هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسداران ئامانجەکانی ئێران لە سوریا پێشدەخەن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

چەکدارانی حیزبوڵا داره‌مه‌یتی یەکێك لە هاوڕێکانیان هەڵدەگرن کە لە شەڕی سوریادا کوژراوە. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

چەکدارانی حیزبوڵا داره‌مه‌یتی یەکێك لە هاوڕێکانیان هەڵدەگرن کە لە شەڕی سوریادا کوژراوە. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

شارەزایان دەڵێن لەڕێی ناردنی میلیشیاکانیەوە بۆ سوریا، سوپای پاسدارانی ئێران دەیەوێت رەوشێکی ناجێگیری بەردەوام دروستبکات بۆئەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆی پێشبخات.

دەڵێن سوپای پاسداران خوڵقێنەری نائارامییە لە سوریا لەڕێی بەربڵاوکردنەوەی مەزهەبگەرایی، کە دابەشکاری لەنێوان سوریەکاندا خراپتردەکات.

چالاکوانی بواری میدیا لە حەلەب، فەیسەڵ ئەحمەد بە دیارونای وت: "رووداوەکانی سوریا هەلێکی زێڕینن بۆ سوپای پاسداران بۆئەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەردەوام بەرفراوانبکات."

وتی سوپای پاسداران شه‌ڕه‌كه‌ی لە سوریا هەر لە سەرەتاوە قۆستەوە لەڕێی ناردنی میلیشیا هەوادارەکانیەوە لە عێراق و لوبنان و ئەفغانستانەوە، دواتریش میلیشیای هەواداری لە سوریا دروستکرد لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی سوپای پاسداراندا.

چەکدارانی بزووتنەوەی نوجەبای سەربە سوپای پاسداران لەسەر شەقامێك لە سوریا وەستاون. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

چەکدارانی بزووتنەوەی نوجەبای سەربە سوپای پاسداران لەسەر شەقامێك لە سوریا وەستاون. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

وتی چەندین ئامانج لە پشتی دەستوەردانی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە لە سوریا، وەك خواستی مسۆگه‌ركردنی رێگایەکی وشکانی بۆ بەستنەوەی تاران بە بەیروتەوە.

ناوبراو وتی: "نەخشەی بووونی سوپای پاسداران لەسەر زەمین چەندین ناوچەی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە نەوت و فسفۆڕ و ئاسنی بەنرخیان تێدایه‌" و ئاماژه‌شی كرد به‌وقازانجە ئابوریانه‌ی کە ئێران پێشبینی دەستخستنیان دەکاتلەو بەشداربوونەی لە قەیرانەکەدا.

ئەحمەد وتی زۆربوونی میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بازاڕێكی گەورەش دەکاتەوە بۆ کەلوپەلی ئێرانی لەو بەشانەی سوریادا کە لەڕێیانه‌وه‌ سوپای پاسداران هەوڵدەدات باری ئابوری ئێران هێوربکاته‌وه‌.

میلیشیاکانی سەر بە ئێران

میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران لە سوریا بریتین لە کەتیبەی ئیمام عەلی کە عێراقییە، کەتیبەکانی نوجابەی حیزبوڵا، کەتیبەکانی سەید شوهەدا، بزووتنەوەی عەبدال، کەتیبەی ئەبوفازیلی عەباس و کەتیبەی زولفەقار، ئەحمەد وتی.

وتیشی ئه‌و میلیشیا لوبنانیانه‌ی ئێران پشتگیرییان دەکات لە سوریا بریتین لە حیزبوڵا و سه‌رایا تەوحید لەگەڵ کەتیبەی فاتیمیونی ئەفغانی و کەتیبەی زەینەبیونی پاکستانی.

میلیشیا سوریەکانیشی بریتین لە کەتیبەی سەیدە روقییە، هێزی 313، غالیبوون، مقاوەمەی ئیسلامی لە سوریا و کەتیبەی زەهرا.

لێکۆڵەر لە ناوه‌ندی شەرق بۆ زانسته‌ ستراتیژییه‌كان، فاتیح سەید، کە شرۆڤەکاری تایبەتی کاروباری ئێرانە، وتی سوپای پاسداران ئامانجی "دابەشکردن و داگیرکردنی" سوریا و لوبنان و وڵاتانی دیکەیە کە دەیەوێت کاریگەریی تێیاندا هەبێت.

سەید بە دیارونای وت بۆ ئەو مەبەستەش سەرنجیان لەسەر دامەزراندنی شانەی سەربازییە بۆ ئەوەی پلانەکانیان جێبەجێبكه‌ن لەڕێی چاندنی تۆوی دەمارگیریی مەزهەبگەراییه‌وه‌.

وتی: "دوای ئەوەی سەرکەوتوودەبێت لە نانه‌وه‌ی پشێوی، قۆناغی دووەم دەستپێدەکات، کە تێیدا ئەو شانانە دەبنە گروپی چەکدار و میلیشیا."

لە رەوشی سوریادا، ئەو میلیشیایانە بەئاشکرا دەرکەوتن لە زۆربەی ئه‌و ناوچانه‌دا كه‌ شەڕیان تێدابوو لەنێوان هێزەکانی رژێم و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆندا.

وتی سوپای پاسداران سەرەتا چەکدارانی بیانی ناردە ناو میلیشیا هەوادارەکانیەوە لە سوریا چونکە ژمارەی چەکدارە سوریەکان کەمبوو.

وتی: "ئێستاش دوای حەوت ساڵ شه‌ڕ رەوشەکە گۆڕاوە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ میلیشیا سوریەکانی هەواداری سوپای پاسداران ئێستا چالاکانە بوونیان هەیە.

پێدەچێت رەوشەکە خراپترببێت

رۆژنامەوانی سوری محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت ئه‌و میلیشیانه‌ی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتن، لە هەر وڵاتێکدا بن پشێوی دروستدەکەن، ئەمەش بەدڵنیاییەوە هەمان بابەتە بۆ ئه‌و میلیشیانه‌ی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کۆنترۆڵدەکرێن لە سوریا.

وتی:" رەوشی ناجێگیر و بەردەوامیی بارگرژیەکان و دابەشکاریەکان رێگایان بۆ سوپای پاسداران واڵاکردووە مامەڵە بە سەرچاوەکانی دەوڵەتی سوریاوە بکات."

وتیشی تەنانەت گەر سوپای پاسداران رایبگەیەنێت هێزەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە، هێشتا بوونی دەبێت لەڕێی ئەو میلیشیایانەوە.

عەبدوڵا هۆشداریدا کە ئەو رەوشە ناجێگیرەی بەهۆی زۆربوونی ئەو میلیشیایانەوە دروستبووە پێدەچێت لە قۆناغی داهاتوودا خراپترببێت.

وتی هێزەکانی رژێمی سوریا دەگەنە رێکەوتن لەگەڵ گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن، کە چەك دادەنێن، لەکاتێكدا "میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسداران هێشتا چەکدارن، تەنانەت لەو ناوچانەش کە شەڕ تێیاندا بەتەواوی وەستاوە."

وتی ئەوەش کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی سوری و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسداران دەتوانن کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر سوریەکاندا بسەپێنن بە زەبری هێز و چەك.

هۆشداریشیدا له‌وه‌ی سەرکردە و چەکدارەکانی ئەو میلیشیایانە "دەسەڵاتی تەواویان هەیە بێن و بڕۆن و چیان بوێت بیکەن بەئارەزووی خۆیان، چونکە سوپا و دەوڵەتی سوریا هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریانەوە نیە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500