتوگۆکان ته‌ركیزیان له‌سه‌ر ئیدلیبه
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان هەینی کۆدەبێتەوە بۆ باسکردنی دۆخی ئیدلیب بەهۆی ترسێكی زیاده‌وه لە هێرش و ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.
لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشدارییدا لە ئەگەری "خوێنڕژان" لە پارێزگای ئیدلیب، ئەمریکا سێشەممە هۆشدارییدا بە سەرۆك بەشار ئەسەد کە "خێرا و گونجاو" وەڵامدەداتەوە گەر چەکی کیمیایی دژی خەڵکی خۆی بەکاربهێنێت.
ئەردۆگان و سەرۆکەکانی ئێران و روسیا هەینی لە تاران پێکدەگەن بۆ گفتوگۆیەك کە چاوەڕواندەکرێت دەربارەی ئیدلیب بێت.
نوێنەری ئاشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سوریا ستافن دی میستو‌را وتی روسیا و تورکیا "کلیلی" چارەسەرێکی نەرمیان بۆ کێشەی ئیدلیب بەدەستەوەیە و تکای لێکردن کە یارمەتی بدەن لە بەرگرتن بە قەیرانێکی مرۆیی.
دی میستو‌را ئاماژەیكرد بەو راپۆرتە رۆژنامەوانیانە کە باس لەوە دەکەن سوریا 10 ئەیلولی بە دوا وادە داناوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك پێشئەوەی دەستبکات بە هێرشێکی تەواوەتی بۆسەر پارێزگاکە.
دی میستو‌را وتی: "با هەوڵبدەین رێگربین لەوەی کە رەنگە دوایین شەڕ له‌سه‌ر خاکی سوریا ... بە خوێنڕژان کۆتایی بێت."
ئه‌ردۆگان و خامه‌نه‌یی به‌رپرسیارن له روودانی ئه‌م هه‌موو كێشانه، چونكه ئه‌وان نیگه‌رانن له بوونی كیانێكی سیاسی بۆ كوردانی سوریا. هه‌روه‌ها، ئه‌وان گرنگی به ده‌رئه‌نجامه‌كانی ناده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه خوێنڕێژی لێبكه‌وێته‌وه - یان كوشت و كوشتار، وه‌ك ئێوه ده‌ڵێن. پێویسته توركیا، سوریا، ئێران و عێراق ده‌ست له كوشتن و له سێداره‌دانی كورده‌كان هه‌ڵبگرن؛ چونكه ئه‌وان خاوه‌نی خاكێكی جیاوازن و كه‌لتورێكی جیاوازیان هه‌یه. كێشه‌ی سه‌ره‌كیی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بریتییه له پشتگوێخستنی مافی 80 ملیۆن كورد له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و چوار وڵاته‌ش كه به‌رهه‌مهێنه‌ری تیرۆریزم. پێویسته جیهان داوای لێخۆشبوو‌ن له كورده‌كان بكات؛ چونكه ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌و چوار وڵاته‌وه داگیركراوه كه پێشتر ناومهێنان و به سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. ئه‌وان رۆژانه ئه‌و خه‌ڵكه ده‌چه‌وسێننه‌وه به به‌كارهێنانی چه‌ندین شێوازی نامرۆڤانه. ئه‌ی موسڵمانان! بگه‌ڕێنه‌وه لای خوا، بۆئه‌وه‌ی به‌ر میهره‌بانیی ئه‌و بكه‌ون. ئه‌و په‌تایه‌ی عێراق و سوریا تووشیبوون، ئێستاكه خه‌ریكه تووشی ئێران و توركیاش ده‌بێت. هۆكاری [ئه‌م په‌تایه] چه‌وساندنه‌وه و نادادپهروهریكردنه به‌رامبه‌ر كورده‌كان كه ئێمه به‌ناوی ئایینه‌وه بهسهریاندههێنین. خه‌ڵك راده‌په‌ڕن و یاخیده‌بن له هه‌رشوێنێك كه نادادپه‌روه‌ری و نا یه‌كسانی لێ‌بوو، كه ده‌بنه هۆی نائه‌منیه‌ت و خوێنڕێژی.
وه‌ڵام بده‌ره‌وه1 كۆمێنت