هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هەواڵگریی عێراق شانەیەکی داعش هەڵدەوەشێنێتەوە لە رەمادی

خالید تائی

لەم وێنەیەدا کە 8 تەمموز لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، سەربازانی عێراقی دەبینرێن کە گومانلێکراوانی پەیوەست بە تیرۆر دەستگیردەکەن لە ئۆپەراسیۆنێکی شه‌نوكه‌وكردندا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

لەم وێنەیەدا کە 8 تەمموز لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، سەربازانی عێراقی دەبینرێن کە گومانلێکراوانی پەیوەست بە تیرۆر دەستگیردەکەن لە ئۆپەراسیۆنێکی شه‌نوكه‌وكردندا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هەواڵگریی سەربازیی عێراق یەکشەممە (2 ئەیلول) شانەیەکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ی هەڵوەشاندەوە کە ماوەیەك بوو پلانی هێرشی تیرۆریستی دادەنا بۆ سەر شاری رەمادی له‌ پارێزگای ئەنبار، بەرپرسانی عێراقی وتیان.

قائیمقامی رەمادی ئیبراهیم عەوسەج وتی بەهۆی ئاستی باڵای هاریکارییه‌وه‌ له‌نێوان دامودەزگا ئەمنییه‌كان و خەڵکی ناوچەکەدا شانەکە دۆزرایەوە.

بە دیارونای وت: "هەوڵه‌ ئەمنییه‌كان، لەدوای کۆتایی شەڕی دژی داعش، گۆڕاون لە هەوڵی شەڕەوە بۆ هەوڵی هەواڵگری."

وتی: "ئاستی باڵای هەماهەنگیی نێوان دوو لایەنەکە، هه‌روه‌ها لەنێوان دەزگا ئەمنیەکانیشدا -- پۆلیس، سوپا، ئاسایشی نیشتیمانی، هەواڵگری -- بۆتە هۆی دەرخستنی زۆر شانەی نوستووی داعش و چالاکیەکانیان لە شارەکان و بیاباندا."

لەم وێنەیەدا کە 7 تەمموز لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە ئەفسەرانی عێراقی دەبینرێن کە بازگەیەك ده‌پشكنن لە باکوری رەمادی. [خاوەنی وێنە: لیوای 41ی پیادە، نوسینگەی زانیاری فیرقەی 10]

لەم وێنەیەدا کە 7 تەمموز لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە ئەفسەرانی عێراقی دەبینرێن کە بازگەیەك ده‌پشكنن لە باکوری رەمادی. [خاوەنی وێنە: لیوای 41ی پیادە، نوسینگەی زانیاری فیرقەی 10]

عەوسەج وتی بەمدواییانە، یەکە هەواڵگرییەکانی فیرقەی 10ی سوپا شانەیەکی نوستووی داعشیان لەناوبرد لە رەمادی، کە پێکهاتبوو لە هەشت ئەندام کە لەلایەن دادوەریی عێراقەوە داواکرابوون.

وتی زانیاری هەواڵگریی دراو لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە سەریکێشا بۆ دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردنی ئەندامانی شانەکە کە پلانیان دانابوو بۆ هێرشکردنە سەر مەدەنیەکان و کارمەندانی ئەمنی لە زەنکورە، سەفریە، قەتنیە و ئەلبو جوبەیر لە خۆرئاوای رەمادی.

ئاسایشی باشتربوو لە شارەکانی ئەنبار

عەوسەج وتی: "ئەمە سەرکەوتنێکی نوێیە بۆ زنجیرەی سەرکەوتنە ئەمنیەکان کە بەدەستهاتوون و یارمەتی بەهێزبوونی سەقامگیری و ئارامییان داوە لە هەموو شارەکانی ئەنبار، نەك تەنیا رەمادی."

ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ دەرفەتەکان بۆ دزەکردنی توندڕەوان بۆ نێو شارەکە دانسقەن بەهۆی پشتێنەی توندی ئەمنییه‌وه‌ بە چواردەوری رەمادیدا.

وتی بەڵام هەوڵی زیاتر پێویستە بۆ چاودێریكردن و شوێنپێهەڵگرتنی پاشماوەکانی داعش، بەتایبەتی لە باکور و باشوری شارەکە، کە کراوه‌ن بەڕووی بیاباندا.

باکوری شارەکە کراوەیە بەڕووی ناوچە بیابانیەکانی دوورگەی رەمادی و سەرساردا، لەکاتێکدا بەشی باشوری کراوەیە بەڕووی بیابانی نوخەیب و روتبەدا.

وتی: "داعش هەمیشە بەدوای خەلەلێکدا دەگەڕێت بۆ دزەپێکردنی ئەندامانی بۆ ناو شارەکان و ئەنجامدانی هێرش دژی هاوڵاتیانی بێتاوان."

وتیشی گروپەکە هەوڵی دروستکردنی شانەی نوستووش دەدات "کە بەرپرسن لە کۆکردنەوەی زانیاری" و گواستنەوەی ئەو زانیاریانە بۆ سەرکردەکانی.

هه‌روه‌ها وتی: "دەستێوەردانی ئەمنی و ئۆپەراسیۆنی دەستپێشخەرانە کاریگەرییەکی سەرەکییان هەبووە و زۆر هێرش پوچەڵکراونەتەوە پێشئەوەی بتوانرێت ئەنجامبدرێن."

"لەهەر دۆخێکدا بێت تیرۆریستان نەپارێزراون لەوەی شوێنپێیان هەڵبگیرێت و لێیانبدرێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500